شارپرێس:
لەلێدوانێکی پڕ لەهەڕەشەدا، سەردار شکارچی وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران، تەپڵی شەڕێکی دەرونی نوێی لێداو هێرشێکی توندیکردەسەر شکۆو هێزی ئەمریکا لەناوچەکەدا، هاوكات پهیامێكى پڕ لهتوڕهییشى ئاراستهى وڵاتانى ئیسلامى لهڕۆژههڵاتى ناوهڕاست كرد.
شکانی ئەفسانەی (ئەبراهام لینکۆڵن)
شکارچی بەزمانێکی توند ڕایگەیاند، "ناوچەگەرییو هێزی ئێران وایکردوە ناوی (ئەبراهام لینکۆڵن) کە ڕۆژانێک بۆ ترساندنی گەلانو تاڵانکردنی سەرچاوەکانیان بەکاردەهات، ئێستا بەشکاوییو بەشکستێکی مێژوییەوە ڕابکاتو لەگۆڕەپانی جەنگ بچێتە دەرەوە".
بانگەوازێک بۆ جیهادی یەکگرتوو
چاودێران باس لهوهدهكهن، ئەو پەیامە تەنها هەڕەشە نەبوو، بەڵکو بانگەوازێکی کوتوپڕو لهناكاوه بوو بۆ هەموو وڵاتانی موسڵمان، چونكه شکارچی بەڕاشکاوی وتویهتى، "متمانە بەهێزی پوچی ئەمریکا مەکەن، داوادهكهین وڵاتانی ئیسلامی لەبری پشتبەستن بەواشنتۆن، متمانە بەئێرانی ئیسلامی بکەنو بەرەیەکی یەکگرتوو دژی (کفرو شیرکو نفاق) بەڕێبەرایەتی ئەمریکاو ئیسرائیل، پێکبهێنن".
ئەمریکا؛ زەبەلاحێکی شوشەیی؟
سەردار شکارچی لەقسەکانیدا، وێنەی ئەمریکای وەک "دەسەڵاتێکی لهرزۆک کێشا کە تەنانەت توانای پاراستنی سوپاکەی خۆیشی نەماوە، چ جای بگات بەوەی بتوانێت ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە دابین بکات"، ئەمەش پەیامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە هێشتا چەترە ئەمنییەکەی ئەمریکا بەتاکە ڕێگەی مانەوە دەزانن.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە لەسەر لێواری تەقینەوەیە، تاران لهڕێگهى شكارچییهوه وتى، "سەردەمی ترس لەناوی جەنگییەکانی ئەمریکا کۆتاییهاتوەو کاتی ئەوەهاتوە موسڵمانان لەژێر سێبەری ئێراندا یەکبگرن".
