شارپرێس:
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەهەنگاوێکی کتوپڕدا مۆڵەتی کاتیی بەخشی بەکڕینی نەوتی ڕوسیا بۆ ڕێگریکردن لەبەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنیی لەبازاڕە جیهانییەکان، ئەم بڕیارەش کە وەک دەرفەتێکی کاتیی وەسفکراوە، نیشانەی گەیشتنی جەنگی وزە بەقۆناغێکی هەستیارە کە ئەمریکا ناچار بهنهرمى نواندن دەکات.
لەهەنگاوێکی کتوپڕو چاوەڕواننەکراودا کە وەک پاشەکشەیەکی ناچاری دەبینرێت، ئەمریکا بڕیارێکی هەستیاری لەبارەی نەوتی ڕوسیاوە دەرکرد، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (سکۆت بێسینت) بەفەرمی ڕێگەیدا بەو کەشتییە نەوتیانەی ڕوسیا کە لەناوەڕاستی دەریاکاندا مابونەوە، بفرۆشرێنو بگەنە بازاڕەکان.
شرۆڤهكاران دهڵێن، ئەم بڕیارە تەنها پرسێکی سیاسیی نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەگیرفانی هاوڵاتیانەوە هەیە، دوای ئەوەی بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جهنگى ئێران، ئیسرائیلو ئهمریكا لهلایهكو جەنگی ئۆکرانیاو ڕوسیا) لهلایهكى دیكهوه، مەترسی هەڵکشانی نرخی سوتەمەنی بۆ ئاستێکی کارەساتبار هەبوو، ئەمریکا ناچاربوو ئەم دەرفەتە کاتییە بدات تاوەکو ڕێگریی بکات لەبەرزبونەوەی نرخی بەنزینو شتومەک لەبازاڕەکانی جیهاندا.
چاودێرانی ئابوریی ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو هەنگاوەی واشنتۆن دەبێتە هۆی جێگیربونی بازاڕو ڕەنگە لەڕۆژانی داهاتودا هەست بەدابەزینێکی ڕێژەیی لەنرخی سوتەمەنیدا بکرێت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە پاراستنی ئابوری جیهانیی، لەئێستادا لای ئەمریکا لەگەمارۆکانی سەر ڕوسیا گرنگتر بوە.
