شارپرێس:
ئەو بەرەبەیانەی
28ی شوبات کە بڕیاربوو کۆتایی بە"سەری مارەکە" بهێنێت، بوو بەکڵپەیەک کە
هەموو هاوکێشە جێگیرەکانی جیهانی سوتاند، هێرشە هاوبەشەکەی واشنتۆنو تەلئەبیب بۆ
سەر جومگە هەستیارەکانی بڕیار لەتاران، نەک هەر نەبوە هۆی ڕوخانی دەسەڵاتهكه، بەڵکو
دێوەزمەیەکی نوێی لەناو جەرگەی خۆڵەمێشەکەدا ڕەها کرد.
لقی سێبەری ئێران..
کاتێک سیستەم نامرێت
هەموو گریمانە هەواڵگرییەکان
وابون کە بەلێدانی ڕێبەرایەتی باڵا، ئێران دەچێتە ناو پشێوییەوە، بەڵام سیستەمی
نامەرکەزییو پلانی سێبەر وایکرد تاران نەک هەر بەرگە بگرێت، بەڵکو بەبارانێکی موشەکیی
هەرزانبهها، قەڵغانی ئاسنینو سیستەمە گرانبەهاکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا بخاتە
ناو تاقیكردنەوەیەک کە تێچوەکەی بەملیارەها دۆلار دەخەمڵێنرێت.
سەرهەڵدانی موجتەبا..
ژەهر یان دژه ژههر؟
لەنێوان دووکەڵی
تەقینەوەکاندا، ناوی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێو میراتگری خوێنی باوکی دەرکەوت،
ئێستا جیهان لەبەردەم پرسیارێکی گەورەدایە، ئایا فەتوای حەرامکردنی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ
خامنەیی باوکدا نێژرا؟ ئاماژەکان ترسناکن؛ دەسەڵاتە نوێیەکەی تاران کە بۆ مانەوەی
خۆی شەڕدەکات، دەیەوێت بەرگریی ئەتۆمی بکاتە تاقە دەستەبژێر، ئەمەش واتا گۆڕینی ئێران
بۆ کۆریای باکور لەدڵی وزەی جیهاندا.
ناتانیاهۆو داوی
ئیسرائیلکردنی ناوچەکە
شیکەرەوەکان دەڵێن،
بنیامین ناتانیاهۆ سەرکەوتوبوو لەپەلکێشکردنی هەموان، شەڕەکە چیتر تەنها تارانو تەلئەبیب
نییە؛ واشنتۆنو پایتەختەکانی کەنداو بەزۆر ڕاکێشرانە ناو گێژاوەکە.
وهكو چاودێران
باسیانكردوه، ئامانجی دورمەودای ئیسرائیل لێرەدا ڕونە، ئهویش بریتییه لهدوای شەکەتکردنی
تارانو لاوازکردنی ئابوریی کەنداو، تەلئەبیب ببێتە تاقە چەقو جەمسەری ئەمنیو سیاسیی
ناوچەکە لهڕۆژههڵاتى ناوهڕاستدا.
ئابورییەک کە دەسوتێت..
بەرمیلێک نهوت بە 120 دۆلار
لەکاتێکدا
ئاسمانی ناوچەکە بەموشەک سوربوە، بازاڕەکانی جیهان لەناو تایەکی ئابوریدا دەکوڵێن،
گەروی هورمز بوەتە ناوچەی مەرگ، بەرزبونەوەی نرخی نەوت بۆ 120 دۆلار، جیهانی خستوەتە
بەردەم قەیرانێکی وزە کە توندترە لەساڵانی حەفتاکان.
چوار ڕێگەکەی دۆزەخ
ئێستا جیهان لەبەردەم
چوار دەرگادایە، یان ڤێتنامێکی نوێ کە شکۆی ئەمریکا لەلمدا نوقم دەکات، یان شەڕێکی
گشتگیری ناوچەیی کە هەموو کەس دەخوات، یان ڕاگەیاندنی بۆمبی ئەتۆمی تاران، وەک دواین
بژاردە بۆ مانەوە، بەڵام بژاردەی چوارەم کە لەپشت پەردەکانەوە باسی لێوەدەکرێت، ڕێککەوتنە
گەورەکەیە؛ ئهویش داڕمانی ئابوری جیهان ڕەنگە واشنتۆن ناچاربکات بەنێوەندگیریی چینو
ڕوسیا، ڕێککەوتنێکی نهێنی لەگەڵ خامنەیی کوڕ ئیمزابکاتو سەرکەوتنێکی وەهمی ڕابگەیەنێت،
تەنها بۆ ئەوەی جیهان لەکارەسات ڕزگاربکات.
لەکاتێکدا جیهان
بەترسەوە چاوەڕێی هەنگاوی داهاتوو دەکات، ناوەندە ستراتیژییەکانی جیهان کۆکن لەسەرئەوەی،
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چوەتە ناو قۆناغی نەگەڕانەوە، وەک شیکەرەوە سیاسییەکان ئاماژەی
پێدەدەن؛ ئەوەی ئێستا ڕودەدات تەنها پێکدادانێکی سەربازیی کاتیی نییە، بەڵکو دوبارە
داڕشتنەوەی مێژوە بەئاگرو خوێن.
پرسیاری جەوهەری
کە لەپایتەختە بڕیار بەدەستەکاندا دەوترێتەوە ئەوەیە، ئایا ئەمە تەنها سەرەتای جەهەنەمێکی
نوێیە کە نەخشەی جیهان دەگۆڕێت، یان دوایین هەوڵە بۆ ڕێگریکردن لەقیامەتێکی ئەتۆمیی
کە کەس تێیدا سەرکەوتوو نابێت؟ کات خەریکە تەواو دەبێتو تەنها ڕێککەوتنێکی مەحاڵ
دەتوانێت جیهان لەم قومارە گەورەیە ڕزگاربکات.
