شارپرێس:
جارێکی دیكه شەقامی عێراقیو ناوچەی سەوز کەوتنەوە ژێر سایەی دەنگی تەقینەوەو موشەک، ئەمەش دوای زنجیرەیەک ڕوداوی خوێناوی کە ئاماژەیەکی مەترسیدارن بۆ قۆناغێکی نوێ لەڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ.
هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمریکا
دوای زنجیرەیەک هێرش بۆسەر بنکە سەربازییەکانیان، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هێرشێکی وردیان ئەنجامدا کە تێیدا چەند سەرکردەیەکی باڵای گروپە چەکدارە نزیکەکان لەئێران کرانە ئامانج، ئەم هێرشە تەنها پەیامێکی سەربازیی نەبوو، بەڵکو گۆڕانکارییەک بوو لەیاساکانی یارییەکە بەرەو لێدانی ڕاستەوخۆی سەرکردایەتییەکان.
وەڵامدانەوەی موشەکی
کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای هێرشى سهر گروپهكانى سهر بهرهى مقاوهمه، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا کرایە ئامانج، کەوتنی موشەکەکان لەدەوروبەری باڵیۆزخانەکە نەک هەر ترسو دڵەڕاوکێی لەناو دڵی پایتەخت دروستکرد، بەڵکو نیشانەی ئەوەبوو کە گروپە چەکدارەکان ئامادەن بۆ کێبڕکێى وهڵامدانهوه.
کاریگەرییەکانو مەترسییەکان
جارێکی دیكه خاکی عێراق دەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش حکومەتی عێراقی خستوەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکانو کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی، ئەمجۆرە پەرەسەندنانە دەبنە هۆی تێکچونی ژیانی ئاساییو ترس لەسەرهەڵدانی شەڕێکی ناوخۆیی یان هەرێمی کە کەس لێی بەدەربازنابێت.
دۆخی ئێستای بەغدا لەسەر لێواری تەقینەوەیە، ئەگەر دیپلۆماسیو دانبەخۆداگرتن جێگەی زمانە توندەکەی چەک نەگرێتەوە، ئەوا عێراق بەرەو ئایندەیەکی نادیار دەڕوات کە تێیدا تەنها هاوڵاتیانی سادە باجەکەی دەدەن.
