لەئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕدا ئەبو جەعفەر یەکێک لەکارەکتەرە باڵاکانی حەشدی شەعبی دەستگیرکرا

عیراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2498 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا کە دەنگدانەوەیەکی زۆری لەناوەندە سیاسیی‌و ئەمنییەکانی عێراقدا دروستکردوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، هێزێکی هاوبەشی ئەمنی یەکێک لەبەرپرسە باڵاکانی دەستەی حەشدی شەعبییان لەناوجەرگەی بەغدا دەستگیرکرد.


به‌گوێره‌ى ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوە ئەمنییەکانی بەغداوە دزەیانکردوە، هێزێکی هاوبەش کە پێکهاتبون لە"دەزگای دژەتیرۆر"و "بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان"، ئۆپەراسیۆنێکی هەڵکوتانەسەرو پشکنینیان بۆسەر ماڵی (ئەبو جەعفەر)، ئەندامی مەکتەبی ئەرکانی دەستەی حەشدی شەعبی لەناوچەی "بەلەدیات"ی خۆرهەڵاتی بەغدا ئەنجامداوە.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، پڕۆسەی دەستگیرکردنەکە زۆر بەنهێنی‌و بەبێ گرژیی چەکداریی گەورە بەڕێوەچوە، دوای ئەوەی هێزەکان گەمارۆی ماڵەکەیانداوەو فەرمانی دەستگیرکردنی یاساییان پێبوە.

سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن، ئەو خاڵەی کە ئەم دەستگیرکردنەی بەگرنگ‌و هەستیار وەسفکردوە، بەشداریکردنی هێزی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانە لەئۆپەراسیۆنەکەدا، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە تۆمەتەکان تەنها ڕەهەندی سیاسیی یان سەربازییان نییە، بەڵکو گومانی تێوەگلان لەدۆسیەی بازرگانی یان داڵدەدانی بازرگانانی مادە هۆشبەرەکانی لەسەرە، کە لەمساڵانەی دواییدا بوەتە گەورەترین مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق.

ئەبو جەعفەر وەک یەکێک لەکەسایەتییە کاریگەرەکانی ناو "مەکتەبی ئەرکان" لەدەستەی حەشدی شەعبی دەناسرێت، مەکتەبی ئەرکان یەکێکە لەهەستیارترین جومگەکانی حەشد کە بەرپرسە لەداڕشتنی پلانە سەربازییەکان‌و هەماهەنگیی نێوان گروپه‌كان، بۆیە دەستگیرکردنی کەسێکی ناو ئەم مەکتەبە بە "لێدانێکی جەرگبڕ" بۆ هەژمونی هەندێک لەباڵەکانی ناو ئەو هێزە دادەنرێت.

تائێستا دەستەی حەشدی شەعبی بەفەرمی هیچ ڕاگەیەندراوێکی لەسەر دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسەی بڵاونەکردوەتەوە، بەڵام ئەم ڕوداوە لەکاتێکدایە کە حکومەتی عێراق لەژێر فشاردایە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک‌و بنبڕکردنی تۆڕەکانی مادەی هۆشبەر کە هەندێکجار چەتری سیاسیی‌و سەربازییان بۆ دابیندەکرێت.

چاودێران پێیانوایە، ئەم دەستگیرکردنە ڕەنگە سەرەتای شەپۆلێکی نوێی دەستگیرکردنی "کەسایەتییە دەست لێنەدراوەکان" بێت‌و پەیامێکی توندبێت بۆ هەموو ئەو لایەنانەی کە وا دەزانن لەسه‌روى یاساوەن.

بەپەلە