فایه‌ق زێدان گەیشتە تاران

عیراق

27 خولەک پێش ئێستا‌ 2116 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەیانی ئەمڕۆ، ڕۆژی شه‌ممه‌، دادوەر فایه‌ق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، بەسەردانێکی فەرمی‌و لەسەر بانگهێشتی فەرمی دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران، گەیشتە تاران-ی پایتەختى ئه‌و وڵاته‌ .


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، فایه‌ق زێدان لەلایەن ژمارەیەک لەبەرپرسانی باڵای دادوەریی ئێرانەوە پێشوازی لێکراوەو ئامانجی سەرەکی ئەم سەردانەش بریتییە لەپتەوکردنی پەیوەندییە دادوەرییەکان‌و گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگه‌کانی پەرەپێدانی هەماهەنگیی یاسایی‌و دادوەریی لەنێوان بەغداو تاران.

هه‌روه‌ها چاوەڕواندەکرێت چەند ڕێککەوتن‌و لێکتێگەیشتنێک لەبواری ئاڵوگۆڕی ئەزمونی یاسایی‌و دادوەریدا واژۆبکرێن‌و تاووتوێکردنی دۆسیەی ئەو هاوڵاتیانەی هەردوو وڵات کە لەلایەنەکەی دیکە زیندانیکراون یان لەلایەن دادگاوە داواکراون، بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی لەچوارچێوەی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکاندا گفتوگۆى جدییان له‌باره‌وه‌ بكرێت.

هەماهەنگی لەدۆسیەکانی پێوەست بەتیرۆرو تاوانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کە کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی هەردوو وڵات هەیە یه‌كێكى دیكه‌ ده‌بێت له‌پرسه‌كانى نێوانیان‌و بڕیاریشە لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا، زێدان لەگەڵ غوڵام حسێن موحسنی ئەژەیی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران‌و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.

ئەم سەردانە لەکاتێکدایە کە عێراق‌و ئێران خاوەن پەیوەندییەکی توندوتۆڵی یاسایی‌و ئەمنین‌و هەردولا هەوڵدەدەن لەڕێگەی دامەزراوە دادوەرییەکانەوە کێشە سنوریی‌و یاساییەکانی نێوانیان ڕێکبخەنەوە، هه‌روه‌ها هاوكایشه‌ له‌گه‌ڵ سه‌پاندنى سزاى ئابوریى‌و دارایی توند له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ به‌سه‌ر تاراندا.

بەپەلە