تەلئەبیب لەدەستوەردانەکانی ئەمریکا لەگرژییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل نیگەرانە

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 379 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

رۆژنامەی "الشرق الاوسط" لەزاری چەند سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردوەتەوە، فەرماندەکانی ئیسرائیل نیگەرانن لەبەرامبەر دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە گرژییەکانیان لەگەڵ تورکیا، سەرچاوەیەکی دیکەش دەڵێت، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ئەبوو زوهور لەسوریا، تەنها وەک ئاگادارکردنەوەیەک بوە بۆ تورکیا کە بونی سەربازییان لە سوریا فراوان نەکەن.


(کەناڵی 12)ی ئیسرائیلی باسی لەوەکردوە، هێرشەکەی ئیسرائیل لەسوریا سنوردار بوە، بەمەبەست نەیانویستوە زیانی گیانی لێ بکەوێتەوە و تەنها شوێنی فڕین و نیشتنەوەی فڕۆکەکان کراونەتە، ئەوەش وەک ئاگادارکردنەوەیەک بوە بۆ تورکیا بۆ ئەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوو و سیستمی بەرگری ئاسمانی و موشەک لەو بنکە ئاسمانییەی سوریا جێگیر نەکەن.

هاوکات، سەرچاوەیەکی دیکەش ڕایگەیاندوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران و  یسرائیل کاتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئەو هێرشەیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن قۆستوەتەوەو لێککەوتە ئەمنییەکانیان لەبەرچاو نەگرتوە، ئەو هێرشەش و توڕەیی و نیگەرانی ئەمریکییەکانی لێکەوتوەتەوەو بەدیاریکراوی تۆم باراک نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سوریا و عێراق، ئیسرائیلی بە هەوڵدان بۆ پەلکێشکردنی تورکیای بۆ روبەڕوبونەوەی سەربازی تۆمەتبارکرد.