شارپرێس:
لەلێدوانێکی چاوەڕواننەکراودا کە شۆکێکی گەورەی
لەنێو شەقامی وەرزشیی ئێرانو جیهاندا دروستکرد، ئەحمەد دنیامالی وەزیری وەرزشو
لاوانی کۆماری ئیسلامی، ئاماژەی بەئەگەرێکی مەترسیدارکرد، ئهویش کشانەوەی هەڵبژاردەی
ئێران لەمۆندیالی 2026.
دنیامالی لەچاوپێکەوتنێکدا پەردەی لەسەر بڕیارێکی
سیاسییو ئەمنی لاداو ڕایگەیاند، "دامەزراوە باڵاکانی وڵات گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی
ئەمریکا شوێنێکی ئارام نییە بۆ یاریزانانی ئێران، ئەندامانی تیمی تۆپی پێی ئێران لەئەمریکا
ئاسایشی پێویستیان نابێت".
وەزیری وەرزش بەزمانێکی توند هێرشیکردەسەر ئەمریکاو
بەوڵاتێکی دەستدرێژکار ناوی برد، ئەو دوو بژاردەی خستە بەردەم فیفا، "یان دەبێت
کاردانەوەی توندی بەرامبەر ئەمریکا هەبێت، یان ئێران بڕیارێکی دیکە دەدات؛ بڕیارێک
کە بۆنی بایکۆتکردنو بەشدارینەکردنی لێدێت".
شرۆڤهكارانى وهرزشو سیاسیى دهڵێن، ئەم لێدوانانە
تەنها هەڕەشەیەکی سیاسیی نین، بەڵکو دەکرێت سزایەکی قورسی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیاندا
بهێنن، بهگوێرهى یاساکانی فیفا، دەستوەردانی حکومەت لەکاروباری فیدراسیۆنەکان هێڵی
سورە، ئەگەر وەزارەتی وەرزش بەفەرمی ڕێگریی لەگەشتی هەڵبژاردەکە بکات، ئەوا نەک هەر
مۆندیالی ئەمساڵ، بەڵکو ئەگەری هەیە تۆپی پێی ئێران بۆ ساڵانێکی زۆر لەچالاکییە نێودەوڵەتییەکان
سڕ بکرێت.
ئێستا چاوی هەموو هاندەرانی ئێران لەسەر فیدراسیۆنی
تۆپی پێی وڵاتەکەیانە، ئایا وەرزش دەبێتە قوربانیی ململانێیەکی سیاسیی قووڵ، یان عەقڵانییەت
دەبێتە هۆی ئەوەی یاریزانى ئێرانییەکان لەیاریگاکانی ئەمریکاو کەنەداو مەکسیک ببینرێن؟.
