شارپرێس:
لەکاتێکدا شەقامەکانی ئێران لەنێوان بێدەنگییەکی
گوماناویو چاوەڕوانیدا دەکوڵێن، کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی شارەزایان (خبرگان) چیتر
تەنها گفتوگۆی ئایینی نین، بهگوێرهى زانیارییە دزەپێکراوەکان، ئەوەی لەپشت دەرگا
داخراوەکان ڕویداوە، نەک هەڵبژاردن، بەڵکو کودەتایەکی سپی بوە بەسەرپەرشتی دەزگای
زانیاریی سوپای پاسداران (اطلاعات سپاه).
بنەماڵەکان وەک بارمتە
لەو زانیاریانهى ئاشكراكراون، دەزگا ئەمنییەکان
بۆ تێپەڕاندنی ناوی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری سێیەم، پەنایان بۆ شێوازێکی کۆن، بەڵام
کاریگەر بردوە، ئهویش هەڕەشەکردن لەخێزانی ئەندامانی ئەنجومەنەکە.
سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، ئەو ئەندامانەی نەیاری
ئەم بڕیارە بون، ڕاستەوخۆ پێیانوتراوە، پاراستنی گیانی منداڵو هاوسەرەکانیان بەستراوەتەوە
بەو دەنگەی دەیخەنە سندوقەکەوە.
وانەیەک لەمێژوو.. سیناریۆی (پاڵیزدار) دوبارە
دەبێتەوە
ئەم فشارانە نوێ نین؛ مێژوی کۆماری ئیسلامی پڕە
لەبێدەنگکردنی ئهوكهسانهى هۆشیارنو زانیارییان ههیه، لەکەیسی عەباس پاڵیزداردا
بینرا چۆن دەزگا ئەمنییەکان بەگرتنی بنەماڵەکەی، دەنگی ناڕەزایەتییان خنکاند، ئێستاش
هەمان تەکتیکی ترس لەناو بەرزترین ناوەندی بڕیاردانی ئایینیو سیاسی وڵاتدا جێبەجێدەکرێت.
سیناریۆی (پاڵیزدار) چى بوو؟
عەباس پاڵیزدار یەکێکە لەناسراوترین نمونەکانی
بێدەنگکردنی كهسه ئاگادارهكانى ناوخۆی دەسەڵات لەئێران، لەڕێگەی فشارخستنەسەر خێزانو
منداڵەکانیان.
عەباس پاڵیزدار ئەندامی لیژنەی لێکۆڵینەوەو
پشکنینی پەرلەمان لەدەسەڵاتی دادوەریی بوو، ئەو لەچەند وتارێکی گشتیدا لەزانکۆکان،
پەردەی لەسەر گەندەڵی دارایی زۆرێک لەمەلا باڵاکانی ئێرانو بەرپرسانی پلە باڵا
لادا لهساڵى 2008 وهك (وەک هاشمی ڕەفسەنجانی، ئایەتوڵڵا یەزدیو ئایەتوڵڵا
شاهرودی).
دوای ئەم ئاشکراکردنانە، دەسەڵاتی دادوەرییو
سوپا، نەک هەر گەندەڵییەکانیان لێڵ نەکرد، بەڵکو پاڵیزداریان بەسیخوڕییو تێکدانی
ئاسایشی نەتەوەیی تۆمەتبارکردو دەستگیریانکرد، ئەوەی ئەو کەیسەی کردە سیناریۆیەکی
تۆقێنەر، فشارەکان بوو بۆ سەر خێزانەکەی، پاڵیزدار دواتر گێڕایەوە کە لەزینداندا
فشاریان لێکردوە دان بەوەدابنێت کە درۆی کردوەو پیلانی بیانی بوە ئهو قسانهى
كردونى، بۆ ئەوەشی بێدەنگی بکەن، چەندین ئەندامی خێزانەکەییو تەنانەت هاوڕێ نزیکەکانیشیان
دەستگیرکردوه.
وتە بەناوبانگەکەی دادوەر مورتەزەوی (دادوەری ئەوکاتە)
بۆ هاوسەری پاڵیزدار بوو بەسیمبۆلی ئەو سیناریۆیە، پێی وتبوو، "چیتر چاوەڕێی
مێردەکەت مەبە، بڕۆ باوکێکی دیكه بۆ منداڵەکانت پەیدا بکە، چونکە ئەو ناگەڕێتەوە".
ڕێبەرێکی بێوێنەو بێدەنگ
سەیرترین خاڵ لەم گۆڕانکارییەدا ئەوەیە، ڕێبەری
نوێ کە میدیاکانی دەسەڵات بەبرینداری ڕەمەزان ناوی دەبەن، هێشتا هیچ دەرکەوتنێکی
نوێی نییە، پرسیارهكانیش زۆرن لهوبارهیهوه، بهڵام كاریگهرترین پرسیار ئهوهیه،
ئاخۆ ئەم بێدەنگییە نیشانەی تێکچونی باری تەندروستییەتی دوای هێرشەکان، یان تەنها
ترسی سوپایە لەکاردانەوەی شەقام؟.
ئەنجومەنی شارەزایان کە بڕیاربوو نوێنەرایەتی ئیرادەی
ئایینی بکات، ئێستا لەژێر سێبەری تفەنگەکانی سوپادایە، ئەمە تەنها گۆڕینی ڕێبەرێک
نییە، بەڵکو گۆڕینی شوناسی دەسەڵاتە بۆ قۆناغێکی تەواو سەربازییو ئەمنیی کە تێیدا
تەنانەت خوێنو خزمایەتیش ناتوانێت کەس لەهەڕەشەی سوپا بپارێزێت.
