شارپرێس:
لەیەکێک لەپڕکێشەترینو گرانبەهاترین کێبڕکێ هەڵبژاردنەکانی ویلایەتی کالیفۆرنیا، عائیشە وەهاب توانیی مێژویەکی نوێ بنوسێتەوە، ئەو نەک هەر کورسییەکی کۆنگرێسی ئەمریکای بەدەستهێنا، بەڵکو توانیی بەسەر ئەو تۆڕە داراییە زەبەلاحەشدا سەربکەوێت کە بەملیۆنان دۆلار هەوڵی بێدەنگکردنیان دەدا.
شهش ملیۆن دۆلار دژی یەک ژن
ئەوەی ئەم هەڵبژاردنەی کردە جێی سەرنجی میدیاکانی جیهان، تەنها کێبڕکێی دوو کاندیدی دیموکرات نەبوو، بەڵکو ئەو پارە خەیاڵییە بوو کە بۆ لێدانی عائیشە وەهاب خەرجکرا، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، لۆبییە سیاسییەکانی سەر بەئیسرائیل (وەک ئایپاک)و لایەنە نەریتخوازەکان، بڕی 6.4 ملیۆن دۆلاریان تەنها بۆ پشتگیریکردنی ڕکابەرەکەییو شێواندنی وێنەی وەهاب خەرجکرد، بەڵام دەنگدەرانی کالیفۆرنیا نیشانیاندا کە ئیرادەی سیاسیی بەپارە ناکڕدرێت.
کچێکی ئەفغانی لەلوتکەی دەسەڵاتی ئەمریکادا
فەوزەکەی عائیشە وەهاب تەنها سەرکەوتنێکی حزبی نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی مێژوییە؛ ئەو دەبێتە یەکەمین ژن لەمێژوی ئەمریکادا کە لەبنەچەدا ئەفغانی بێتو بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران، وەهاب کە پێشتر وەک یەکەمین ژنی موسڵمانی ئەفغانی لەپەرلەمانی کالیفۆرنیا ناسرابوو، ئێستا دەبێتە دەنگێکی بەهێزی ڕەوتی پێشکەوتنخواز لەناوجەرگەی واشنتۆن.
لەهەتیوخانەوە بۆ کۆنگرێس
عائیشە وەهاب دوای سەرکەوتنەکەی بەهەستێکی پڕ لەشانازییەوە وتی، "من بۆ ئەم ناوچەیە دەجەنگێم کە تێیدا گەورە بوم"، چیرۆکی ژیانی ئەو کە لەمنداڵییەوە لەپەناگەی بێسەرپەرشتان گەورەبوەو ئێستا گەیشتوەتە ناوەندی بڕیاردانی ئەمریکا، لەلایەن لایەنگرانیەوە وەک "نمونەی زیندوی خەونی ئەمریکی" وەسفدەکرێت.
پەیامێک بۆ داهاتوو
ئەم هەڵبژاردنە تایبەتە دوای دەستلەکارکێشانەوەی "ئیریک سوالوێل" هات بەهۆی تۆمەتی ڕەفتاری نەشیاو، بەڵام ئێستا گۆڕەپانەکە بۆ عائیشە وەهاب چۆڵ بوە، هەرچەندە ئەو تاوهكو مانگی یەکی ساڵی داهاتوو لەم کورسییەدا دەبێت، بەڵام سەرکەوتنەکەی لەم کێبڕکێیە سەختەدا، پەیامێکی ڕونە بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی تشرینی دوەم؛ پەیامێک کە دەڵێت، "دەنگی خەڵک لەدەنگی دۆلارەکان بەهێزترە".
ئێستا واشنتۆن چاوەڕێی هاتنی ژنێکە کە نە لەملیۆنەها دۆلار شڵەژاو نە لەلۆبییە گەورەکان پاشەکشەیکرد، عائیشە وەهاب ئێستا تەنها نوێنەری ناوچەیەک نییە، بەڵکو سیمبولی سەرکەوتنی "پێشکەوتنخوازەکانە" بەسەر پارەی سیاسیدا.
