شاندی ئیمراڵی ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 623 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شاندی ئیمراڵی دەم پارتی لەڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی ئەو زانیارییانەی سەبارەت بەكۆبونەوەكانی شاندەكە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوبوونەوە ڕونكردنەوە دەدات.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەندێك نووسین كە وەك "تێبینییەكانی كۆبوونەوە نیشان دەدرێن و دەخرێنە پاڵ ناوی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، دووبارە لە دیجتاڵ میدیاكاندا بڵاوكراونەتەوە، ڕوون نییە لە كوێوە هاتوون و لەسەر چ بنەمایەكن. لەم نووسینانەدا هەندێك شت زیاد دەكرێن و هەندێكیش لادەبرێن. هەروەها دیسان هەندێك گوتە و دەربڕین سەبارەت بە كەسایەتییەكان زیاد دەكرێن. لە هەندێك لەو نووسینانەشدا كە بە ناوی كۆنووس بڵاودەكرێنەوە، هەندێك بانگەشە هەن كە ئامانجیان چەواشەكردنی ڕای گشتی و تێكدانی ڕەوتی قۆناغەكەیە".

دەشڵێن "ئەم جۆرە نزیكایەتییانە وەك جووڵەیەكی مەترسیدار دەبینین كە ڕاستەوخۆ دەیەوێت ئۆجالان و ئەو قۆناغەی گەیشتووەتە ئاستێكی گرنگ، تێكبدات و پەكبخات. ئێمە بە ئاشكرا دەڵێین كە ئەمە بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكرێت".

هەروەها شاندی ئیمراڵی جەحت دەكاتەوە، جارێكی تر جەختدەكەینەوە، تەنیا دەبێت بڕوا بەو بەڵگە، تێبینی و زانیارییانە بكرێت كە لەلایەن شاندی ئیمراڵی، یان لەلایەن ئەو بنەماڵە و پارێزەرانەوە دێن كە لەگەڵ ئۆجالان كۆدەبنەوە و بنەمایەكی فەرمییان هەیە.