شارپرێس:
حسێن شەریعەتمەداری بەڕێوەبەری بەرپرسی ڕۆژنامەی کەیهانو نوێنەری ڕێبەری ئێران، سنورەکانی گوتاری سیاسییو ئایینی تێپەڕاندو موجتەبا خامنەیی کوڕی عەلی خامنەیی، وەک هەڵبژێردراوی خوداییو نوێنەری ڕاستەوخۆی ئیمامی زەمان ناساند.
شەریعەتمەداری لەوتارەکەیدا تێڕوانینێکی نوێ بۆ چەمکی ویلایەتی فەقیهـ دەخاتەڕوو، ئەو پێیوایە لەسەردەمی غەیبەتدا، ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایان (مجلس خبرگان) خاوەنی دەسەڵاتی هەڵبژاردن نین، بەڵکو تەنها ڕۆڵی دۆزەرەوە دەبینن.
بەوتەی ئەو، خودی ئیمامی زەمان (مەهدی چاوەڕوانکراو) لەڕێگەی ڕێنماییە پەنهانەکانەوە مۆجتەبا خامنەیی دیاریکردوەو تەنها ڕێگەی نیشانی شارەزایانداوە بۆ ئەوەی بیدۆزنەوە.
ئەو گوتارەی شەریعەتمەداری تەنها وەسفێکی سیاسی نییە، بەڵکو بەرگی پیرۆزی بەبەر پرۆسەی جێنشینیدا کردوە، ئەو بەڕاشکاوی دەڵێت، "گوێڕایەڵی بۆ موجتەبا خامنەیی، هەمان گوێڕایەڵی ئیمامی زەمانە".
ئەمەش بەو مانایەیە کە هەر جۆرە ڕەخنەگرتن یان ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەدەسەڵاتی ئەو، وەک یاخیبون لەئایینو پیرۆزییەکان ئەژماردەکرێت.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەم شێوازە لەقسهكردن لهسهر ڕێبهر، ئاماژەیەکی ڕونە بۆ بڕانەوەی پرسی جێنشینی كه دەسەڵات دەیەوێت بەبەکارهێنانی گوتاری ئایینی، ڕێگە لەهەر کێبڕکێیەکی سیاسیی بگرێت، بێدەنگکردنی نەیاران، کاتێک کەسێک وەک نوێنەری ئیمامی زەمان بناسێنرێت، ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەری دەبێتە کفر، تێپەڕاندنی دامەزراوەکان، بەم لێدوانە، ڕۆڵی یاساییو سیاسیی ئەنجومەنی شارەزایان کەمدەکرێتەوە بۆ تەنها ئامرازێکی جێبەجێکار.
ئەو لێدوانانە لەکاتێکدان، کۆمەڵگەی ئێران لەژێر گوشارێکی توندی ئابوریو سیاسیدایەو هەوڵدان بۆ پیرۆزکردنی جێنشینی سیاسیی، دەکرێت شەپۆلێکی نوێی کاردانەوە لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە بەدوای خۆیدابهێنێت.
