تۆفانی دۆلارو داڕمانی تومەن؛ ئابوریی ئێران لەژوری چاودێریی چڕدایە

ڕاپۆرت

46 خولەک پێش ئێستا‌ 2600 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگۆڕانکارییەکی دراماتیکیدا کە بازاڕە ئابورییەکانی ئێرانی هەژاند، بەهای تومەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی نزمترین ئاستی مێژویی تۆمارکرد، ئەم داڕمانە خێرایە ڕاستەوخۆ دوای پەیامە توندەکەی وەزیری خەزێنەی ئەمریکا هات سەبارەت بەتوندترکردنی گەمارۆ داراییەکان، کە وەک بومەلەرزەیەک لێی دەڕوانرێت بۆسەر جەستە شەکەتەکەی ئابوریی کۆماری ئیسلامی.


پەیامەکەی واشنتۆن؛ تیرێک بۆ دڵی بازاڕی تاران
دوای ئەوەی وەزیری خەزێنەی ئەمریکا هۆشداریدا لەگرتنەبەری ڕێکاری نوێ بۆ ڕێگریکردن لەدەستڕاگەیشتنی ئێران بەدراوی بیانی، بازاڕی تاران توشی شۆک بوو، تەنها لەچەند کاتژمێرێکدا، 100 دۆلار بەربەستە دەرونییەکانی تێپەڕاندو گەیشتە زیاتر له‌20 هەزار تومەن، شارەزایان پێیانوایە، ئەم پەیامە متمانەی کڕیارانی بەتەواوی لەناوبردو وایکرد خەڵک بەلێشاو ڕوو لەکڕینی دراوی بیانی‌و زێڕ بکەن بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان.

سکەی ئیمامی؛ "پەناگە ئارامەکە" لەکاتی زریاندا
لەناو ئەم قەیرانەدا، ناوی "سکەی ئیمامی" زیاتر لەهەموو کاتێک دەبیسترێت، سکەی ئیمامی کە کێشەکەی 8.133 گرامەو لەزێڕی عەیار 22 دروستکراوە، ئێستا وەک "دراوی نێودەوڵەتی" لەناوخۆی ئێران مامەڵەی پێوەدەکرێت، کاتێک تومەن بەهاکەی لەدەستدەدات، سکەی ئیمامی وەک موگناتیس نرخەکەی بەرزدەبێتەوە، نرخەکەی کە 218 ملیۆن تومەنی تێپەڕاندوە، نیشانەی ئەوەیە کە خەڵک متمانەیان بەکاغەز نەماوەو تەنها متمانە بەزێڕ دەکەن له‌و وڵاته‌.

تمەن یان سکەی ئیمامی؛ کامەیان بەهادارترە؟
ئەگەر بەراوردێکی وردبکەین لەنێوان تومەنی ئێرانی‌و سکەی ئیمامی لەناوخۆی ئێراندا، جیاوازییەکە وەک ئاسمان‌و ڕێسمان وایە، لەڕوی مانەوەی بەهاوە، تومەن ئێستا تەنها ئامرازێکە بۆ کڕین‌و فرۆشتنی ڕۆژانەو بەخێرایی توانای کڕینی لەدەستدەدات، بەڵام سکەی ئیمامی وەک (کۆگای بەها) سەیر دەکرێت، واتە ئەوەی سکەی پێیە، سەرمایەکەی پارێزراوە لەهەڵاوسان.

لەڕوی دەسەڵاتی ئابوریشەوە:،لەناوخۆی ئێراندا، قیمەت‌و ئیعتیبار بۆ سکەی ئیمامییە، تومەن بوەتە پارەیەکی پڕ لەسفر کە هیچ قورساییەکی نەماوە؛ لەبەرامبەردا سکە بوەتە پێوەری دەوڵەمەندیی‌و سەقامگیریی دارایی.

شاره‌زایانى ئابورى باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، کاتێک تومەن دادەبەزێت، خەڵک توشی دڵەڕاوکێ دەبن، بەڵام کاتێک سکەی ئیمامییان هەبێت، هەست بەئارامی دەکەن، چونکە دەزانن زێڕ هەرگیز ناتەقێتەوە وەک چۆن بڵقی تومەن دەتەقێت.

ئابورییەک لەلێواری مەرگدا
شارەزایان دەڵێن، تێپەڕبونی دۆلار لە 20 هەزار تومەن‌و گەیشتنی سکەی ئیمامی بەو نرخە خەیاڵییانە، تەنها ژمارە نین، بەڵکو کۆتاییهاتنی دوایین هه‌ناسه‌ى ئابوریی وڵاتێکە کە گەندەڵی‌و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان دایڕزاندوە، ئێستا هاوڵاتی ئێرانی لەنێوان تومەنێکی بێبەهاو سکەیەکی دەستپێنەگەیشتودا، گوزەرانی ڕۆژانەی بەرەو نادیار دەچێت.

بەپەلە