شارپرێس:
پێچهوانهى دهنگى
تهقینهوهو فڕۆكهو موشهكو درۆنهكانى (ئێران، ئیسرائیلو ئهمریكا) لەڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست، لەناو داڕێژەرانی بڕیار لەواشنتۆن دەنگێکی دیکە دەبیسترێت؛ دەنگی بێدەنگییەکی
پڕ لەگومان، جیهان چاوەڕێی ئەوەبوو جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا، وەک هەمیشە
سەرسەختترین داکۆکیکاربێت لەبڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، بەڵام شەڕی ئێران هاوکێشەکەی
گۆڕیی.
بێدەنگییەک لەڕەنگی
خیانەت لەپرەنسیپ
دوای دوو هەفتە
لەهەڵگیرسانی جەنگ، ڤانس نەک هەر وەک جاران بەجۆشو خرۆشەوە دەرنەکەوت، بەڵکو پەنای
بۆ وشەی تەمومژاوی برد، کاتێک لەویلایەتی کارۆلینای باکور ڕوبەڕوی پرسیاری ڕۆژنامەنوسان
بوەوە سەبارەت بەو ئامۆژگارییانەی پێشکەشی ترەمپی کردوە، بەتەنزهوە وتی،
"نامەوێت نائومێدتان بکەم، بەڵام لێرەداو لەبەردەم خوداو هەمواندا، ناڵێم لەو
ژورە نهێنییەدا (ژوری ئۆپەراسیۆنەکان) چی وتراوە".
ئەم لێدوانە، وەک
تۆڕی CNN ئاماژەی
پێداوە، تەنها پاراستنی نهێنییە سەربازییەکان نەبوو، بەڵکو هەوڵێکبوو بۆ خۆدزینەوە
لەبەرپرسیارێتییەکی سیاسیی کە ڕەنگە لەداهاتودا ببێتە بارگرانییەکی قورس لەسەرشانی.
ترەمپ دانی پێدا
دەنێت "ڤانس کەمتر بەپەرۆش بوو"
ئەو درزەی کە میدیاکان
باسیان دەکرد، ترەمپ خۆی بەجۆرێک لەجۆرەکان پشتڕاستیکردەوە، کاتێک پرسیاری لێکرا
ئایا جیاوازییان هەیە؟ ترەمپ بەشێوەیەکی دیپلۆماسی وتی، "لەڕوی فەلسەفییەوە کەمێک
لەمن جیاوازبوو، ڕەنگە کەمتر بەپەرۆش بوبێت بۆ ڕۆیشتن بۆ شەڕ، بەڵام ئێستا بەپەرۆشە".
ئەم دەستەواژەیەی
"کەمتر بەپەرۆش" کورتکراوەی ململانێیەکی قووڵە لەنێوان دوو دیدگادا، دیدگای
ترەمپ کە دەیەوێت بەهێزی سەربازیی یەکلاکەرەوە پێگەی ئەمریکا بسەلمێنێتو دیدگای ڤانس
کە وەک پۆپۆلیستێکی نوێ شەڕی وڵاتانی دورەدەست بەبەفیڕۆدانی سەرچاوەکان دەبینێت.
گرەوی 2028و ترسی
شەڕە ئەبەدییەکان
بۆچی ڤانس دەترسێت؟
مێژوی ئەم پیاوە پڕە لەلێدوانی دژ بەجەنگی ئێران، لەساڵی 2024دا وتبوی شەڕی ئێران
لەبەرژەوەندی ئەمریکادا نییە، ئێستا کە ئەو لەلوتکەی دەسەڵاتدایە، دەزانێت هەر
شکستییەک یان تێوەگلانێکی درێژخایەن لەم شەڕەدا، خەونی بونی بەسەرۆک لەساڵی 2028دا
لەناودەبات.
ڤانس ئێستا وەک
"پاسەوانێکی ناچار" دەردەکەوێت؛ لەچاوپێکەوتنەکانیدا تەنها دەڵێت،
"سەرۆک وای بڕیاردا" یان "سەرۆک وای بینی"، وەک ئەوەی بیەوێت
بەجیهان بڵێت، "ئەمە شەڕی ترەمپە، نەک من".
شەڕ لەدەرەوەو
درز لەناوەوە
لەکاتێکدا واشنتۆن
باس لەیەکڕیزیی دەکات، بێدەنگییەکەی ڤانسو دانپێدانانە ناڕاستەوخۆکانی ترەمپ دەیسەلمێنن
کە لەناو جەرگەی کۆشکی سپیدا، هەموان قەناعەتیان بەم جەنگە نییە، پرسیارە جەوهەرییەکە
ئەوەیە، ئەگەر شەڕەکە درێژە بکێشێت، ئایا ڤانس بەردەوامدەبێت لەم بێدەنگییە تاکتیکییە،
یان درزەکە دەبێتە كهلێنێكى گەورە کە بنکەی جەماوەریی ترەمپ (ماگا) دابەشدەکات؟.
لەدەرەنجامی ئەم
تەمومژەدا، بێدەنگیی جەی دی ڤانس وەک تاقیکردنەوەیەکی گەورە بۆ یەکگرتویی باڵی
ماگا دەمێنێتەوە، لەنێوان حەماسەتی ترەمپ بۆ جەنگو ساردو سڕیى فەلسەفیی جێگرەکەیدا،
جۆرێک لەدابەشبونی ئەرکەکان یان ململانێی ئایدۆلۆژی دروستبوە کە ناتوانرێت چیتر تەنها
بەنهێنییەکانی ژوری ئۆپەراسیۆنەکان دابپۆشرێت.
ئەم دیمەنە سیاسییە
نوێیە نیشانیدەدات کە جەنگی ئێران تەنها ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازیی دەرەکی نییە، بەڵکو
بوەتە هۆکارێک بۆ دەرکەوتنی درزی قووڵ لەناو جەرگەی بڕیاردانی کۆشکی سپیدا؛ درزێک
کە لەلایەکەوە هەوڵی پاراستنی شکۆی سەرۆک دەداتو لەلایەکی دیكهشهوه دەیەوێت ئایندەی
سیاسیی جێگرەکەی لەهەر شکستییەک یان تێوەگلانێکی درێژخایەن بپارێزێت.
