هێزەکانی ڕۆژهەڵات داوای هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر هێرشەکانی سەر هەرێم دەکەن

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 126 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
هاوپەیمانی هێزه سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند، دەستدرێژی و  هێرشە مووشەکی و درۆنییه‌کانی کۆماری ئیسلامی و گرووپ و تاقمه‌ تێرۆریستییەکانی سه‌ر به‌و ڕژێمه‌ بۆ سه‌ر  هه‌رێمی کوردستان و به‌ئامانج گرتنی شوێن و جێگەی ژیانی سڤیلی پەنابەرانی کوردستانی ئێران نیشتەجێ لە هەرێم و هەروەها هێرش بۆ سەر کۆنسوولخانە و بارەگای سیاسیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بە توندی مەحکووم ده‌کات.

هاوپەیمانێتییەکە لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، داوا له‌ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن دژی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌کانی ئه‌م ڕژێمه‌ و میلیشیاکانی هەڵوێستی بەکردەوەیان هەبێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێ لەهەمبەر هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەڵوێستی هەبێت

هاونیشتمانییانی تێکۆشەر!
ناوه‌ند و  کۆڕ و کۆمەڵە‌  نێودەوڵەتییەکان!
هەرێمی کوردستانی عێراق لە سەرەتای شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیلەوە هەتا ئێستا سەدان جار بە مووشەک و دڕۆن هێرشی کراوەتە سەر. لەو نێوەدا بنکەکانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئیران و کەمپە مەدەنییەکانی ئەم حیزبانەش لە هەرێمی کوردستان بەئامانج گیراون کە لە تازەترینی ئەو هێرشانەدا پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە ناوی ئۆمید وەیسی و دوو پێشمەرگەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بە ناوی فەخرەدین مورادی و ئیقباڵ ساڵحی شەهید بوون.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە توندی دەستدرێژی و  هێرشە مووشەکی و دڕۆنییه‌کانی کۆماری ئیسلامی و گرووپ و تاقمه‌ تێرۆریستییەکانی سه‌ر به‌و ڕێژیمه‌ بۆ سه‌ر  هه‌رێمی کوردستان و به‌ئامانج گرتنی شوێن و جێگەی ژیانی سڤیلی پەنابەرانی کوردستانی ئێران نیشتەجێ لە هەرێم و هەروەها هێرش بۆ سەر کۆنسوولخانە و بارەگای سیاسیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بە توندی مەحکووم ده‌کات. هاوکات داوا له‌ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات دژی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌کانی ئه‌م ڕێژیمه‌ و میلیشیاکانی هەڵوێستی بەکردەوەی هەبێت.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێ کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵاتدا بە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی ناڕازی و خۆپێشاندەران و بەبارمتەگرتنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و لە دەرەوەی سنوورەکانی بە قەیرانخوڵقێنی و هەڵگیرساندنی شەڕ و ناسەقامگیری هەوڵ دەدا تەمەنی دەسەڵاتەکەی چەندی دەکرێ درێژتر بکاتەوە. بۆیە پێویستە وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانی پشتیوانی نەتەوەکانی ئێران و ماف و داخوازییە ڕەواکانیان بن. هەروەها دژی دەستدرێژی و پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکەی ناوچە بوەستنەوە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ (١٣/٣/٢٠٢٦)