قەتەڕ سەرکردەکانی حەماس دەردەکات

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 148 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر و حەماس لە ژێر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا، بە تایبەتی دوای هێرشە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانى ئێران دژی چەند وڵاتێکی کەنداو ئەنجامیدا، گرژی و ئاڵۆزیی بەخۆیەوە دەبینێت. ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆحە، ئەمریکای ئاگادار کردووەتەوە لە نیازی گرتنەبەری ڕێوشوێن لە دژی سەرکردەکانی حەماس کە لە قەتەر نیشتەجێن، لەوانە دەرکردنیان لە قەتەر.

 
پاشخانی قەیرانەکان
بەپێی زانیارییەکان حکومەتی قەتەر داوای کردووە سەرکردایەتی جوڵانەوەى حەماس بەیاننامەیەکی ڕوون دەربکات و ئیدانەی هێرشەکانی ئێران بکات کە دەوڵەتانی کەنداو لە نێویاندا قەتەریان کردۆتە ئامانج. هەروەها داوای کردووە کە حەماس ئەو هێرشە سەربازییانەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران ئەنجامیان داوە، وەک بەشێک لە پەرەسەندنی سەربازی بەردەوام کە لە کۆتایی مانگی شوباتی ٢٠١٦ دەستی پێکردووە، ئیدانە بکات.
بەڵام تا ئێستا حەماس بەیاننامەیەکی ڕوون و ئاشکرای ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئێرانی دەرنەکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەیی دۆحە و وایکردووە بیر لە هەنگاوی کردەیی لەدژی ئەو سەرکردانە بگرێتە بەر کە ساڵانێکە لە قەتەر نیشتەجێن.

سەرکردەکانی حەماس لە دۆحە
قەتەر ماوەی زیاتر لە دە ساڵە میوانداری ژمارەیەک سەرکردەی حەماس دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕۆڵی وەک ناوبژیوانی سیاسی لە چەندین بابەتی ناوچەییدا، بەتایبەتی ململانێی غەززە و دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئیسرائیل. دۆحە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە ئاسانکاری پەیوەندی سیاسی و پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ کەرتی غەززە.
بەڵام پێشهاتە سەربازییەکانی ئەم دواییە و پەرەسەندنی ململانێکانى نێوان ئێران و ئیسرائیل ئەم پرسەیان خستووەتە ناو چوارچێوەیەکی ئاڵۆزتری ناوچەییەوە و حەماسی خستۆتە ژێر فشاری سیاسیی زیاتر بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرا لە سەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر دەوڵەتانی کەنداو بگرێتەبەر.

بژاردەی سنووردار بۆ سەرکردەکانی بزووتنەوەکە
ئەگەری دەرکردنی سەرکردەکانی جوڵانەوەى حەماس لە قەتەر پرسیار لەبارەی شوێنی مەبەستی جێگرەوەیان دەوروژێنێت. بەپێی هەڵسەنگاندنە سیاسی و میدیاییەکان، لە ئێستادا بژاردەکانی جوڵانەوەکە سنووردار دەردەکەون.
ئەگەری گواستنەوەیان بۆ تورکیا لەژێر هەلومەرجی سیاسی ئێستادا کەم بووەتەوە و گەڕانەوە بۆ سوریا لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی کە ئەو وڵاتە بەخۆیەوە بینیوە، ئاڵۆزتر دەردەکەوێت. لە لوبنانیش، جوڵانەوەکە ڕووبەڕووی زیادبوونی فشاری سیاسی و ئەمنی دەبێتەوە.

پەرەسەندنێکی ناوچەیی فراوان
ئەم گرژییە لە چوارچێوەی پەرەسەندنێکی بەرفراوانتری ناوچەییدا دێت کە لە ٢٨ی شوباتی ٢٠١٦ دەستیپێکرد، کاتێک ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە سەریهەڵدا. تاران مەودای هێرشەکانی فراوانتر کرد و هێرشەکانى چەند دەوڵەتێکی کەنداوى گرتەوە، ئەمەش هەنگاوێکە چاودێران بە هەوڵێکیان زانی بۆ فشارخستنە سەر ئەو وڵاتانە بۆ دەستوەردانی دیپلۆماسی بۆ ڕاگرتنی شەڕەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، دۆحە مافی خۆی دووپاتکردەوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک کە خاکەکەی یان ژێرخانی ژیانی خۆی بکاتە ئامانج. وەزارەتی دەرەوەی قەتەر هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی، لەوانەش هەوڵی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەمەد لە دۆحە، پەرەسەندنێکی مەترسیدار پێکدەهێنێت کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی دەکات.

کاردانەوەی ئەگەری
چاودێران پێیان وایە هەر بڕیارێکی قەتەر بۆ دەرکردنی سەرکردەکانی جوڵانەوەى حەماس دەتوانێت کاردانەوەی سیاسی دوور مەودای هەبێت لەسەر ئایندەی جوڵانەوەکە، هەروەها دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕۆڵی قەتەر وەک ناوبژیوانێک لە کۆمەڵێک بابەتی هەستیار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت.
لەگەڵ بەردەوامی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و گرژییە ناوچەییەکان، پێدەچێت پەیوەندی نێوان قەتەر و حەماس ئاڵۆزتر بێت، بەتایبەتی ئەگەر فشاری سیاسی لەسەر جوڵانەوەى بەردەوام بێت بۆ هەڵوێستی ڕوونتر لەسەر ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن.