ژماره‌ى كوژراوه‌كان بۆ 28 كه‌س به‌رزبوه‌وه‌.. عەسائیب پەیامێکی توند به‌ئەمریکاو عێراق ده‌دات

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4108 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاردانەوەیەکی تونددا بەرامبەر بەبۆردومانکردنی بارەگاکانیان لەعەکاشات، بزوتنەوەی عەسائیب ئەهلولحەق بەیاننامەیەکی هەڕەشەئامێزی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، "ئەم تاوانە بێوەڵام تێپەڕ نابێت".


عەسائیب بەئاشکرا هاوپەیمانیی ئەمریکی ـ ئیسرائیلی تۆمەتباردەکات بەئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی لیوای 19ی حەشدی شەعبی لەسەر سنوری سوریا.
    
بزوتنەوەکە دەڵێت، "ئەو خوێنەی ڕژا، دەبێتە هەوێنی هەڵوێستێکی نیشتمانیی یەکلاکەرەوە کە کۆتایی بەهەموو جۆرە پێشێلکارییەکی ئاسمانی‌و خاکی وڵات دەهێنێت".

عەسائیب هۆشداریدەدات کە ئەمریکا دەیەوێت بەزۆر عێراق ڕابکێشێتە نێو جەنگێکی نوێ‌و سەپاندنی واقیعێکی سەربازیی داگیرکاریی، کە گەلی عێراق هەرگیز قبوڵیناکەن.



بزوتنەوەکە بەزمانێکی توند داوا لەحکومەته‌كه‌ى سودانی دەکات دەستبەجێ‌و بەکردەیی، سەروەریی عێراق بسەپێنێت‌و چیتر ڕێگەنەدات ئاسمانی وڵات بۆ کوشتنی ڕۆڵەکانی عێراق بەکاربهێنرێت.

بەیاننامەکە ئاماژە بەوەدەکات، "ئەم هێرشە تەنها پێکدادان نییە، بەڵکو بەزاندنی سەروەریی دەوڵەتەو پێویستە هەڵوێستی نیشتمانی لەقسەوە ببێتە کردار بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان".

عه‌سائیب نوسیویه‌تى، "هێزە ئەمریکی‌و ئیسرائیلییەکان ئەم هێرشەیان ئەنجامداوەو ئه‌وه‌ش دەستدرێژییەکی ناپاکانەو پێشێلکارییەکی ڕونی سەروەریی عێراقه‌، چونکە بارەگاکە بەشێکە لەدامەزراوەیەکی سەربازیی فەرمی دەوڵەت، به‌داخه‌وه‌ هێرشەکە بوەتە هۆی شەهیدو برینداربونی ژمارەیەکی زۆر لەچه‌كداره‌كانى حەشدی شەعبی کە ئەرکی پاراستنی سنورەکانیان لەئەستۆ بوە".

عەسائیب هێزە ئەمریکییەکانی بەبەرپرسیاری یەکەم لەقەڵەمداوەو جەختیکردوەتەوە، "ئەمکارە بەبێ هەڵوێستێکی نیشتمانیی توند تێپەڕنابێت کە سنورێک بۆ پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئاسمان‌و خاکی عێراق دابنێت، ئەم هێرشانە هەوڵێکن بۆ سەپاندنی واقیعێکی سەربازیی نوێ‌و ڕاکێشانی عێراق بۆ نێو جەنگێکی نوێ، کە گەلی عێراق‌و هێزە نیشتمانییەکان بەهەموو شێوەیەک ڕەتیدەکەنەوە".

ئه‌م ڕاگه‌یه‌نراوه‌ له‌كاتێكدایه‌، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێکی ئاسمانی چڕ کرایەسەر یەکێک لەبارەگاکانی لیواى 19ى حەشدی شەعبی لەنزیک ناوچە سنورییەکانی قەزای قائیم لەڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، به‌گوێره‌ى ئه‌و وێنه‌یه‌ى له‌به‌رده‌ستى شارپرێسدایه‌، حه‌شدى شه‌عبى 28 كوژراوى هه‌یه‌.

هێرشەکە بەدوو قۆناغ بوە، سەرەتا بارەگاکە بۆردومانکراوە، دوای ئەوەی هێزێکی دیکە بۆ بەهاناوەچون‌و گواستنەوەی بریندارەکان گەیشتونەتە شوێنی ڕوداوەکە، کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی ئەو هێزەش کراوەتە ئامانج.

بەپەلە