مەزڵوم عەبدی پڕۆژەیەکی سیاسیی نوێ ڕادەگەیەنێت

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 747 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئامادەکاریی دەکات بۆ ڕاگەیاندنی پڕۆژەیەکی نوێی سیاسیی. 

ئەم هەنگاوە هاوكاتە لەگەڵ بەرهەوپێشچونی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریادا.

بەپێی سەرچاوە نزیکەکان، عەبدی لەپارێزگای حەسەکە زنجیرەیەک کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسان و کەسایەتییەکانی پارتە کوردی و سوریەکان دەستپێکردوە، بەمەبەستی تاوتوێکردنی کارنامەی بەرهەمێنانی کوتلەیەکی سیاسیی کە ڕەنگوڕوی نەتەوەیی بەسەردا زاڵ نەبێت. 

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەکردوە کە چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەمساڵ ڕاگەیاندنی فەرمی ئەم ڕێکخستنە نوێیە بکرێت، کە کەسایەتیی لەسەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی سوریا لەخۆدەگرێت و مۆدێلەکەی لەهەندێک پارتە کوردییەکانی تورکیا دەچێت.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، سیستەمی "هاوسەرۆکایەتیی" کە پێشتر لەهەسەدو ئیدارەی خۆسەر کاری پێدەکراو تێیدا پۆستەکان لەنێوان ژن و پیاوێکدا دابەش دەکرا، هەڵدەوەشێندرێتەوە. 

باس لەوەشکراوە کە  پڕۆژەکە ڕەزامەندیی حکومەتی سوریای بەدەستهێناوە و پلانیش هەیە نوسینگەی سەرەکیی لەدیمەشق بپێزرێت، بەڵام نەبونی یاسایەک بۆ ڕێکخستنی کاری پارتە سیاسییەکان پێدەچێت ببێتە ڕێگر لەم هەنگاوە.

لەلایەکی دیکەوە، باس لەوەشدەکرێت کە تورکیا دژایەتیی پێکهێنانی ئەم پێکهاتە نوێیە ناکات، بەو مەرجەی کەسایەتیی ناسوری و بەتایبەت ئەو ئەندامانەی پێشتری پەکەکە کە لەڕیزی هەسەددا جەنگاون تیایدا بەشدار نەبن.