کاندیدێکی کۆمارییەکان لەترسی دەنگدەرانی میشیگن پشتگیریی لۆبیی ئیسرائیل ڕەتدەکاتەوە

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1154 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکی بێپێشینەدا کە وەک "بومەلەرزەیەکی سیاسیی" لەناوخۆی ئەمریکا وەسفدەکرێت، کاندیدێکی دیاری پارتی کۆمارییەکان داوای لەبەهێزترین لۆبیی لایەنگری ئیسرائیل (ئایپاک) کردوە کە بەشێوەیەکی ئاشکرا پشتگیریی کەمپەینەکەی نەکات، ئەمەش نیشانەی گۆڕانی قوڵی ڕای گشتییە بەهۆی شەڕی غەززەوە.


ماڵپەڕی ئەکسیۆس-ی ئەمریکی ئاشکرایکردوە، ماک رۆجەرز کاندیدی کۆمارییەکان بۆ ئەنجومەنی پیران لەویلایەتی میشیگن، داوای لەلیژنەی کاروباری گشتی ئەمریکا-ئیسرائیل (ئایپاک) کردوە هیچ ڕیکلامێکی پشتگیریی بۆ بڵاونەکەنەوە، ئەم داواکارییە لەکاتێکدایە کە بەشێوەیەکی نەریتی، کاندیدە کۆمارییەکان کێبڕکێیان بوە بۆ بەدەستهێنانی سۆزی ئەم لۆبییە، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە.

ویلایەتی میشیگن ناوەندی گەورەترین ڕەوەندی عەرەبی‌و موسڵمانە لەئەمریکاو یەکێکە لەویلایەتە یەکلاکەرەوەکان، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڕۆجەرز دەترسێت پەیوەندییەکی ئاشکراو ڕاستەوخۆ لەگەڵ "ئایپاک" ببێتە هۆی توڕەکردنی دەنگدەران، بەتایبەت کە ڕاپۆرتە نوێیەکان ئاماژە بەوەدەکەن، کە 55٪ی دەنگدەرانی ئەو ویلایەتە دژی بەردەوامیی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکان بۆ ئیسرائیل.

ماک ڕۆجەرز پێیوایە، هێرشە توندەکانی "ئایپاک" بۆسەر ڕکابەرە دیموکراتەکەی (عەبدولسەید) کە دژی شەڕی غەززەیە، ئەنجامی پێچەوانەی هەبوەو وایکردوە عەبدولسەید وەک قوربانیی پارەی سیاسیی دەربکەوێت‌و لایەنگری زیاتر کۆبکاتەوە، تیمی رۆجەرز پێشنیازیانکردوە کە ئایپاک تەنها لەڕێگەی نهێنی‌و بەخشینی پارە بە سندوقە ناڕاستەوخۆکان هاوکارییان بکات، نەک بەناوو لۆگۆی فەرمیی خۆیەوە، بەڵام ئایپاک سورە لەسەرئەوەی ڕۆڵی دیاری هەبێت.

ئەم کێشەیە دەریدەخات کە "ئایپاک" چیتر وەک جاران "کلیلێكی سیحری" نییە بۆ سەرکەوتنی کاندیدەکان، بەڵکو لەویلایەتە هەستیارەکاندا بوەتە "خاڵی لاواز"، ئایپاک کە بڕی 60 ملیۆن دۆلاری بۆ کەمپەینەکانی ئەمساڵ تەرخانکردوە، ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ یان دەبێت بەشێوەیەکی نهێنی کاربکات، یان مەترسی ئەوە هەڵبگرێت کە پشتگیرییەکانی ببنە هۆی شکستی هاوڕێکانی لەکۆنگرێس.

ئەم وەرچەرخانە سیاسییە نیشانیدەدات کە پرسی غەززە تەنها پرسێکی دەرەکی نییە، بەڵکو لەناو دڵی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا، هاوکێشەی هێزی لەنێوان لۆبییەکان‌و ئیرادەی دەنگدەراندا گۆڕیوە.

بەپەلە