مێتودۆلۆژیای ڕەخنەو ڕێبەر ئۆجەلان

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 408 جار خوێندراوه‌ته‌وه

زاگرۆس هیوا

گفتوگۆیەک لەگەڵ کاک ئەبوبەکر کاروانی (بەشی  یەکەم)
مامۆستای هێژا، پاش بڵاوبونەوەی بابەتێکم بەناونیشانی "لێدان لەبرایەتی گەلان، لێدانە لەڕۆژئاوا" بەڕێزتان لەوه‌ڵامی ئەو بابەتەدا زنجیرە وتارێکتان نوسی‌و تیایدا ڕەخنەو بۆچونەکانی خۆتان سەبارەت بەچەمکی برایەتی گەلان، نەتەوەی دیموکراتی، بیروبۆچونەکانی ڕێبەر ئۆجەلان‌و هتد هێنایەسەرزمان، هەوڵدانی ئێوە بۆ وردبونەوە لەو چەمکانەو خستنەڕوی سەرنج‌و تێبینییەکانتان‌و هاوبەشیکردنیان لە گەڵ ڕای گشتیی جێگه‌ی ڕێزە.

زۆرم پێمخۆش بوو لەناو سروشتە جوانەکەی قەندیلدا ببن بەمیوانی گەریلاو لەلای یارانی ئەشکەوت بەدەم خواردنەوەی چەند چایەکی تام بەدوکەڵی سەر ئاگر، گفتوگۆمان لەسەر هەموو ئەو بابەتانە کردبایە کە جێگه‌ی سەرنجی ئێوەن، یان لەسلێمانی ببم بەمیوانی ئێوەو لەبەر دەرکی سەرا، یان لەسەهۆڵەکە، یان لەمزگەوتی گەورەو یان لەچایخانەی شەعب باسی اخوە الشعوب‌و بابەتی هاوشێوەمان کردبایە، بەڵام بەداخەوە دۆخی ئەمنی‌و هەلومەرجی تێکۆشانی ئازادیخوازی ئێستا دەرفەتی ئەوەمان پێنادات.

هەربۆیە ناچار منیش هەرلەم ڕێگه‌یەوە هەوڵدەدەم سەرنج‌و بۆچونەکانم بخەمەڕوو، هەڵبەت هەوڵدەدەم بابەتە تەنها بەوەڵامدانەوەی ئێوە سنوردار نەکەم؛ لەهەمانکاتدا، وەڵامێکی گشتیی بدەمەوە بۆ کۆی هەموو ئەو ڕەخنە، تانەو تەشەرو هێرشی ناڕەوایە کە بەشێوەیەکی ڕێکخراوو پلان بۆ داڕیژراو دەکرێتەسەر ڕێبەر ئۆجەلان‌و هەموو ئەو ئەزمونانەی کە مۆرکی فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجەلانی پێوەیە، لەبەشی داهاتوی ئەم وتارەدا هەوڵدەدەم زیاتر تیشکبخەمەسەر  تێڕوانین‌و سەرنجەکانی ئێوە.

بێگومان ڕەخنەگرتن‌و ئاڵۆگۆڕی بیروڕا پێشکەوتن‌و گۆڕانکاریی لەگەڵ خۆی دەهێنێت، تەنها بەڕەخنەگرتنە کە مرۆڤ دەتوانێت کەموکورتییەکان تێپەڕێنێت‌و لەداهاتودا کاری باشتر بکات، هیچ مرۆڤێک‌و هیج‌ تەڤگەرێکی سیاسیی لەڕه‌خنە بەری نییە، بەتایبەت ئەگەر تەڤگەری ئاپۆیی بێت کە 53 ساڵە ئەرکێکی مەزنی خستوه‌تەسەرشانی خۆیی‌و بەبێ وچان خەبات‌و تێکۆشان دەکات، بێگومان لەم خەبات‌و تێکۆشانەدا زۆرجار کەموکورتی دێنە ئاراوە، کەسێک کە هیچ کارێک نەکات، ڕەخنەشی لێی ناگیرێت.

ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەناو پەکەکەدا هاتونەتە ئاراوە، هەموو لەسەر بنەمای ڕەخنەگرتن لەستراتیژ، سیاسەت، تاکتیک‌و کارو کردەوەی ڕابردوو بوە. ڕێبەر ئۆجەلان‌و پەکەکە بەپشتبەستن بەم ڕەخنانە بەردەوام خۆیان نوێدەکەنەوە، ڕێبەر ئۆجەلان بەڕەخنەگرتن دەستیپێکردو بەڕەخنەگرتن تا ڕۆژى ئەمڕۆ ئەم تەڤگەرەی هێناوە.

ڕەخنەو خۆڕەخنەیی کۆڵەکەی سەرەکی تەڤگەری ئاپۆیین، ئەم تەڤگەرە بەرلەوەی ڕەخنە لەدەرەوە بگرێت، ڕەخنە لەخۆی دەگرێت، چونکە دەیەوێت گۆڕانکاریی لەخۆیەوە دەستپێبکات‌و پاشان دەوروبەر ناچاری گۆڕانکاریی بکات، لەڕەخنەگرتندا تەنانەت بەزەیی بۆ خۆیشیدا نایەتەوە، جا چ بگاتە ڕەخنە لەلایەنی دەرەکی، چ ڕەخنەلەخۆگرتنێک لەوە گەورەترە کە خۆت هەڵبوەشێنێتەوە؟! دونیای پیلان ئەوە نزیکەی 50 ساڵە هەموو هێزیان کۆکردوه‌تەوە کە کۆتایی بەپەکەکە بهێنن، گەلەکۆمە نەما لێی نەکەن، هەموو جۆرە هێرشێکی ناڕەوایان کردە سەری، چ سەربازیی، چ ئایدیۆلۆژیی‌و چ سیاسیی کە  هەڵیبوەشێننەوە، بەڵام نەیانتوانی، پەکەکە هەر پتەوتر دەبوو، بەڵام هێزی خۆ ڕەخنەکردن لەڕێبەر ئۆجەلان‌و پەکەکەدا ئەوەندە بەهێزبوو کە خۆی خۆی هەڵوەشاندەوەو گۆڕانکاریی هێنایە ئاراوە.

ئەم خۆهەڵودشاندنەوەیه‌ لەپێناو سەرلەنوێ بونیادنانەوەیە، واتە تەڤگەری ئاپۆیی بەشێوەیەکی بونیادنەرانە ڕەخنە لەخۆیی‌و لەدەوروبەریشی دەگرێت، لەناو کورددا، زۆرکەس ڕەخنە لەبیروبۆچونەکان‌و ئەزمونەکانی ڕێبەر ئۆجەلان‌و ئەزمونی جێبەجێکردنیان لەهەر چواربەشی کوردستان دەگرن، بەرلەوەی باسی ڕاستی یان دروستی ئەم ڕەخنانە بکەین، پێویستە بڵێین کە ئەم ڕەخنانە لەشێواز میتۆدۆلۆژیادا کێشەیان هەیە، ڕەخنە ئەگەر میتۆدەکەی ڕاست بێت، ئەم ڕەخنە چەندەش توندوتیژبێت، هەر بەرهەمدارە.

ڕەخنە ئەگەر میتۆدەکەی ڕاست نەبێت، چەندە نەرمیش بێت، ئەنجامی خوازراوو چارسەری لێناکەوێتەوە، ئەمە بۆ هەموو جۆرە ڕەخنەیەک وایە، بۆ ڕەخنە لەڕێبەر ئۆجەلانیش وایە، ئەگەر کەسێک ڕێبەر ئۆجەلان وەک خۆی نەناسێت‌و لێی تێنەگات، ئەگەربێت‌و ڕەخنەی لێی بگرێت یان تەنانەت پەسنیشی بدات، ئارمانجی خۆی ناپێکێت، گوتنێکی فەلسەفی هەیە کە دەڵێت، تێگەیشتن بنەمای دادپەروەرییە، هەربۆیە بۆ ئەوەی کە بتوانین ڕەخنەی دادپەروەرانە لەکەسێک بگرین پێویستە سەرەتا هەوڵبدەین لێی تێبگەین.

ئێمەی کورد، ئێمەی مرۆڤ، لەئەنجامی ئەو سیاسەتە هەمەلایەنانەی کە هێزی دەسەڵاتدار لەسەرمان پەیڕەوی دەکەن، فێرکراوین بەشێوەیەکی دیاریکراو ببینین، بەشێوەیەکی دیاریکراو ببیستین‌و بەشێوەیەکی دیاریکراویش بیربکەینەوە، واتە، بێئەوەی ئاگامان لێی بێت مەنزومەیەکی مەعریفیمان (epistemology) بۆ دروستکراوە، کاتێک کە کێشەیەک دەبینین هەوڵدەدەین لەچوارچێوەی ئەو مەنزومە مەعریفییەدا لەوه‌ڵامەکەی بگەڕێین، بەڵام ئاگامان لەوەنییە کە کێشەکە خودی مەنزومە مەعریفیەکەی خۆمانە، پێویستە جۆرێک دی بیربکەینەوە، ببینین، یان ببیستین بۆ ئەوەی کە کێشەکە چارەسەربکەین. وەک فروغ فروخزاد دەڵێت:"چشمها را باید شست، جور دیگر باید دید".

ڕێبەر ئۆجەلان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مرۆڤایەتی، کێشەی کورد، کێشەی ژن، کێشەی ژینگەو هتد سەرەتا بەگژ مەنزومەی مەعریفی باوی دونیادا دەچێتەوە، ئەو مەنزومە مەعریفییەی کە زۆرکەس ئیمانی پێهێناوەو پێیوایە ڕاستە، ڕێبە ئۆجەلان بۆ دیتنەوەی چارەسەریش بەدوای مەنزومەیەکی مەعریفی جیاوازدا دەگەڕێت، بۆ نمونە لەناو مەنزومەی مەعریفی پۆزیتیڤیزمدا (فلسفە الوچعیە) کە ئایدیۆلۆژیای نیولیبراڵیزم‌و سیستەمی سەرمایەداری لێکەوتوه‌تەوە کەس ناتوانێت کێشەی ژینگە چارەسەربکات.

هەزاران کۆڕبەندو کۆنفرانس‌و کۆنگرە دروست بکە، بەهەزاران پرۆفیسۆر بانگهێشت بکەو بەهەزاران بڕیار وەربگرە، تائەوکاتەی کە لیبراڵیزم‌و سەرمایەداری بەسەر دونیادا زاڵبێت، کێشەی ژینگە چارەسەرناکرێت‌و هەر خراپتر دەبێت، هۆکارەکەی چییە؟ هۆکار ئەوەیە کە لەمەنزومەی مەعریفی پۆزیتیڤیزمدایە، لەم مەنزومە مەعریفییەدا، مرۆڤ بەشێک نییە لەژینگە، مرۆڤ خاوەنی ژینگەیەو مافی هەموو جۆرە دەستێوەردان‌و تەسەڕوفێکی لەسەر ژینگە هەیە.

ئێستا لەسایەی ئەو هەموو زانکۆانەی کە دامەزرێنراون دونیا پڕبوە لەدکتۆرو پرۆفیسۆر، بەڵام کێشەکان هەر زیاد دەکەن، بۆ؟! چونکە ئەو هەموو دکتۆرو پڕۆفیسۆرە بەگوێرەی مەنزومەیە مەعریفییەکی دیاریکراو پەروەردەکراون‌و لەکارو ژیانی خۆیاندا ئەم مەنزومە مەعریفییە بەرهەمدەهێننەوە، تائەوکاتەی منداڵێک دەرنەکەوێت‌و ڕاستییەکان نەڵێت، نەڵێت  "پاشا ڕوتە"، کێشەکان ناکەونەسەر ڕێگه‌ی چارەسەری.

ڕێبەر ئۆجەلان وەک کەسێک کە خیانەتی لەخەونی منداڵی خۆی نەکردوە، ئەو بوێریەی نیشانداوە کە ڕاستییەکە بڵێت: "پاشا ڕوتە"، هەربۆیە هەموو پاشاکانی جیهان گەلەکۆمەیان لێکردو خستیانە زیندانەوە، ڕێبەر ئۆجەلان پێش زیندان‌و لەزیندانیشدا هەوڵیداوە کە مەنزومەیەکی مەعریفی جیاواز بۆ مرۆڤایەتی، بۆ کورد، بۆ ژن بەرهەمبهێنێت، بۆ ئەمە کارە لەهەموو زانستی مرۆڤایەتی، لەئەستێرەناسی‌و میتۆلۆژیاوە بگرە هەتا فیزیای کوانتۆم کەڵکی وەرگرتوەو ئەمە تاڕادەیەکی زۆر گەیشتوه‌تە ئەنجام.

ئەگەر دەڵێین میتۆدۆلۆژیا ڕەخنەگرتن لەڕێبەر ئۆجەلان هەڵەی تێدا هەیە، مەبەست کپکردنی دەنگی ڕەخنە نییە، بەڵکو هەوڵدانێکە بۆئەوەی کە ڕەخنەکان بونیادنەربن‌و ببنە هۆی پێشکەوتن، هەڵەکەش لەوەدایە کە بەگوێره‌ى پێوانەکانی مەنزومەیەکی مەعریفی (epistemology) یان پارادایمێکی دیاریکراو، ڕەخنە لەمەنزومەیەکی مەعریفی بەتەواوی جیاواز دەگیردرێت، وەک ئەوەی بڵێین کەسێک بەگوێره‌ى پێوانی فیزیای میکانیک، ڕەخنە لەفیزیای کۆانتۆم بگرێت، ئێستا مەنزومەی مەعریفی (پارادایمی) باوی دونیا پۆزیتیڤیزمە (فلسفە الوچعیە).

ئەم مەنزومە مەعریفییە نکۆڵی لەماورالگبیعە (میتافیزیک)، مانا، ڕۆح، هەست‌و شتی هاوشێوە دەکات، دیاردەکان پارچەپارچە دەکات‌و بەشێوەیەکی دابڕاو لەیەکدی لێکۆڵینەوەیان لەسەردەکات، هەر شتێک کە بەرهەست (observable) نەبێت ڕەتیدەکاتەوە، ئەم مەنزومە مەعریفییە پێوایە مافی ئەوەی هەیە هەموو دەستێوەردانێک لەسروشتدا بکات، کاتێک کە دێتەسەر بابەتی سیاسەت‌و کۆمەڵناسی، ئەمە مەنزومە مەعریفییە کۆمەڵگه‌ وەک دیاردەیەکی بێگیان‌و بێ ڕۆح وەسفدەکات‌و یاساکانی زانستی سروشتی (علوم الگبیعی) بەسەر زانستی کۆمەڵایەتی‌و سیاسیدا  دەسەپێنێت.

خۆی لەسەرەوەی کۆمەڵگه‌ دەبینێت‌و بەمافی خۆی دەزانێت کە  هەرجۆرە دەستێوەردانێک لەکۆمەڵگه‌دا بکات، بۆ نمونە ئەو دەڵیت شتی بەرهەست‌و بینراو لەکۆمەڵگادا بەرژەوەندییە، بۆ بەرژەوەندی چی بکەیت حەڵاڵ‌و ڕێگەپێدراوە، ئەخلاق‌و مەعنەویات بۆ کۆمەڵگه‌ پێویست ناکات، تەنها حقوقێکی وشک‌و خاڵی هەبێت بەسە، ئەمجۆرە زیهنییەتە شۆڕبوه‌تەوە بۆ هەموو کایەکانی ژیانی سیاسیی‌و کۆمەڵایه‌تی، هەموو زانکۆکانی دونیا ئەم رێبازە لەپەروەردەدا بەکاردەهێنن‌و زیهنییەتی قوتابییەکان لەسەر ئەم بنەمایە دادەڕێژن.

دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی دونیا ئەم مەنزومە مەعریفییە بەبنەما دەگرن، بۆ نمونە، ئێستا هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوین بوه‌تە کۆگای باروت‌و تەقەمەنی، مەترسی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم هەیە، ئایا ئام هەموو زانکۆ، دکتۆرو پڕۆفیسورەی کە هەن، دەتوانن بەپشتبەستن بەو زانستەی هەیانە، پێش لەشەڕێکی ماڵوێرانکەر بگرن؟ ئایا لەخۆیان دەپرسن کە بۆ ئەم هەموو زانستەی مرۆڤایەتی‌و بڕیاری بەکارهێنانی زانستەکان کەوتوه‌تە دەست کابرایەکی عەقاراتچی کە ڕەنگە هەر نەزانێت زانستیش چییە؟ ئایا هیچ لەخۆیان دەپرسن ئاخۆ ئەم زانستەی ئێمە دەیزانین ڕاستە یان نا؟! زانستە یان نا!؟ ئاخۆ جۆرێکی دیکە لە زانست مومکینە؟!

ڕێبەر ئۆجەلان گەیشتوه‌تە ئەو قەناعەتەی کە لەڕێگەی بەبنەماگرتنی پارادایمی پۆزیتیڤیزم‌و دەرهاوێشتەکانی کیشەکانی کۆمەڵگه‌ی مرۆڤایەتی چارەسەرناکرێن، چونکە سەرچاوەی کێشەکە پۆزەتیڤیزم خۆیەتی، ئاگر بەبەنزین ناکوژێتەوە، هەربۆیە دەستیکردوە بەداهێنانی مەنزومەیەکی مەعریفی ئه‌ڵتەرناتیڤ‌و لەچوارچێوەی ئەم مەنزومەیەدا لەفیزیاو ئەستێرەناسیەوە بگرە تا میتۆلۆژی، سۆسیۆلۆژی، تیۆلۆژی (ئیلاهیات) ئانسرپۆلۆژی، شوێنەوارناسی، مێژوو، فەلسەفە، ئەخلاق، جوانی (ئەستاتیکا)، سیاسەت، هونەر، کولتورو هتد، بۆ هەموو شتێك تێگەیشتن‌و شرۆڤەیەکی نوێ پێشکەشدەکات.

ڕێبەر ئاپۆ بەڕەنج‌و تێکۆشانێکی زۆرەوە مەعریفە بەرهەمدەهێنیت، لەمەنزومەی مەعریفی ڕێبەر ئاپۆدا، حەقیقەت پارچە پارچە نابێت، حەقیقەت یەکپارچەیە، تەنها ڕەنگدانەوەکانی جیاوازن، زانست پێویستە ڕەنگدانەوەی حەقیقەت بێت، هەروەها ڕێبەر ئۆجەلان بۆ خۆی زانستی نوێ یان دیسیپلینی نوێ زانستی داهێناوە، تائێستا دوجۆر زانست‌و مەعریفەی لەکۆی ئێپیستیمۆلۆژیای مرۆڤایەتی زیادکردوە، یەکێکیان ژنۆلۆژییەو یەکێکیان سۆسیۆلۆژیای ئازادییەو بنەڕەتی مێژویی هەردوو ئەم زانستانەشی باش داڕشتوە.

ڕێبەر ئۆجەلان فەلسەفەی ڕۆژئاوا (غەرب) ڕەتناکاتەوە، کەڵکی لێوەردەگرێت، بەڵام زیاتر فەلسەفەی شەرق بەبنەما دەگرێت، بەدوای حەقیقەتدا دەگەڕێت‌و پێیوایە، دەنگ‌و ڕەنگی حەقیقەت زیاتر لەفەلسەفەی شەرقدا هەیە تا فەلسەفەی غەرب، دەنگی حەقیقەت لەپێغەمبەرەکاندا دەبینێتەوە، لەمەنسوری حەلاج‌و سوهرەوەردی‌و ئیبن سیناو فیلسۆفانی هاوشێوەدا دەبینێتەوە، پێیوایە، سەرچاوەی فەلسەفە شەرقە نەک غەرب.

لەمەنزوەمەی مەعریفی ڕێبەر ئۆجەلاندا ڕەنگە هەندێک دەستەواژە وەک دەستەواژەکانی مەنزومەی مەعریفی پۆزەتیڤیزم بن، بەڵام پێناسەکەیان جیاوازە،  بۆ نمونە، دوکەسی سەر بەدوو مەنزومەی مەعریفی جیاواز دارێک دەبینن، هەردوكیان بەکوردی بەم شتە پڕ پەلوپۆیە دەڵێن "دار"، بەڵام تێگەیشتنیان بۆ دارەکە جیاوازە، یەکێکیان کە دارەکە دەبینێت تەوەرێک یان مۆتورێکی داربڕینی دێتە بەرچاوو بیر لەوەدەکاتەوە، چۆن بیبڕێتەوە، بیفرۆشێت یان بیسوتێنێت، ئەوی دیكه‌یان کە دارەکە دەبینێت دەڵێت چەند خۆشدەبوو چەند دارێکی دیكه‌ لەم سنورە هەبان، مرۆڤ‌و ئاژەڵ لەخەیرو بەرەکەتەکەی کەڵکیان وەرگرتبا، یان ئەم دوو کەسە ئاژەڵێک دەبینن کە بەکوردی پێ دەڵێن "ئاسک"، ناوەکەی ئاسکە، یەکەم کەس کە دەیبینێت هەرزوو،  تاقمە تفەنگ‌و چەکی بڕنەوو شیشی کەباب دێتە خەیاڵی، کەسی دوەمیش لەسەیرکردنی ئاسکەکە تێر نابێت‌و هەوڵدەدات وەک جوانییەکی سروشت بیپارێزێت، یەکێک سەیری چیای گۆیژە دەکات، خۆی بەخاوەنی چیاکە دەزانێت، هەڵیدەدڕێت‌و شوقەو تەلاری لەسەر دروستدەکات‌و ناوی ئەم کاولکارییە دەنێتە "وەبەرهێنان"، یەکێکی دیش ئەو چیایە وەک بەشێک لەهەبون‌و کەسایەتی‌و مێژوو بیرەوەی خۆیی‌و گەل دەزانێت‌و پێیخۆشە وەک بەشێک لەمێژوو، وەک جوانییەکی سروشتی‌و وەک سیمبۆلێک هەر بمێنێتەوە؛ هەر دەمە حەفارەیەک کە لەدڵی گۆیژە دەدرێت، برینێکی قووڵ لەناخ‌و دڵ‌و دەرونى ئەوکەسەدا دەکاتەوە، ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا کەسی یەکەم کە دوژمنی ئاژەڵ‌و دارو دەشت‌و چیایە، دەتوانێت بەو مەنزومە مەعریفییەی کە هەیەتی بەڕاستی کێشەی ژینگە چارەسەربکات؟!

لەمەنزومەی مەعریفی پۆزەتیڤیزمدا "دیمۆکراسی" ئەوەیە کە مرۆڤەکان، هەموویان وەک تاک، هەر چوار ساڵ جارێک بچن دەنگ بدەن و حزبێک یان کەسێک هەڵبژێرن، ئێدی بۆ ماوەی چوار ساڵ هەموو بڕیاردانێک لە سەر هەموو رەهەندەکانی ژیانی خۆیان رادەستی ئەم کۆمەڵە کەسە بکەن کە هەلبژێردراون. لە مەنزوومەی مەعریفی رێبەر ئۆجەلاندا، دیمۆکراسی ئەوەیە کە مرۆڤەکان وەک کۆمەڵ بە شێوەیەکی هەرەوەزی هەموو رۆژێک، رۆژێک چەند جار، دیمۆکراسی ئەزموون بکەن، پێکەوە گفتوگۆ بکەن، بڕیار بگرن و کێشەکانی خۆیان بۆ خۆیان چارەسەر بکەن، چ لە گوند دەبێت، چ لە گەڕەک یان لە شار.  لە مەنزوومەی مەعریفی پۆزەتیڤیزمدا "پاراستن" ئەرکی دەوڵەتە و پێویستە کۆمەلگا پاڵی لێبداتەوە و هەموو ئەرکی "پاراستن" رادەستی سوپا و پۆلیس بکات. بەڵام لە مەنزوومەی مەعریفی رێبەر ئۆجەلاندا کۆمەڵگا پێویستە پاراستنی خۆی بەتەواوی رادەستی دەوڵەت نەکات و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بتوانن خۆیان بپارێزن. سەبارەت بە بابەتەکانی وەک ژن، ئایین، عەشیرەت، دەوڵەت، نەتەوە، گەل،  کەلتوور، هونەر، وەرزش، زانست، تەندروستی، هتد جیاوازی هاوشێوە هەن. 
ئەو چەمکانەی کە رێبەر ئۆجەلان بەرهەمی هێناوە، تەواوکەری یەکدین. هەموو لە ناو یەک مەنزوومەدا واتا پەیدا دەکەن. تا ئەو کاتەی مرۆڤ لە کۆی مەنزوومە مەعریفییەکە تێنەگات، ناتوانێت لە چەمکەکان و پەیوەندی نێوان چەمکەکان تێبگات. بۆ نموونە، ئەگەر لە دەرەوەی مەنزوومە مەعریفییەکە لێی بڕوانیت، رێبەر ئۆجەلان دەوڵەت-نەتەوە رەت دەکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا باسی ئێنتگراسیۆن (یەکگرتنەوە، تێکەڵبوون) لەگەڵ دەوڵەت و هاوڵاتیبوونی دەوڵەت دەکات. رەخنە لە ژن دەگرێت، دەڵێت: " ژن کراوە بە کۆیلە"، دەڵیت:"بێ ژن ژیان نابێت و لەگەڵ ژنی هەییشدا ژیان نابێت"، بەڵام لە هەمانکاتدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا رۆڵی پێشەنگایەتی دەدات بە ژن.  ئەگەر لە دەرەوەی مەنزوومەی مەعریفی ئۆجەلان لەمانە بڕوانی، هەمووی ئەمانە وەک ناکۆکی دەبینێت. بەڵام کە لە چوارچێوە مەعریفییەکەیدا تێگەیشتیان بۆ بکەی دەزانی کە هەمووی ئەم چەمکانە تەواوکەری یەکترین، لە ناو ئاهەنگێکدا و لە کارلێک لەگەڵ یەکتریدا گەشە دەکەن و هەموو رەنگدانەوەی یەک حەقێقەتن.

رێبەر ئاپۆ تەنیا بە داهێنانی مەنزوومە مەعریفییەکەی بەسەندەی نەکردووە، بەڵکۆ بەردەوام هەوڵی داوە کە لە ناو ژیاندا پێکی بێنێت. ئەم مەنزوومە مەعریفییە سەرەتا لە کەسایەتی خۆیدا پێک دێنێت و هەوڵدەدات کۆمەڵگا لەسەر ئەم بنەمایە رێکبخاتەوە. هێزی مەعنەوەی رێبەر ئۆجەلان لەمەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەنجامەکەی لە هەموو کوردستاندا دەبینرێت. بێگومان ئەم تێکۆشانە ٥٣ ساڵە هەر لە یەکەم چرۆسک و یەکەم ساتەوە تا ئێستا بۆتە ئارمانجی هێرشی هەمەلایەنەی ئایدیۆلۆژی، سیاسی، سەربازی و هتد. وێرای هەموو ئەم هێرشانە، گەلی کورد لە ئەم تێکۆشانە بە خاوەن دەرکەوتووە. گەل درک بەو حەقێقەتە دەکات کە رێبەر ئۆجەلان جگە لە بەرژەوەندی گەل، بە هێچ شێوەیەک هیچ بەرژەوەندییەکی تاکەکەسی نییە. واتە، حەقێقەتی رێبەر ئۆجەلان لەگەڵ حەقێقەتی گەلدا یەکیگرتۆتەوە. ژیان و بەسەرهاتی رێبەر ئۆجەلان رەنگدانەوەی ژیانی کوردە، تەنانەت زەحمەتتر و دژوارترە. بێگومان زۆرێک لە رۆشنبیران، نووسەران، رۆژنامەنووسان و هتد هەوڵدەدەن شیکردنەوە بۆ ئەم دۆخە بکەن و بەگوێرەی دونیابینی خۆیان هەڵویست دیار دەکەن. بە تایبەت لە گەڵ ئەزموونی رۆژئاوا هەوڵدان بۆ تێگەیشتن، بۆ بەشداربوون، بۆ رەخنەکردن و دژایەتی کردنی پارادایمی رێبەر ئۆجەلان ئاستێکی جیاوازی تۆمار کرد. مرۆڤ دەتوانێت ئەم هەوڵدان و هەڵوێستانە بۆ تێگەیشتن و بۆ رەخنەگرتن لە چوار خاڵدا کۆبکاتەوە. 

یەکەم، ئەو بەشێکیی گرنگ لە رۆشنبیرانی کورد هێشتا لە هەست، رۆح و حەقێقەت دانەىڕاون، مەنزوومەی مەعریفی پۆزەتیڤیست  هێشتا بەتەواوی رۆحی ئەوانی داگیر نەکردووە. ئەم کەسانە هەم لە ناوخۆی وڵات، هەم لە دەرەوەی وڵات، وێرای هەموو زەختەکان، هەوڵ دەدەن کە وەک خۆی لە رێبەر ئۆجەلان تێبگەن. بەرهەمە فکرییەکان رێبەر ئۆجەلان دەخوێننەوە.  لە کاتی پێویستدا رەخنەش دەگرن. بۆ نموونە رەوانشاد شێرکۆ بێکەس، وەک رۆشنبیرێک کە لە ناخی خۆیدا لە کۆمەڵگا دانەبڕابوو و خۆی لە گەڵ حەقێقەتی کۆمەڵگا کردبووە یەک، درکی بە حەقێقەتی رێبەر ئۆجەلان دەکرد. لە خۆیدا، ئەدەبیات و هونەر زمانی حەقێقەتن.  هەربۆیە بەر لە هەموو کەسێک،  ٢٧ ساڵ لەمەو پێش گوتی: "ئێمە هەموومان دڵنیاین لە بەردەمی بەربەرییەکانی تورکدا بەحری مەڕمەڕە ئەڵێ  بەڵێ و بەڵام ئۆجەلان ئەڵێ نا". پێشبینییەکەی وەک خۆی هاتە دی.  رێبەر ئۆجەلان ٢٧ ساڵە هەموو چرکەیەک دەڵێیت نا. کاتێک کە رێبەر ئاپۆ بانگەوازییە مێژووییەکەی بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگای دیمۆکراتی" پێشکەش کرد، ئەم رۆشنبیرانە دەورێکی کاریگەرییان هەبوو لە روونکردنەوەی رای گشتی و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان.

 دووەم، ئەو رۆشنبیرانەن کە رێبەر ئۆجەلان دەخوێننەوە، بەڵام بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر زەختی سیستەمی دەسەلاتداری دونیاوە، راستەوخۆ باسی رێبەر ئۆجەلان و فەلسەفەکەی ناکەن. دەچن باسی هەندێک لەو کەسانە دەکەن کە پەیڕەوی رێبازی رێبەر ئۆجەلانن بەڵام ناوهێنانیان لە ناو سیستەمی سەرمایەداریدا قەدەخە و تاوان نییە. بۆ نموونە بە ئەرێنی باسی ئەزموونی سیاسی و کۆمەڵایەتی باکوور دەکەن و ناوی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ دەهێنن، بەڵام مەبەستیان رێبەر ئۆجەلانە. پەسنی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان دەدەن و ناوی مەزڵۆم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد دەهێنن، بەڵام مەبەستیان رێبەر ئۆجەلانە. چۆنکە دەزانن ئەمانە هەموو قوتابی رێبەر ئۆجەلانن. ئەمە رەنگە وەک تاکتیکێکی کورتخایەن واتایەکی هەبێت، بەڵام لە درێژ-خایەن دا دەکەوێتە خانەی هەوڵدان بۆ سڕینەوەی رێبەر ئۆجەلان لە کایەی مەعریفی و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. لەبیرمان نەچێت کە ئارمانج لە گەلەکۆمەی نێونەتەوەیی لە دژی رێبەر ئۆجەلان و گۆشەگیرکردنی ئەو بۆ ٢٧ ساڵ لە ئیمرالی سڕینەوەی ئەوە لە ناو کایەی سیاسی و مەعریفی و کۆمەڵایەتی کورددا. هەروەها دوژمن دەتوانێت لەم جۆرە هەڵوێستە سوود وەربگرێت بۆ ئەوەی کە دووبەرەکەی بخاتە ناو  بزووتنەوەی ئاپۆچی. 

گرۆپی سێیەم لە رۆشنبیران بە ئەرێنی، بەڵام بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باس لە فەلسەفەی رێبەر ئۆجەلان دەکەن، بەڵام بە گێڕانەوەی گوتار و لێدوانی فەیلەسۆفە ناودارەکانی دونیا ئەم کارە دەکەن. واتە، ناڵێت کە ئۆجەلان فڵان شتی گوتووە، یان فڵان خاڵی وەها دەستنیشان کردووە. لە جیاتیدا دەڵێیت کە ژیژەک، یان چۆمسکی یان ئانتۆنیۆ نێگری، یان ئالان بادیۆ یان هەر رۆشنبیرێکی دی رۆژئاوایی سەبارەت بە ئۆجەلان وایان گوتووە. واتە لەسەر زمانی فەیلەسۆفێکی رۆژئاواییەوە ئۆجەڵان دەگێڕنەوە. خۆیان بەرهەمە فکرییەکان رێبەر ئۆجەلان ناخوێننەوە و نایگێڕنەوە، بەڵکۆ خوێندنەوە و گێڕانەوەی کەسی دی دەگوازنەوە. مرۆڤ دەتوانێت دەرونشیکارییەک بۆ ئەم دۆخە بکات. کورد لەبەر ئەوەی کە زیاتر لە سەدەیەکە دەچەوسێنرێتەوە، وەک تاک و وەک کۆمەڵگا تووشی جورێک لە گرێ خۆبەکەمزانین (inferiority complex) بۆتەوە. واتە، بڕوا ناکات کە کوردێک،  بتوانێت فەیلەسۆفێکی جیهانی بێت. پێی وایە کورد پێویستە فەلسەفە لە جیهانی رۆژئاواوە، لە ئەمریکا و ئەوروپاوە فێر ببێت، نەک پێچەوانەکەی. ئەگەر سەرکەوتنی کوردێک لەبواری فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیدا گێڕانەوەی بۆ بکرێت، پێویستە ئەم گێڕانەوەیە لە زمانی یەکێکی رۆژئاواییەوە بێت بۆ ئەوەی میسداقیەتی هەبێت. ئەم هەڵوێستە  لە هەمانکاتدا تەگبیرێکی پاراستنە. ئەگەر دەزگایەکی ئەمنی گیری پێدا و پێی بڵێ بۆ پشتیوانی لە ئۆجەلان دەکەیت، لە وەڵامدا دەڵێت: وەڵا ئەوە قسەی من نییە، فڵان رۆشنبیری ئەوروپی وای گوتووە.

جێگای ئاماژەیە  کە زۆر فیلسۆف و بیرمەندی هەرە مەزنی دونیا کە رەخنەگری دەسەڵاتی ئێستای دونیان کاتێک کە بیر لە کێشەکانی مرۆڤایەتی دەکەنەوە، لە ناو مەنزوومەی مەعریفی پۆزەتیڤیزمدا رێگە چارەیەک نابینن. کاتێک کە رێبەر ئۆجەلان دەخوێننەوە، جۆرێک لە هیوایان بۆ دەگەڕێتەوە. دەیانەوێت بچن رێبەر ئۆجەلان ببینن و گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن. بە داخەوە رێگەیان پێنادریت. هەربۆیە دەچن بۆ ئەو شوێنانەی کە فەلسفەی رێبەر ئۆجەلانی تێدا ئەزموون دەکرێت و هەوڵ دەدەن شتی لێی فێر بن. نوام چۆمسکی رۆیشتە ئامەد و دەڵێت من گەورەترین وانەی خۆمم لە دایکانی ئاشتی ئامەدەوە وەرگرت، دەیڤید گرایبەر چووە رۆژئاوا. ساڵی پار فیلسۆفێکی بەتەمەنی ئەمریکی بەناوی جۆن هاڵۆوەی هاتە ئیستامبۆڵ و بەشداری کۆنفرانسێکی کرد کە پارێزەرانی رێبەر ئۆجەلان رێکیان خستبوو.  گوتی: " من بەم تەمەنەوە ١١ هەزار کیلۆمەترم بڕیوە و هاتووم بۆ ئێرە. چۆنکە رووناکییەکم دیت. بەرەوە ئەو روناکییە هاتم”. 

هەڵوێستی چوارەم سەبارەت بە رێبەر ئۆجەلان هەڵوێستی ئەو کەسانەیە کە لەسەر ناوی عیلمانییەت و چەپگر، یان ئایینپەرستی رادیکاڵ و ڕاستگر رەخنە دەگرن. ئەوانەی کە خۆیان بە دەمڕاستی عیلمانییەت دەزانن زۆربەیان بە پشتبەستن بەو شتانەی کە لە مەنزوومەی مەعریفی پۆزەتیڤیستەوە فێر بوون، رەخنە دەگرن. ئەوانەش کە خۆیان بە دەمڕاستی ئایین دەزانن و لەسەر ئەم ناوە هێرش دەکەن، تەواوکەری عیلمانییەکانن.  ئەم دوو گروپە چەندەش لە ناو خۆیاندا وەک ناکۆک دیار بکەون، خاڵی هاوبەشیان هەیە. ئەویش ئەوەیە کە  هەردووکیان، لە هەر چواربەشی کوردستان، بە شێوازی تایبەتی خۆیان،  تەقدیسی دەسەڵات و تەکفیری ئۆجەلان دەکەن. یەکیان بە تەقدیس کردنی دەوڵەت-نەتەوە ئەم کارە دەکات و پێوایە کە ئۆجەلان خیانەتی لە مارکسیزم و کۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزم و هەموو ئیزمەکانی دی کردووە یەکێکیشیان بە تەقدیس کردنی شرۆڤەیەکی تایبەت لە ئایین ئەم کارە دەکات و پێ وایە رێبەر ئۆجەلان بە پەیڕەو کردنی رێبازی ئازادی ژن گورزی لە ئیسلام وەشاندووە. ئەم هەر دوو گروپە تا رادەی هیستریا کین و تۆڕەیی‌یان لەدژی ئۆجەلان هەیە. ئایینپەرستەکان و ئەوانەی کە بازرگانی بە ئایینەوە دەکەن پێیان وایە ئەگەر کۆمەڵگای کوردی و تەنانەت هەموو ئۆممەتی ئیسلامیش لە سەر تێڕوانینی رێبەر ئۆجەلان سەبارەت بە فەلسەفەی ئایین و فەلسەفەی ئیسلام ببن بە خاوەن زانیاری،  ئێدی ئەوان مەجبوورن دووکانەکانیان دابخەن و کەس گوێیان لێی ناگرێت. ئەوانەش کە خۆیان بە دەمڕاستی عیلمانییەت و چەپ دەزانن پێیان وایە ئەگەر کۆمەڵگای کوردی تێز و تێڕوانینەکانی رێبەر ئۆجەلان سەبارەت بە سۆسیالیزم، چەپ، کۆمەڵگا و  کۆمۆنیزم بخوێننەوە، هەموو ئەو چەواشەکارییانەی کە ئەمانە تا ئێستا لەسەر ناوی چەپ و عیلمانییەت کردوویانە  بۆ خەڵک ئاشکرا دەبێت و ئەوانیش مەجبور دوکانەکانیان دابخەن. وەک چۆن سپارتاکۆس ئاگری (ئاگر هێمای زانستە) لەدەستی دەسەڵاتداران دەرهێنا و دایە دەستی خەڵکی ئاسایی، رێبەر ئاپۆش تیۆر و مانا و مەعریفەی لە ژێر رەکیفی نوخبە و رۆشنبیری سەر بە دەسەڵات دەرهێناوە و کردوویە بە موڵکی هەموو مرۆڤێک، هەموو ژنێک، هەموو کۆمەڵگا. هەروەها رێبەر ئۆجەلان واتا و فەلسەفەی راستەقینەی ئایینی لە دەستی ئایینپەرستان و بازرگانانانی ئایین دەرهێناوە و ئەو زەمینەیەی رەخساندووە کە تاک و کۆمەلگای کورد لە ناو سیاقی خۆیدا لە ئایین تێبگات و وەک رەنگدانەوەیەکی حەقێقەت بیکەن بە هەوێنی تێکۆشانی ئازادیخوازی.  

پێویستە بگوترێت کە لە کوردستاندا وا نیشاندەدرێت کە لە نێوان عیلمانییەکان و سەلەفییەکاندا ناکۆکی هەیە. جار و بار لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆنەکان دیبەیتیش دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم دوو رەوتە تەواوکەری یەکدین.  کۆڵەکەی چەپ و راستی دەسەڵاتن. لە یەک جێ نان و ئاویان دەستدەکەوێت و  نووشی گیانی دەکەن.  لە لای عیلمانییەکان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و دەوڵەت-نەتەوە چی بکرێت رێگەپێدراو و حەڵاڵە. لە لای سەلەفییەکانیش پێویستە کەس رووبەڕووی دەسەڵاتی پێش-دەوڵەت-نەتەوە  نەبێتەوە.  یەکێکیان دەسەڵات دەکاتە مەرجەعی کورد و ئەویتریشیان بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات حەرام دەکات. یەکێکیان لەسەر ناوی عیلم و ئەویتریشیان لەسەر ناوی ئایین کەرەستە و ماددەی خامی ئایدیۆلۆژی، سیاسی و مرۆیی بۆ دەسەڵات دابین دەکەن و خەڵک بەم ناکۆکییە لاوەکییانەوە خەریک دەکەن. 

لایەنێکی دی هاوبەشی ئەم دوو گروپە ئەوەیە کە حەقێقەت لێڵ دەکەن، دەیشێوێنن، سەر لە خەڵکی دەشێوێنن و وادەکەن کە خەڵک گێژ بێت و کەس نەزانێت راستی بابەتەکان چییە و پێویستە چی بکات. لە جیاتی عەقڵانییەت حماسەت و پۆپیولیزم بە بنەما وەردەگرن.  ئەم کەسانە خۆیان ئەرکیان ئەوەیە هانی خەڵک بدەن بە بێ ئەوەی کە کتێبەکانی رێبەر ئۆجەلان بخوێننەوە، حوکمی پێشوەختە لە سەری بدەن و بە پشتبەستن بەو هێزە میدیاییەی کە خراوەتە بەردەستیان ئەم حوکمە بگۆڕن بۆ  قەناعەتێکی هاوبەشی رای گشتی دژ بە ئۆجەلان. لە ئەنجامدانی ئەم کارەدا ئامادەن بنەماکانی عیلمانییەت و بنەماکانی ئایینیش پێشێل بکەن. مرۆڤی عیلمی و ئەکادیمی بەرلەوەی کە لە سەر تێڕوانینێک حوکم بدات، پێویستە سەرەتا لە سەر ئەو تێڕوانینە دیراسە بکات، سەرچاوەی ئەو تێڕوانینە بخوێنێتەوە و لێ تیبگات ئەمجا رەخنەی لێبگرێت. بەڵام لەلای ئەو کەسانەی کە خۆیان بە دەمڕاستی عیلمانی بوون دەزانن، کاتێک کە باس دێتە سەر رێبەر ئۆجەلان، بە بێ هیچ لێکۆڵینەوەیەک حوکم دەدەن. بۆ نموونە، یەکێک هەیە  لە ئەوروپا خوێندوویەتی و پێم وایە لەوێ مامۆستایەتی زانکۆشی کردووە. ئەم بەڕێزە لە ساڵی 1999، ئەوکاتەی  کە رێبەر ئاپۆ هێشتا لە ئیتاڵیا بوو، خەریک کۆکردنەوەی واژۆ بوو بۆ ئەوەی کە ئەوروپا  ئۆجەلان دەستگیر و زیندانی بکات. ئاواتەکەی بەدیهات و ئۆجەلان لە لایەن زاڵمەکانی دونیاوە دەستگیرکرا و دادگاییش کراو ئەوە 27 ساڵە لە ژێر دژوارترین گۆشەگیریدایە.  بەڵام ئەم برادەرە هێشتا دەست بەرنادات، لە ئەوروپا بۆ رەشکردنی رێبەر ئۆجەکان کۆڕ و کۆبوونەوە دروست دەکات، وتار دەنووسێت، ڤیدیۆ دەکات، لە باشور نامیلکە و برۆشۆری لەسەر دەنووسێت. گرێیەکی دەروونی زۆر قووڵی سەبارەت بە رێبەر ئۆجەلان هەیە.  بە گوێرەی مەنزووەمەی مەعریفی پۆزەتیڤیزمیش بێت، ئەگەر یەکێک بیەوێت بەرهەمێک، کتێبێک رەخنە بکات، سەرەتا دەیخوێنێتەوە، ئەمە پێویستییەکی بوون بە مرۆڤی ئەکادیمییە. ئەم بەڕێزە هێندە خۆی بە مەزن دەبینێت، پێی وایە ئەگەر پارێزنامەیەکی ئۆجەلان بخوێنیتەوە کاتەکەی بە فیڕۆ دەچێت.  هەر بۆیە گووگڵ سێرچ دەکات و کام رۆژنامە و کام رۆژنامەنووس لە سەر ئۆجەلان چ شتێکی خراپی گوتبێت، وەک بەڵگەی "ئەکادیمی" پێشکەشی دەکات. ئێدی ئەم بەڕێزە نایەت کڵاوەکەی بکاتە حاکم، یان لانی کەم ئەو عیلمە پۆزەتیڤیستەی کە خوێندووەیەتی بکاتە حاکم، توێژینەوەیەکی بەراوردکاری (comparative study) لە نێوان خۆی و ئۆجەلاندا بکات. بزانیت ئۆجەلان لە ژێر ئەو هەموو زەخت و گوشارانەدا چەندە کاریگەری لە سەر سیاسەت هەیە، ئەم کەسە خۆی چەندە کاریگەری هەیە، بەو هەموو ئیمکانیاتەی کە لەبەردەستی دایە؟ ئەم هیستریایە بەرامبەر بە ئۆجەلان ئاوێتەیەکە کە گرێ خۆبەزلزانین، لە هەمانکاتیشدا خۆ بەکەمزانین و ئیرەیی بەرامبەر بە رۆڵ و کاریگەرییەکانی ئۆجەلان لە سەر هەر چواربەشی کوردستان. 

ئەوانەش‌ کە خۆیان بە دەمڕاستی ئایینپەرستەکان دەزانن، کاتێک کە رەخنە لە رێبەر ئۆجەلان دەگرن، بەرلە هەموو شتێک بنەماکانی ئایین پێشێل دەکەن. دادپەروەری، وێژدان و ئەخلاق لە بنەمای سەرەکییەکانی ئایینی ئیسلامن. ئەوە چ دادپەروەرییەکە کە بە بێ ئەوەی کە دیراسەی بیرۆکەیەک بکەیت، ئەو بیرۆکەیە تەخوین بکەیت؟ یەکێک هەموو ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ ئازادی گەلی چەوساوە و زوڵم لێکراوی کورد، بۆ خۆیشی 27 ساڵە لەبەر چاوی هەموو دونیاوە زوڵمی لێدەکرێت، چ وێژدان و ئەخلاقێک رێگەدەدات کە لە سەر ناوی ئایین هێرشی بکرێتە سەر؟  مەگەر دین و ئایین بۆ پارێزگاری کردن لە زاڵمە یان لە مەزڵۆم؟ حەقێقەتی ئایین و پەیامی ئیسلام بۆ دژایەتی زاڵمان و داکۆکی کردنە لە مافی مەزڵۆمان. بەڵام بەداخەوە، ئەوانەی کە بەناوی ئایینەوە لە کوردستاندا تیجارەت دەکەن داکۆکی لە زاڵمان دەکەن و زوڵم لە مەزڵۆمان. لە زاڵم پارە وەردەگرن و لەمەزڵۆم دەدەن.

پێویستە بگوترێت کە هەموو ئایینەکان بە ئایینی ئیسلامیشەوە خاوەن گەوهەرێکی کۆمەڵایەتیین، واتە سۆسیالیستین. هەموو ئایینەکان لەدژی زوڵم و چەوسانەوە سەریان هەڵداوە. حەزرەتی محەمەد شۆڕشگێڕێکی سۆسیالیستی سەردەمی خۆیەتی. هەموو پێغەمبەرەکان وەهان، لە حەزرەتی ئیبراهیمەوە بگرە تا حەزرەتی عیسا. رەنگە ئێستا ئایینی ئیسلام بۆ رەوایەتیدان بە گوتاری راستگر و دەسەڵاتپەرست بەکار دەهێنرێت، بەڵام حەقێقەتی ئایینی ئیسلام وا نییە. مرۆڤێکی چەپ و سۆسیالیست هیچ کاتێک لەدژی گەوهەری راستەقینەی ئیسلام نییە. مرۆڤێکیش کە لە گەوهەری راستەقینیە ئیسلام تێگەیشتبێت، فکری چەپ و سۆسیالیستی بە دوژمنی خۆی نازانێت. ئامانجی هەر دوویان دادپەوەری، یەکسانی و ئازادییە. هەردوویان رەنگدانەوەی حەقێقەتی کۆمەڵگان. لەم واتایەدا لە کوردستاندا چەپگری راستەقینە و ئیسلامی راستەقینەش هەن. یەکدی رەت ناکەنەوە، پێکەوە دیالۆگ دەکەن. جا چ وک کەسایەتی چ وەک حزب و رێکخراو، ئەمانەن کە نوێنەرایەتی راستەقینەی کۆمەڵگا دەکەن. دەبن  بە دەنگی شەقام و لە کاتی پێویستدا پیشەنگایەتی بۆ کۆمەڵگا دەکەن. چ لە مزگەوت بن، چ لە زانکۆ، بە دوای حەقێقەت و دادپەروەریدا دەگەڕێن. لە خۆپشاندانەکان بۆ پشتیوانی رۆژئاوای کوردستان ئەم راستییە سەلمێنرا.

زۆر کەسایەتی ئایینی هەیە باشتر لە رێبەر ئۆجەلان تێدەگات، تا لە رۆشنبیری ژێر کاریگەری هزری پۆزیتیڤیستی رۆژئاوا. ئەمەش هۆکاری هەیە. رێبەر ئۆجەلان گەڕیدەی حەقێقەتە. ئایینیش بە دوای حەقێقەتدا دەگەڕێت. مەلای ئایینی ئەوە دەبینێت ئەوەی زاڵمانی دوێنێ بە سەر پێغەمبەرەکاندا هێناویانە، زاڵمانن ئەمرۆ بە سەر کورد و بەسەر رێبەر ئۆجەلاندا دەیهێنن. کاتێک کە کۆچ و ئاوارەبوونی رێبەر ئۆجەلان لەبەر زۆڵمی نەمرود و فیرعەونەکانی زەمەن بۆ فەلەستین و لوبنان و بیلادی شام دەبینن، کۆچی حەزرەتی ئیبراهیم و حەزرەتی موسایان دێتەوە بیر.

کاتێک کە لە بە دەسیسەی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئینگلیز لە خاچدانی رێبەر  ئۆجەلان لە ئیمرالی دەبینن، لەخاچدانی حەزرەتی عیسا و خیانەتی یەهۆدا ئیسکاریۆتیان دێتەوە بیر، کاتێک کە گۆشەگیرکردنی ئۆجەلان لەناوەڕاستی دەریای مەڕمەڕە بۆ 27 ساڵ دەبینن، نوقمبوونی حەزرەتی یۆنس لەناو دەریایان دێتەوە بیر. کاتێک کە کەمپی مەخموور دەبینن، "شەعب ابی‌گالب" یان دێتەوە بیر. هەربۆیە باشتر لە ئۆجەلان تێدەگات. بەڵام مەنزومەی مەعریفی پوزەتیڤیستی ئەوروپا چۆنکە حەقێقەت پارچە پارچە دەکات و نکۆڵی لە هەست دەکات، وەک پێویست لە ئۆجەلان تێناگات. کەسێک کە هەستی بەهێز نەبێت، لە ئۆجەلان تێناگات. 

ئێستا لە مانگی پیرۆزی رەمەزانداین. فەلسەفەی بنەڕەتی ئەم مانگە ئەوەیە کە مرۆڤی ئیماندار لە حاڵی هەژاران تێبگات، هەستی پێبکات و ئەمە ببێتە هۆی جۆرێک لە دادپەورەری کۆمەڵایەتی. واتە مرۆڤی ئیماندار خۆی بۆ مانگێک بە برسی و تینو دەهێڵێتەوە بۆ ئەوەی لە حاڵی برسییەکان تێبگات. واتە بۆ تێگەیشتن لە کەسێک هەوڵ دەدات لە ساڵیکدا یەک مانگ وەک ئەو کەسە بژیت. مرۆڤی موسڵمان ئەگەر ئەم کارەی کرد ئەمجا ماف بە خۆی دەدات کە بڵێت من موسڵمانم و لە حاڵی هەژاران تێدەگەم و سەبارەت بە هەژاران حوکم دەدەم. رەنگە بۆ تێگەیشتن لە رێبەر ئۆجەلانیش دۆخێکی وەها پێویست بکات.

ئەوکەسانەی کە ماف بەخۆیان دەدەن لەخۆشترین‌و ئەمنترین شوێنداو بەکەڵکوەرگرتن لەهەموو دەرفەتەکانی راگەیاندن سەبارەت بە هزر و فکری رێبەر ئۆجەلان قسەبکەن و هێرشی بکەنە سەری و رەخنەی لێبگرن، ئەگەر دەیانەوێت لێی تێبگەن و خەڵکیش تێبگەینن، بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی  دادپەروەرانە هەبێت با ئەوانیش نەک 27 ساڵ، بەڵکو 27 ڕۆژ خۆیان لەژورێکدا گۆشەگیربکەن، لەگەڵ کەس یەک کەلیمە قسە نەکەن، نە رادیۆیان هەبێت، نە تەلەفۆن، نە تەلەڤزیۆن نە پێنووس و نەش لێنووس. با گلۆپی ژوورەکەشیان 24 سەعات داگیرسابێت، ئەگەر دەزانن ناتوانن 27 ڕۆژ بەرگەر بگرن با بیکەن بەحه‌وت ڕۆژ، تەنانەت ئەگەر ئەمەش ناتوانن با بیکەن بە 27 کاتژمێر، لەژیانیاندا جارێک ئەمە تاقیبکەنەوە، ئەمجا هەوڵی تێگەیشتنێکی دادپەروەرانە لەئۆجەلان بدەن کە چۆن تائێستا توانیویەتی کە شەرت‌و مەرجێکی وەهادا بەرگەبگرێت‌و بەمەشەوە نەوەستێت ڕێبەرایەتی گەلێک‌و بزوتنەوەکەی بکات.

لەبەشی دوەمدا، زیاتر باسی دەوڵەت-نەتەوە، برایەتی گەلان، پێکەوەژیان‌و کۆمەڵگه‌ی دیموکراتی دەکەین.