شارپرێس:
لەناوجەرگەی مێژوەوە، لەو شوێنەی کە بەردەکان چیرۆکی هەزاران ساڵ بەرخۆدانو مانەوە دەگێڕنەوە، قەڵای دێرینی ئامەد جارێکی دیكه بوەوە بەسەکۆی گەیاندنی پەیامێکی سیاسییو نەتەوەیی بەهێز، لەچالاکییەکی کتوپڕو پڕ لەمانا، دیوارە ڕەشەکانی ئامهدى مێژویی، بەوێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانو پەیامی ڕێزگرتن لەشەهیدان نەخشێنران.
کاتێک دیوارەکان دەبنە زمان
لەکاتێکدا کە شارەکە لەژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنیدایە، "گەنجانی وڵاتپارێزی ئامەد" توانییان پۆستەرێکی گەورەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان شانبەشانی پانکارتێک کە پەیامی "وەفا بۆ شەهیدانی ئازادی" هەڵگرتبوو، بەبەرزاییەکانی قەڵاکەدا شۆڕبکەنەوە، ئەو پانکارتەی لەبەردەم بای ئامەددا دەلەرایەوە، تەنها پارچە قوماشێک نەبوو، بەڵکو بانگەوازێک بوو بۆ زیندوکردنەوەی یادەوەریی ئەوکەسانەی لەقۆناغە جیاوازەکاندا گیانی خۆیان لەپێناو ئازادیدا بەخشیوە.
لەسەر پانکارتەکە بەزمانێکی کوردیی پاراو نوسرابوو، "شەهیدانمان شکۆی ئێمەن؛ هەر شەهیدێک مەشخەڵێکە کە تاریکی ڕوناک دەکاتەوەو ڕێگهی ئازادی نیشاندەدات، شەهیدان نامرن، ئامەد بەشەهیدەکانی خۆی سەربەرزە"، ئەم دێڕانە وەک تیرێک ئاڕاستەی ئەو بێدەنگییە کران کە هەوڵدەدرێت بەسەر ناسنامەی شارەکەدا بسەپێنرێت.
حاڵەتی ئامادەباشیو لێکۆڵینەوەی توند
ئەم چالاکییە تەنها پەیامێک نەبوو بۆ خەڵک، بەڵکو بوە هۆی هەژاندنی دەزگا ئەمنییەکانی ناوچەکە، دەستبەجێ دوای بینینی پۆستەرەکە، هێزەکانی پۆلیسو تیمەکانی لێكۆڵینهوه لهتاوان گەیشتنە شوێنەکەو ناوچەکەیان گەمارۆدا، دیمەنی لێکردنەوەی پۆستەرەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەک نیشانەیەک بۆ "ترس لەسیمبولەکان" لێکدرایەوە.
بهگوێرهى سەرچاوە ناوخۆییەکان، هێزە ئەمنییەکان هەموو کامێراکانی چاودێریی ناوچەکەیان خستوەتە ژێر پشکنینێکی وردو لێکۆڵینەوەیەکی فراوانی دادوەرییان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی ئەو گەنجانە دەستپێکردوە کە ئەوکارەیان ئەنجامداوە.
ڕەهەندە مەعنەوییەکەی چالاکییەکە
ئەم هەنگاوەی گەنجانی وڵاتپارێز لەکاتێکی هەستیاردا دێت؛ کاتێک کە گوشارەکان لەسەر ئیرادەی سیاسیی لەباکوری کوردستان بەردەوامن، هەڵواسینی وێنەی ئۆجەلان لەسەر دیوارێک کە نیشانەی خۆڕاگریی مێژویی کوردە، پەیامێکی ڕاشکاوە کە دەڵێت، "نە دیوارەکان دەڕوخێنو نە یادەوەرییەکان کاڵ دەبنەوە".
چاودێرانى سیاسیى پێیانوایه، ئامەد جارێکی دیكه سەلماندی کە تەنها شارێک نییە، بەڵکو ڕۆحی زیندوی ناسنامەیەکە کە بەگرتنو چاودێری بێدەنگ ناکرێت، ئەو مەشخەڵەی گەنجان باسیان لێوەکرد، شەوی ئامەدی ڕوناک کردەوەو جارێکی دیكه سەرنجی هەموانی بۆ لای دۆزی ڕەوای گەلێک ڕاکێشا کە شەهیدەکانی بەشکۆی خۆی دەزانێت.
پۆستەرەکەى ئۆجهلانو پانکارتەکەش لەبەرەبەیانی دوێنێ 23ی ئابی 2026 هەڵواسران، پۆستەرەکە بۆ ماوەیەکی زۆر کەم بەدیوارەکەوە مابوەوە، بەهۆی ئەوەی ناوچەی (سور) لەئامهد لەژێر چاودێرییەکی توندی کامێراکانی پۆلیسدایە، هێزە ئەمنییەکان زۆر خێرا گەیشتبونە شوێنەکە، بهگوێرهى ڕاپۆرتە خۆجێییەکان، پۆستەرەکە تەنها چەند خولەکێک بۆ کاتژمێرێک مابوەوە پێشئەوەی تیمەکانی پۆلیس بەپەیژەی تایبەت بچنەسەر دیوارەکەو لای ببەن.
