شارپرێس:
ناوەندە حکومییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران فەرمانی تەقەی ڕاستەوخۆیان بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەرکردووە کە بۆ پەیوەندیکردن ڕوو لە خاڵە سنوورییەکان دەکەن، و لەم چوارچێوەیەدا هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی فەرزین ساسانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە بریندار کراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا فەرزین ساسانی، خەڵکی گوندی "بەردەڕەشە"ی مەریوان لە کاتێکدا بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسوکاری لە ڕێگەی هێڵە تەلفۆنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە چوبو بۆ سەر سنوور، بە تەقەی هێزە حکومییەکان بریندار کرا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکومییەکان شوێنی جێگیربوونی خۆیان لە بنکەکان چۆڵ کردووە و بە دروستکردنی بنکەی کاتی لە ناو شاخەکاندا، هاتووچۆی هاووڵاتییانی سەرسنوور کۆنترۆڵ دەکەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم هێزانە فەرمانێکیان پێگەیشتووە هەر جۆرە هاتووچۆی کەسانێک کە گوماناوییە ڕابگرن و ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ بکەن.