ئەمریکا داوا لە ئەحمەد شەرع دەکات هێز بۆ شەڕی حیزبوڵا ڕەوانەی لوبنان بکات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 621 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
 ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوە سەربازی و سیاسییە ئاگادارەکان بڵاویکردەوە، ئەمریکا هانی سوریای دا بیر لە ناردنی هێزەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی لوبنان بکاتەوە بۆ یارمەتیدانی چەکداماڵینی حیزبوڵا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسەکە، دیمەشق دوودڵە لە ڕازیبوون بەم پێشنیازە و ئەرکە، ترسی ئەوەی هەیە ڕابکێشرێتە ناو شەڕی فراوانتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و توندترکردنی گرژییە تائیفیەکان.

حکومەتی سوریا بە وریاییەوە بیر لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سنوور بەزاندن دەکاتەوە بەڵام تا ئێستاش دوودڵە.

بەرپرسێکی باڵای سوریا ڕایگەیاند، دیمەشق و هاوپەیمانە عەرەبییەکانی ڕێککەوتوون کە سوریا لە دەرەوەی شەڕ بمێنێتەوە و تەنها ڕێوشوێنی بەرگری بگرێتەبەر.

سەرچاوەیەکی هەواڵگری ڕۆژئاوایی و بەرپرسێکی ئەوروپی ڕایانگەیاند، ئەمریکا داوای لە سوپای سوریا کردووە ڕۆڵێکی چالاکتر لە ڕووبەڕووبوونەوەی حیزبوڵا لە لوبنان بگێڕێت، لەنێویاندا ئەگەری لەشکرکێشی بەرەو ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.

 بەرپرسێکی سەربازی سوریا ڕایگەیاند کە تا ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی سەبارەت بە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی ئەگەری لە ناوخۆی لوبنان نەدراوە، بەڵام بژاردەی دەستێوەردان لە ئەگەری دروستبوونی ناکۆکی نێوان دەوڵەتی لوبنان و حیزبوڵا دەمێنێتەوە.

بەپەلە