شارپرێس:
لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی (ئێر فۆرس وەن)، دۆناڵد ترەمپ بەزمانێکی هەڕەشەئامێزو پڕ لەزانیاریی هەواڵگریی، پەردەی لەسەر سیناریۆیەکی مەترسیدار لادا کە ئارامیی ناوخۆی ئەمریکای خستوەتە ژێر پرسیارەوە.
ترەمپ پشتڕاستیکردەوە، دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە لەپلانێکی ئێرانی دەکەن بۆ بهئامانجگرتنى ویلایەتی کالیفۆرنیا، بهگوێرهى زانیارییەکان، تاران بەنیازە لەڕێگەی کەشتییەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لەناو جەرگەی دەریاوە بەرەو وشکانی ئەمریکا ڕەوانە بکات، لهو ڕوهشهوه ترەمپ بەڕۆژنامەنوسانی وت، "ئێمە ئاگاداری هەموو شتێکینو لەکاتی خۆیدا وەڵاممان دەبێت".
بەشە هەرە هەستیارەکەی قسەکانی ترەمپ تایبەتبوو بەئاسایشی ناوخۆ، ئاشکرایکرد، زانیاری وردیان لەسەر شانه نوستوەکانی ئێران لەناو خاکی ئەمریکادا هەیە، ترەمپ بەشێوازە تایبەتەکەی خۆی وتی، "شوێنی زۆربەیان دەزانینو چاومان لەسەر هەمویانە".
سەرۆکی ئەمریکا پەنجەی تۆمەتی بۆ ئیدارەی پێشوی جۆ بایدن درێژکردو ڕایگەیاند، کە "سیاسەتە شلەکانی کۆچبەریی" ڕێگەی بۆ هاتنە ناوەوەی ئەو گروپە مەترسیدارانە خۆشکردوە.
لەسەر ئاستی سەربازی، ترەمپ وێنای کۆتاییهاتنی هێزی دەریایی ئێرانی کێشا، ئەو جهختیكردهوه، "هێرشە ئاسمانیو دەریاییەکانی ئەمریکا (لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەی توند) شکۆو توانای سەربازیی تارانیان تێکشکاندوە، نزیکەی هەموو بەلەمەکانیانمان تێکشکاندوە، ئێمە لەدۆخێکی زۆر باشداین".
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لەکاتێکدایە کە جیهان بەدڵەڕاوکێوە دەڕوانێتە گهروى هورمزو کەناراوەکانی ئەمریکا، ئایا تاران دەتوانێت لەناو جەرگەی ئەمریکا وەڵامبداتەوە، یان باڵادەستیی سەربازیی واشنتۆن هەموو هەوڵەکان لەسەرچاوەوە کپدەکات؟.
