شارپرێس:
لەعێراقدا، چەک بەیاسا کۆنترۆڵناکرێت، بەڵکو بە"ڕێککەوتنە سیاسییەکان" کاتی بۆ دەکڕدرێت، دوای سەردانە درێژخایەنهكهى محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ بەغدا، نەخشەڕێگهی چەکو دەسەڵات لەعێراق گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەرداهات؛ ئێستا پرسیارەکە ئەوەنییە "کەی چەک کۆدەکرێتەوە؟"، بەڵکو ئەوەیە، "عەلی زهیدیى سەرۆک وەزیران لەنێوان بەرداشی تارانو واشنتۆندا چۆن خۆی ڕزگاردەکات؟".
قالیباف؛ میوانێک بەدەسەڵاتی خاوەن ماڵ
سەردانەکەی قالیباف کە بەدرێژترین سەردانی بەرپرسێکی ئێرانی لەدوای شەڕی نێوان ئێرانو ئەمریکا دادەنرێت، تەنها سەردانێکی پەرلەمانی نەبوو، چاودێران دەڵێن، قالیباف وەک بڕیاردەرێکی باڵای ناوخۆیی ڕەفتاری کرد، ئەو کاتێک گەیشتە بەغدا کە یەکەم پریشکی پێکدادانی حکومەتو گروپە چەکدارەکان لەسەر دۆسیەی چەک دەرکەوتبوو، بەڵام پەیامەکەی ڕونبوو، ئهویش، "چەک دانانرێت، بەڵکو دەشاردرێتەوە یان دەپارێزرێت".
کۆتایی وادەی 30ی ئەیلول؛ پاشەکشەی حکومەت
هەرچەندە پێشتر 30ی ئەیلول وەک وادەی کۆتایی بۆ چەکداماڵینی گروپەکان دیاریکرابوو، بەڵام لێدوانەکانی ئەمدواییەی عەلی زهیدیىو وتەبێژەکەی، ئاماژەن بۆ پاشەکشە، زهیدیى ڕایگەیاند، "پێکدادان ڕونادات"، ئەمەش دوای ئەوەهات کە گروپە چەکدارەکانو تاران گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە دەکرێت پرۆسەی "كۆنترۆڵكردنى چەک" لەڕێگەی گفتوگۆوه بێت، نەک ڕوبەڕوبونەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم وادەیە لانیکەم شهش مانگی دیکە درێژدەکرێتەوە تاوەکو تاران لەگەڵ واشنتۆن دەگاتە ڕێککەوتنێکی نوێ.
لیژنەی سێیەم؛ کات کڕین بۆ تاران
بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان، لیژنەیەکی نوێ لە(نوری مالیکی، محەمەد شیاع سودانیو هادی عامری) پێکهێنراوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ گروپە ناڕازییەکان، ئەرکی ئەم لیژنەیە قورسە، بەتایبەت دوای ئەوەی قالیباف لەفڕۆکەخانەی بەغداوە "بەرهەڵستی عێراقی" بەهێزێکی "جیهانی" وەسفکرد، ئەم جوڵانە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ گۆڕینی چەکی گروپەکان لە"چەکی مەیدانی" بۆ "چەکی کۆگاکراو"، تاوەکو لەکاتی پێویستدا دژی ئەمریکا بەکاربهێنرێتەوە.
زهیدیى لەنێوان باراکو قالیباف-دا
ئێستا عەلی زهیدیى لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە، لەلایەک تۆم باراک نوێنەری واشنتۆن فشار دەکات بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکانو چەکداماڵین کە گروپەکان بە"دوژمنی شیعە" وەسفیدەکەن، لەلایەکی دیکەوە، تاران دەیەوێت ئابوریی عێراق بەتەواوی بەخۆیەوە ببەستێتەوەو کار بەدراوە ناوخۆییەکان بکات نەک دۆلار.
کۆتایی ساڵ؛ وادەی یەکلاکردنەوە یان لادان؟
زانیارییە دزەپێکراوەکان ئاماژە بەوەدەكەن، ئەگەر عەلی زهیدیى نەتوانێت هاوسەنگییەک لەنێوان نەخشە ڕێگاکەی قالیبافو داواکارییەکانی واشنتۆن دروستبکات، ڕەنگە تا کۆتایی ئەمساڵ لەپۆستەکەی دوربخرێتەوە، تاران دەیەوێت عێراق بکاتە (کۆگایەکی گەورەی چەکو سەنگەرێکی ئابوریی) بۆ کاتی مامەڵە گەورەکەی لەگەڵ ترەمپ، یان کڕینی کات تا ساڵی 2028.
لەکۆتاییدا، ململانێی چەک لەعێراق چیتر کێشەیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بەشێکە لەگرەوی گەورەی تاران لەناوچەکەدا، پرسیارە جەوهەرییەکەش ئەوەیە، ئایا واشنتۆن قبوڵی دەکات چەکەکان تەنها "کۆگا" بکرێن، یان فشارەکان بۆ سەر زهیدیى دەگەنە ئاستی تەقینەوە؟.
