شارپرێس:
بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی کە پشتی بە سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بەستووە، تاران تاوتوێی بڕیارێک دەکات بۆ ڕێگەدان بە تێپەڕبوونی ژمارەیەکی دیاریکراو لە نەوتهەڵگرەکان بە گەرووی هورمزدا، بەڵام بە مەرجێکی سەرەکیی: ئەویش ئەنجامدانی مامەڵە نەوتییەکانە بە دراوی "یوانی چینی".
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە ئێرانییە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ستراتیژی نوێی تاراندا دێت بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دۆلاری ئەمریکی و فشارخستنە سەر بازاڕە جیهانییەکان لە سایەی ئەو ململانێ توندەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا هەیەتی.
سەرچاوە باڵاکەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئێران تەنها ڕێگە بەو نەوتهەڵگرانە دەدات بە گەرووەکەدا تێپەڕبن کە بارە نەوتییەکانیان بە یوانی چینی کڕدراوە یان دەفرۆشرێن". ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی دراوە جێگرەوەکان و لاوازکردنی پێگەی دۆلار لە بازاڕی وزەی جیهانیدا دەبینرێت.
لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا، ئەو بەرپرسە ئێرانییە جەختی کردۆتەوە کە تاران ئامادەیە ئاسانکاریی زیاتر بۆ ئەو وڵاتانە بکات کە هەڵوێستی توندیان بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە. پێشتر باس لەوە کرابوو کە هەر وڵاتێکی عەرەبی یان ئەوروپی باڵیۆزانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە وڵاتەکەی دەربکات، مافی تێپەڕبوونی ئازادانەی بە گەرووی هورمزدا پێ دەدرێت.
شارەزایانی ئابووریی هۆشداری دەدەن کە ئەم هەنگاوەی ئێران دەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخی وزە و فشارێکی زۆر دەخاتە سەر سیستەمی دارایی جیهانیی کە پشت بە دۆلار دەبەستێت.