تەقینەوەی گەورە لەواشنتۆن.. کاتۆلیکیه‌كان دژى تره‌مپ هاتنه‌ده‌نگ

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1548 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، هەوڵدەدات بەرگی پیرۆزیی‌و نەبوەت یان وەک نەخشەڕێگەیەکی غەیبی بەکاربێت بۆ ئەوەی ڕەوایی بدرێتە ڕشتنی خوێن‌و تێکدانی سەقامگیریی جیهان، کڵێسای کاتۆلیکی بەڕابەرایەتی پاپایەک کە ڕەگ‌و ڕیشەی لەخاکی ئەمریکادایە، گەورەترین گورزی ئەخلاقی‌و سیاسیی لەو جەنگە دەوەشێنێت، ئەمڕۆ لەواشنتۆن، شەڕەکە تەنها لەنێوان سوپاکاندا نییە، بەڵکو لەنێوان دوو دیدگای ئاینیی دژبەیەکدایە، ئه‌وانیش (لاهوتی کۆتایی زەمان)ی ترەمپ‌و (دیپلۆماسیی ئاشتیی)ی ڤاتیکان.


لێسەندنەوەی شەرعییەتی ئاینی.. جەنگێکی نادادپەروەر
بۆ یەکەمجار لەمێژودا، پاپا لاوۆنی چواردەیەم کە پاپایەکی ئەمریکییە، بێدەنگی شکاندو پرسیارێکی قورسی ئاراستەی سەرکردەکان کردو وتى، "ئایا ئەو سەرکردە مەسیحییانەی جەنگ هەڵدەگیرسێنن، ئازایەتی ئەوەیان هەیە دان بەگوناهەکانیاندا بنێن؟"، ئەم پەیامە تەنها ئامۆژگاریی نەبوو، بەڵکو لێسەندنەوەی ئەو "پۆشاکە ئاینییە" بوو کە ترەمپ بۆ پاساودانی جەنگەکەی بەکاریدەهێنا.

کاردیناڵەکانی ئەمریکا، وەک (ڕۆبێرت ماکلرۆی، بڵیز کۆبیچ)، بەتوندی هێرشیانکردەسەر سیاسەتەکانی کۆشکی سپی، کۆبیچ شێوازی پڕوپاگەندەی جەنگەکەی بەشێوازی هۆڵیودو قێزەون ناوبرد، جەختیکردەوە، مرۆڤایەتی لەم کێبڕکێیەدا کراوەتە قوربانیی یارییە ڤیدیۆییەکان.

"ئەرمێگدۆن" لەنێو سوپای ئەمریکادا
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، زیاتر لە 200 سکاڵا لەلایەن سەربازانی ئەمریکی لە50 بنکەی سەربازیی جیاواز تۆمارکراون، سەربازەکان دەڵێن فەرماندەکانیان نەبوەتە مەسیحییەکان، بەکاریدەهێنن بۆ پاساودانی کوشتار لەئێران‌و وا وێنای دەکەن کە ئەمە جەنگی کۆتایی زەمانە.

ئەم تێکەڵکردنەی ئاین‌و سەربازیکردن، نەک هەر یاساکانی جەنگی تێکشکاندوە، بەڵکو بنەماکانی باوکانی دامەزرێنەری ئەمریکاشی هەڵوەشاندوەتەوە کە جەختیان لەجیاکردنەوەی ئایین‌و دەوڵەت دەکردەوە.

ژمارەکان دەدوێن.. مەترسی لەسەر هەڵبژاردنەکان
کاریگەریی کڵێسا تەنها لەناو میحرابەکاندا نییە، بەڵکو لەسندوقەکانی دەنگداندایە، بۆ نمونه‌، کاتۆلیکەکان 23٪ی دانیشتوان كه‌ ده‌كاته‌ نزیکەی 75 ملیۆن کەس لەئەمریکا کاتۆلیکن، له‌ناو کۆنگرێس، له‌ 30٪ی ئەندامانی کۆنگرێسی نوێ کاتۆلیکن، ئەمەش بەربەستێکی یاسایی گەورە بۆ ترەمپ دروستدەکات،
لەویلایەتەکانی وەک (پێنسڵڤانیاو میشیگن)، گۆڕانی تەنها 2٪ی دەنگی کاتۆلیکەکان بەسە بۆ ئەوەی پارتی کۆماریی ترەمپ لەهەڵبژاردنی نیوەی خولدا توشی شکستی گەورەببێت.

ئێستا ترەمپ خۆی لەبەردەم بەرەیەکی نوێدا دەبینێتەوە، ئەمەیان نە تارانەو نە موشەکەکانی، بەڵکو ویژدانی کاتۆلیکییە لەناو جەرگەی ئەمریکادا، کاتێک کڵێسا دەڵێت، ئەم جەنگە ئەخلاقی نییە، ترەمپ گەورەترین چەکی خۆی کە پشتیوانیی ئاینی بوو لەدەستدەدات، ئەنجامی ئەم کێبڕکێیەش نەک هەر چارەنوسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو چارەنوسی سەرۆکایەتیی ترەمپیش دیاریدەکات.

بەپەلە