مانیفێستۆی دامەزراندنی گریمانەیی دەوڵەتی کوردستانیی سەربەخۆ

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 241 جار خوێندراوه‌ته‌وه

پێشەکی
لە سێ دەیەی ڕابردوودا، پڕۆسەکانی جیهانگیریی لەپاڵ گەشەی خێرای تەکنەلۆجیای زانیاری و سۆشیالمیدیا و ژیریی دەستکرد گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە شێوازی پێکهاتنی ناسنامەی کۆمەڵایەتی و سیاسی گرووپ و نەتەوە جیاجیاکاندا دروست کردووە. ئەم گۆڕانکارییە وای کردووە کە چەمکی نەتەوە و دەوڵەت تەنها لە چوارچێوەی سنوورە جوگرافییەکاندا نەمێنێتەوە، بەڵکو لە ڕێی تۆڕی پێوەندیی دیجیتاڵی و بوارە گریمانەییەکانیشدا بەرجەستە ببێت.
 بۆ ئێمەی کوردستانیان وەکو نەتەوەیەکی داگیر و دابەش کراو، کە لە چوار پارچەی جوگرافیی نیشتمانەکەمان و ملیۆنانیشمان لە دیاسپۆرا ژیان بەسەر دەبەن، سۆشیالمیدیا دەرفەتێکی تایبەتی بۆ بنیاتنانی شێوازێکی نوێ لە نیشتمانسازی و یەکێتیی نەتەوەیی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردستانی سەربەخۆ بەشێوەیەکی  گریمانەیی دەستەبەر کردووە.
ئەم پەیامە کە دوو ساڵە کار بۆ داڕشتن و گەڵاڵەکردنی دەکرێت، ئامانجی ئەوەیە کە ڕۆڵی سۆشیالمیدیا لە دروستکردنی بوارێکی گریمانەیی بۆ دەوڵەتداریی کوردی بەیان بکات و میکانیزمە سەرەکییەکانی ئەم پرۆسەیە و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ڕوون بکاتەوە. لە هەمان کاتدا داوا لە کوردستانیان بکات بەشدارییەکی کاریگەر لە بنیاتنانی ئەم ئامانجە پیرۆزەدا بکەن.

چوارچێوەی تیۆریی
لە ڕوانگەی تیۆرییەکانی نەتەوەسازی، نەتەوە لە بنەڕەتدا وەکو “کۆمیونیتییەکی گریمانەیی” ناسێنراوە کە لە ڕێی زمان، مێژوو، کولتوور، چارەنووس و یادەوەریی هاوبەشەوە، تۆڕی پێوەندی لەنێوان ئەندامەکانیدا دروست دەبێت. لەمڕۆدا و لە سایەی پەرەسەندنی تەکنەلۆجی و بەتایبەتیش تەکنەلۆجیاکانی سۆشیالمیدیا ئەم پرۆسەیە زۆر خێراتر بووە، لەبەرئەوەی سۆشیالمیدیا بوارێک دابین دەکات بۆ ئاڵوگۆڕی بەردەوامی بیر و بۆچوون و لەوێشەوە دروستکردنی گوتارێکی هاوبەش. بۆ ئێمەی کورد ئەم شۆڕشە دیجیتاڵییە دەتوانێت ببێتە پنتێک بۆ پڕۆسەی نەتەوەسازی و نیشتمانسازی لە دەرەوەی سنوورە سیاسییە سەپێنراوەکان.
هەر لەم سۆنگەیەشەوە بوار ڕەخساوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردستانیی سەربەخۆ بە شێوە گریمانەییەکەی. دەوڵەتێکی گریمانەیی واتای ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەک لە ڕێی تۆڕە دیجیتاڵییەکانەوە هەستی هاوڵاتیبوون و بەشداریی سیاسی دروست دەکات ئەگەرچی ئەم دەوڵەتە لە ڕووی یاسایی و سیاسیشەوە لە دۆخی ئێستادا بوونێکی جیۆسیاسی نەبێت.

میکانیزمەکانی کارکردن
یەکەم: یەکبوونیی نەتەوەیی، واتە دروستکردنی تۆڕێکی ناسینی فراوان. پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان بواری ئەوەیان ڕەخساندووە کە ببن بە شوێنی پێیوەندیی ڕاستەوخۆ لەنێوان تاکەکان و دامەزراندنی تۆڕێکی نەتەوەیی کە سنوورەکان تێپەڕێنێت. لە هەمان کاتدا ئەم تۆڕانە بوارێک دەڕەخسێنن بۆ ڕێکخستنی چالاکییە هاوبەشەکان.
دووەم: گوتارسازی، واتە بەرهەمهێنان و  خستنەڕووی دەقە سیاسی، کولتووری، ئەدەبی و هونەرییە کوردییەکان. کارکردن لەسەر بوژاندنەوەی ڕاستییە مێژوویی و نەتەوەییەکانی کورد و بەرپەرچدانەوەی هەوڵە چەواشەکارییەکانی داگیرکەران.
سێیەم: هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانیی، واتە برەودان بە پێگەیاندنی سیاسی و پەروەردەی مەدەنیی تاکەکان لە ڕێی دیبەیت و وێبینارە ئۆنلاینەکان، ئەمەش بێگومان بناغەیەکە بۆ دروستکردنی کولتووری گفتوگۆ و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی کراوە و دیموکراسی.
چوارەم: لۆبیکردن بۆ دەوڵەتی کوردستانی بەرجەستەیی، واتە ڕێکخستنی چالاکیی سیاسی و بەستنی تۆڕی هاوکاریی نێودەوڵەتی لە ڕێی سۆشیالمیدیاوە بەمەبەستی برەودان بە  پێوەندیی نێوان کورد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

بەرئەنجام
دامەزراندنی دەوڵەتێکی گریمانەیی لە بواری دیجیتاڵیدا دەتوانێت هەستێکی نوێ لە هاونیشتمانییبوون و یەکبوون و یەکڕیزیی نەتەوەیی دروست بکات. ئەم پرۆسەیە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر دۆخی سیاسی کورد و بەهێزکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی و زیادکردنی هۆشیاریی سیاسی هەیە. هەرچەندە ئەم شێوەیەی دەوڵەتداری جێگرەوەی دەوڵەتێکی ماددی بەرجەستە نابێت، بەڵام دەتوانێت ببێتە بناغەیەکی فکری و کۆمەڵایەتی بۆ پڕۆسەی نەتەوەسازی و نیشتمانسازی.
سۆشیالمیدیا بوارێکی نوێ و گرنگی بۆ دروستکردنی ناسنامە و پڕۆسەی نەتەوەسازی دەستەبەر کردووە. بۆ نەتەوەی کورد، بەکارهێنانی ئەم بوارە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی گریمانەیی دەتوانێت هەنگاوێکی ستراتیجی بێت بۆ بەهێزکردنی یەکبوون و یەکڕیزی و دروستکردنی یادەوەری و چارەنووسێکی هاوبەش. ئەم پرۆسەیە، ئەگەر بە شێوەیەکی ڕێکخراو و هۆشیارانە بەڕێوەببرێت، دەکرێت ببێتە بناغەیەکی تۆکمە بۆ ئایندەیەکی هاوبەش.

سلێمان مستەفا
خەبات عەبدوڵڵا

بەپەلە