جۆن بۆڵتن: ڕژێمی ئێران لە کەشتییەکە نقوم دەبێت

ڕاپۆرت

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 60 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

وەرگێڕان: .حلمى رەسوڵ ڕەزا
ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەڵێت سوپای نیزامی دەتوانێت سەرکردایەتی قۆناغی ڕاگواستن (ئینتیقالی) بکات، بەڵام فاکتەری یەکلاکەرەوە بریتییە لە لاوازکردنی "سوپای پاسداران" و "بەسیج".
لە کاتێکدا جەنگی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەردەوامە، جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ڕووخانی ڕژێمی ئێران لە ڕێگەی لێدانی هەردوو دامەزراوەی "سوپای پاسداران" و "بەسیج"ەوە بووەتە کارێکی گونجاو؛ چونکە لاوازکردنیان ئێرانییەکان دەگەیەنێتە ئەو تاکە دەرەنجامەی کە ڕژێم چیتر ناتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، ئەو کاتەش ڕووخانی تەنها "مەسەلەی کاتە". هەروەها دووپاتی کردەوە کە جەنگەکە درزی خستووەتە نێو پێکهاتەی ڕژێم و توانای هەڕەشەکردنی بۆ سەر گەلەکەی و جیهان کەم کردووەتەوە.
بۆڵتن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "ئیندپێندێنت عەرەبی" ڕایگەیاند: "دەبێت ئەندامانی ڕژێم دان بەوەدا بنێن کە ئەم کەشتییە نقووم دەبێت، ومنیش نامەوێت لەگەڵیدا بخنکێم، ئەو کاتە دەست دەکەن بە جیابوونەوە و چوونە پاڵ ڕیزەکانی ئۆپۆزسیۆن کە بە فراوانی لە ناوخۆی ئێراندا بڵاوە، بەڵام هەموو ئەمانە پێویستی بە کارکردن و هەماهەنگی هەیە لەگەڵیاندا". ئاماژەی بەوەش کرد کە "گۆڕینی ڕژێم تاکە بژاردەیە، چونکە ژیان لەگەڵ هەڕەشەکانیدا چیتر گونجاو نییە، ئەمەش بەهۆی بیروباوەڕی ئایدۆلۆژی و سووربوونی لەسەر خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی و تێوەگلانی لە تیرۆردا بۆ ماوەی ٤٧ ساڵ".
داخورانی تواناکانی سوپای پاسداران
ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی جەختی لەوە کردەوە کە سوپای پاسداران تەنانەت پێش کوژرانی خامنەییش کۆنترۆڵی ئێرانی کردووە، و بزوێنەری سەرەکیی بەرنامەی ئەتۆمی و بەرنامەی موشەکە بالیستییەکانە، هەروەها نزیکەی ٤٠٪ی ئابووریی ئێران کۆنترۆڵ دەکات. وتیشی: "هەموو ئەوەی 'ئایەتوڵاکان' لە مێژەوە دابینی دەکەن، جۆرێکە لە پەردەی ئایدۆلۆژی و شەرعییەت بۆ سوپای پاسداران"، بەڵام دانی بەوەدا نا کە لەناوبردنی خامنەیی و ٥٠٠ کەس لە سەرکردەکان پڕۆسەی حوکمڕانیی ئاڵۆز کردووە.
بۆڵتن پێیوایە سەرکردەکانی سوپای پاسداران سوور بوون لەسەر دەستنیشانکردنی مجتبی خامنەیی بۆ پۆستی ڕێبەر، چونکە ئەو قەرزاری ئەوانە و بەو هۆیەوە هەژموونێکی زۆریان بەسەریدا دەبێت؛ هەروەها بە "کاندیدێکی نموونەیی" وەسفی کرد بۆ ئەوەی پەردە ئایدۆلۆژییەکەیان بۆ بەردەوام بکات. وتیشی: "ئەمە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیەکی زیاترە لەسەر ئەوەی کە دوورخستنەوەی پیاوانی ئایینی یان حکومەتی مەدەنی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە ئێراندا ناکات، چونکە ئەو هێزە ڕاستەقینەیەی کە دەبێت لاببرێت سوپای پاسدارانە".
سەبارەت بە ئامانجی هێرشەکان، بۆڵتن وتی: "ڕوونە کە هێرشەکان بە شێوەیەکی پەرەسەندوو بنکەکانی سوپای پاسداران (باڵی دەرەکیی ڕژێم) و دامەزراوەکانی هێزەکانی بەسیج (کە بە باڵی ناوخۆیی سەرکوتکردن دادەنرێت) دەکەنە ئامانج. هەروەها وا دەردەکەوێت کە ئەندامانی سوپای پاسداران بنکە و سەربازگەکانیان جێهێشتووە و لە شوێنی جیاوازدا خۆیان حەشارداوە، ڕەنگە لە قوتابخانە، مزگەوت یان تەنانەت نەخۆشخانەکانیشدا بن. پێموایە تواناکانیان لە داخورانە و جبەخانەی موشەکە بالیستییەکانیشیان ڕوو لە کەمییە."
ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی ئەمریکا لە کاتی کارکردنی ئەودا تاوتوێی وردەکاریی ئەو ماوەیەی نەکردووە کە تێکشکاندنی سوپای پاسداران و بەسیج دەیخایەنێت، بەڵام وتی: "لە کۆتاییدا پێویست دەبێت سوپای نیزامی قایل بکرێت بەوەی کە تاکە ڕێگا بۆ ڕزگارکردنی وڵات ڕزگاربوونە لە ڕژێم". ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەی ئەندامانی سوپای پاسداران نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەسە ئەگەر هێزە یەدەگەکان و پێکهاتەکانی تریش هەژمار بکەین، لە کاتێکدا ژمارەی ئەندامانی سوپای نیزامی نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەسە.
چی کۆتایی بە ڕژێم دەهێنێت؟
بۆڵتن وتی: "خاڵە ڕاستەقینەکانی فشار لە توانای سەربازیدا چڕبوونەتەوە، واتە لەناوبردنی تەواوەتیی توانای ئەوان بۆ ئەنجامدانی هێرشی تۆڵەسەندنەوە بە موشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان". ڕوونیشی کردەوە کە هێزی ئاسمانی و دەریایی ئێران تا ڕادەیەکی زۆر تێکشکێنراون، بۆیە ئێران ڕووبەڕووی دۆخێکی تادێت سەختتر دەبێتەوە لە بەئامانجگرتنی دەوڵەتانی عەرەبیی کەنداو یان هێزەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل؛ "ئەگەر بتوانین توانای ئەوان بۆ سەرکوتی ناوخۆیی تێکبشکێنین، ئەوا لە ڕووی کردارییەوە هاوکاریی ئۆپۆزسیۆن دەکات".
سەبارەت بە سیناریۆ ئەگەرەکان، وتی: "ئەو شتەی کە دەبێت ئەمریکا هەوڵی بۆ بدات، هاتنەکایەی ڕژێمێکی نوێیە، بەڵام لە قۆناغی ڕاگواستندا ڕەنگە پشتگیری لە حکومەتێک بکات کە لەلایەن جەنەڕاڵەکانی سوپای نیزامییەوە سەرکردایەتی بکرێت، نەک لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، بەڵکو لەلایەن هێزە چەکدارە تەقلیدییەکانەوە". ئاماژەی بەوەش کرد کە "حکومەتێکی لەو شێوەیە دەتوانێت مەودایەک بۆ گەلی ئێران بڕەخسێنێت تاوەکو پڕۆسەیەکی ڕاوێژکاری دەستپێ بکەن و لەو ڕێگەیەوە شێوازی ڕژێمە سیاسییە نوێیەکە دیاری بکەن و دواتر هەوڵی جێبەجێکردنی بدەن".
دەربارەی ئەگەری بەشداریبوونی کورد لە جموجۆڵی زەمینی دژی ڕژێمی ئێران، بۆڵتن وتی: "ئەوان لە چاو بەشەکانی تری دانیشتوواندا چەکی زیاتریان لەبەردەستە". ئاماژەی بەوەش کرد کە گوتراوە سوپای پاسداران لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکان زۆرێک لە دەسەڵاتەکانی خۆی بەخشیوە بە فەرماندەکانی لە ٣١ پارێزگاکەی ئێراندا، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا. وتیشی: "ئەگەری ئەوە هەیە حکومەتی ناوەندیی ئێران کۆنترۆڵی هەندێک لە پارێزگا دوورەدەستەکان لەدەست بدات، وەک ناوچەکانی بەلوچ لە باشوور و باشووری ڕۆژئاوا، و ڕەنگە لە ناوچە کوردییەکانی باکووری ڕۆژئاواشدا، ئەمەش فشاری سەر سوپای پاسداران زیاد دەکات؛ هەرچەندە فشارەکان لەسەریان زیاد بکات و زیانی گەورەتریان پێ بگات، ئەگەری داڕووخانی ڕژێم زیاتر دەبێت".
شانە نوس