سەمەد محەمەد
مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە کە هەموو حوکومڕانیە ئاینیەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە لە هەموو سەردەمەکاندا ئایین لە بنەما ڕوحی و ڕەوشتیەکانیەوە ئەگۆڕێت بۆ بەرنامەی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی ووردترین ووردەکاریەکانی ژیان بەپێی دەقە پیرۆز کراوەکانیان ، بەمەش دەق ئەگۆڕێ بۆ دەسەڵاتێک بەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤدا .
مەترسیدارترین شت لە دەوڵەتی ئایینیدا ئەوەیە کە هەژمارکردنی ئەو دەستوورەی کە بەپێی دەقە ئاینیەکە نوسراوە بە کۆتایی و ڕەها و ڕەوا بۆ هەموو سەردەم و شوێنەکان دادەنرێت و هەموو کەسێک پێویستە قبوڵی بکات ، سەرەڕای ئەوەی سەرچاوەی دەقەکان لە چوارچێوەیەکی مێژوویی دیاریکراودا هاتووە و زۆر جار هەندێک دەق هەندێکی تری پێشتری هەڵوەشاندۆتەوە هەر وەک چۆن ئایینێک ئایینێکی تری هەڵوەشاندۆتەوە ، هەموو دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی ئایینی لە مێژوودا بە ناوی خوداوە حوکومڕانیان کردوە و ئەگەر لە داهاتووداشدا دەسەڵات بگرن هەر وا ئەکەن ، بەڕێوەبردنی ئەو دەوڵەتە ئایینیە بە جێبەجێکردنی بەرنامەی خودا ڕادەگەیەنن و جێبەجێکردنی حوکمەکانی بە فەڕز لەسەر هەموو کەسێک ئەسەپێنن .
لە دەوڵەتی ئاینیدا ڕەخنەگرتن لە یاساکان و دەستور و تەنانەت بڕیارە سیاسیەکان قەدەغە ئەکرێت و بە دژایەتی خودا دائەنرێت بەجۆرێک ڕەخنەگرتن هاوتای هێرشکردنە سەر ئایینی خودا و دەرچوون لێی دەبێت و سزای قورسی بەسەردا ئەسەپێنرێت کە دەگاتە کوشتن ، مێژووی کۆن ونوێی مرۆڤایەتی ژمارەی زۆری لەم جۆرە دەوڵەتە ئایینیانەی لە دوو توێی لاپەڕەکانیدا تۆمار کردوە کە هەموویان لێوان لێون لە کوشت و بڕ و ستەمکاری و پێشێلکاری مافە سەرەتایی و بنەڕەتیەکانی مرۆڤ.
ئەم جیلەی ئێمەش لەسەردەمی ژیانی خۆماندا چەندین نمونەی دەسەڵاتداری ئایینیمان بینیوە وەک دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ( داعش) ، حوکومەتی تالیبان لە ئەفغانستان ، جمهوری ئیسلامی لە ئێران ، دەسەڵاتەکانی میلیشیاکانی بوکوحەرام لە نێجیریا و حوسیەکانی یەمەن و گرووپەکانی سەربە ئێران لە خوارووی عێراق کە هەموویان هەمان کارەسات و حوکمی شمشێریان بەسەر خەڵکدا سەپاندوە .بەڵام لە دەوڵەتی مۆدێرندا بەپێی ئەزموونە زیندووەکانی دنیای شارستانی دەوڵەتی مۆدێرن لەسەر بیرۆکەیەکی سادە دادەمەزرێت.
ئەویش ئەوەیە کە دەسەڵات دەبێت بە یاسا بەڕێوەبچێت و هاووڵاتیان لەبەردەمیدا یەکسان بن و هەر کاتێک دەستور و یاساکان پێویست بێت بەپێی خواستی گەل یان نوێنەرانی گەل دەگۆڕدرێن و بە هیچ جۆرێک پیرۆز نین و هاووڵاتیانیش بۆیان هەیە ڕەخنەی لێ بگرن و داوای گۆڕینی بکەن ، لە دەوڵەتی مۆدێرندا هیچ کەس و تاقمێک لە سەروو یاساوە نابێت وە کەسیش لەسەر ڕەخنەگرتن لە یاسا و دەستور سزا نادرێت بەڵکو وەک بەشێک لە مافی ئازادی تاک ئەژمار ئەکرێت ، سەروەر بوونی یاسا بۆ هەموانە بەبێ گوێدانە بیروباوەڕ یان پلەو پایەی سیاسی وکۆمەڵایەتی.
لە دەوڵەتی دیموکراتی مۆدێرندا یاسا نابێتە ئامرازێک بەدەست کەسێک یان گروپێکەوە بەڵکو چوارچێوەیەک ئەبێت کە هەمووان بە یەکسانی ئەپارێزێت و ئازادیە تاکی و ئیتنیکی و کلتوری و ڕۆشنبیریەکان و ئایینیەکان زامن ئەکات ، بۆیە ناتوانرێت دەوڵەتێکی مۆدێرن دروست بکرێت تا سیاسەت شەرعیەتی خۆی لە پیرۆزیەوە وەربگرێت ، دەوڵەتی مۆدێرن پێویستی بە یاسای مرۆیی سەردەمیانە هەیە کە کراوە بێت بۆ ڕەخنە و گۆڕانکاری و گونجاندن لەگەڵ سەردەمە جیاوازەکان ، نەک حوکومڕانی کردن بەو دەقە پیرۆزکراوەکان کە وەک دەقی سەروو لە ڕەخنە مامەڵەیان لەگەڵدا ئەکرێت.