شارپرێس:
دوای ئەوەی بێبەشبونی بەشێک لەخانەنشینانی سەربازیی لەسنوری پارێزگای سلێمانی لەموچەی مانگی شوبات نیگەرانیو دەنگۆیەکی زۆری لێکەوتەوە، دواجار وەزارەتی داراییو ئابوری هەرێم بێدەنگی شکاندو پەردەی لەسەر وردەکارییەکان لادا، دهشڵێت، "کێشەکە تەنها پارە نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی گەورەی کارگێڕییە لەمیلاکاتی وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی".
بهگوێرهى ڕاگهیهنراوێكى بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ژمێرکاری سهر بهوهزارهتى دارایی ههرێم، "ئەو 801 کەسەی کە ناویان لەلیستی مانگی شوباتدا نەبوو، هەمویان کەمئەندامی سەنگەری هێزەکانی 70 بون، هۆکاری سەرەکی دروستبونی ئەو بۆشاییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دۆسیەکانیان لەقۆناغی گواستنەوەدا بوە لەوەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ سەر میلاکی وەزارەتی دارایی، کاتێکیش لیستەکان گەیشتونەتە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی، کات درەنگ بوەو لیستی گشتیی موچە ڕەوانەی بەغدا کرابوو".
ههر لهو ڕاگهیهنراوهدا ئاماژە بەوەكراوه، "سیستەمی نوێی پەیڕۆڵ هیچ ناوێک قبوڵناکات ئەگەر کۆدی (UPN) یان ناسنامەی بایۆمەتری نەبێت، لەکاتی وردبینیدا دەرکەوتوە کە بەشێکی زۆر لەو خانەنشینانە یان کۆدەکەیان نەبوە، یان وارسی کۆچکردوو بونو مامەڵە یاساییەکانیان بۆ نوێنەکراوەتەوە".
دوای هەوڵێکی چڕی لیژنە تایبەتمەندەکان، مژدەی ئەوەدراوه کە دۆسیەی 750 خانەنشین لەو کۆی 801 کەسە تەواوکراوەو ناویان خراوەتە ناو سیستەمی مانگی ئازارەوە، واتە چیتر کێشەی موچەیان نامێنێت.
سەبارەت بەو موچانەشی کە نهدراون، وەزارەتی دارایی دڵنیاییدەداتە خانەنشینان کە حکومەتی فیدراڵ بەڵێنیداوە سەرجەم ئەو شایستە داراییانە وەک قەرز لای خۆی بپارێزێتو دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە، هەموی بەسەریەکەوە خەرجبکرێتەوە.
ئەو هەنگاوەی وەزارەتی دارایی، هەرچەندە بۆ ماوەیەک دڵەڕاوکێی لای ئەو چینە تێکۆشەرە دروستکرد، بەڵام وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکاتو شەفافیەت لەلیستی موچەدا، تاوەکو لەداهاتودا هیچ خانەنشینێک بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە مافی نەخورێت.
