لەهەڕەشەی ڕوخانی تارانەوە بۆ پاڕانەوە لەترەمپ.. ئەڵمانیا لەلێواری داڕماندایە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3346 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تەنها چەند مانگێک بەسەر لێدوانە ئاگرینەکانی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا (فریدریش مێرز)دا تێپەڕ دەبێت، کاتێک بەمتمانەیەکی تەواوەوە باسی لەکۆتاییهاتنی تەمەنی ڕژێمی ئێران دەکردو جیهانی بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە ئامادە دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ وێنەکە بەتەواوی پێچەوانە بوەتەوە؛ هەمان ئەو پیاوەی چاوەڕێی ڕوخانی نەیارەکانی بوو، ئێستا لەدەرگای کۆشکی سپی دەدات بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکەی.


نەخشەیەک کە سەرینەگرت
لەسەرەتای جەنگی نوێی ناوچەکەدا، بەرلین یەکێکبوو لەو دەنگە هەرە بەرزانەی کە پێشبینیدەکرد فشارەکان کۆتایی بەدەسەڵاتی تاران بهێنن، مێرز بەڕاشکاوی دەیوت، "ڕۆژانی ئەم ڕژێمە ڕوو له‌کەمییه‌"، بەڵام هەڵگیرسانی ئاگری جەنگ‌و تێوەگلانی ئەوروپا لەقەیرانێکی وزەو بازرگانیی بێوێنە، هاوکێشەکەی گۆڕیی.

تەوقەی ناچاری لەگەڵ ترەمپ
لەنوێترین کۆبونەوەی سەرکردەکانی گروپی حەوت (G7)، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا وەک پارێزەرێکی ئاشتی دەرکەوت، سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاشکرایدەکەن، مێرزو هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی، لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنی‌و کۆبونەوەی چڕدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، کڕوزاونەتەوە بۆ ئەوەی جەنگ ڕابگیرێت‌و فشارە ئابورییەکان کەمبکرێنەوە.

ئابوریی ئەڵمانیا.. لەبزوێنەرەوە بۆ پەککەوتە
هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕە، ترسێکی گەورەیە لەناو کەرتی پیشەسازیی ئەڵمانیا، ئابوریی ئەو وڵاتە کە بەبزوێنەری ئەوروپا دەناسرا، چیتر بەرگەی تێچوی جەنگ‌و باجە قورسەکانی ترەمپ ناگرێت، بەرلین گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی کە بەردەوامیی ئەم دۆخە، نەک ڕژێمی وڵاتانی دیكه‌، بەڵکو سەقامگیریی ناوخۆیی ئەڵمانیا خۆیشی دەخاتە مەترسییەوە.

چاودێران به‌ته‌نزه‌وه‌ ده‌ڵێن، ئەو ڕاوێژکارەی دەیویست نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت، ئێستا تەنها یەک ئامانجی هەیە، ڕازیکردنی ترەمپ بۆ ئەوەی کارگەکانی ئەڵمانیا دانەخرێن، ئەمە وانەیەکی توندە لەسیاسەتدا؛ کە چۆن بەرژەوەندییە ئابورییەکان دەتوانن لەچەند مانگێکدا شێری هەڕەشەکار بکەن بەکۆتری ئاشتیخواز.

بەپەلە