كێنت به‌نامه‌یه‌ك ئاگر له‌كۆنگرێس‌و كۆشكى سپى به‌رده‌دات

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2811 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەهەنگاوێکی کتوپڕو چاوه‌ڕواننه‌كراودا کە وەک بومەلەرزەیەکی سیاسیی لەناوەندی بڕیاری ئەمریکادا وەسفدەکرێت، جۆزێف کێنت بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانیی دژەتیرۆری ئەمریکا (NCTC)، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، چاودێران پێیانوایه‌، ئەو بڕیارە تەنها جێهێشتنی پۆستێک نییە، بەڵکو گەورەترین درزە لەناو جەستەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا لەوەتەی دەستپێکردنی جەنگی ئێران.


کێنت: نامەوێت مێژوی عێراق لەئێران دوبارەبێتەوە
جۆزێف کێنت کە بەیەکێک لەدڵسۆزترین پیاوانی ترەمپ‌و هەڵگرانی دروشمی (ئەمریکا لەپێش هەموانەوە) ناسرابوو، بەزمانێکی زۆر توند ڕەخنەی لەسیاسەتە نوێیەکانی واشنتۆن گرت، کێنت لەنامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا ڕایگەیاندوه‌، "بەویژدانێکی ئاسودەوە ناتوانم پشتگیریی لەجەنگێک بکەم کە تەنها بۆ بەرژەوەندیی تەلئەبیب‌و گروپە فشارەکان هەڵگیرساوە".

کێنت ئاماژەی بەوەکرد، "ئێران هیچ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی بۆسەر ئەمریکا نەبوە، بەڵکو ئەوەی ڕودەدات پلانێکی داڕێژراوی ئیسرائیل‌و بەریتانیایە بۆ ڕاکێشانی ئەمریکا بۆ ناو تەڵەیەکی خوێناوی تر لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

جەنگاوەرێک کە ئازارەکانی کردە هەڵوێست
کاریگەریی ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە لەوەدایە کە کێنت تەنها بەرپرسێکی سیاسیی نییە، ئەو ئەفسەرێکی پێشوی هێزە تایبەتەکانە (کڵاو سەوزەکان) کە 11جار بەشداریی لەئۆپەراسیۆنە جەنگییەکاندا کردوە، لەوەش زیاتر، ئەو هاوسەری شانۆن کێنت بوو کە لەساڵی 2019 لەجەنگێکی دروستکراودا لەسوریا گیانی لەدەستدا.

کێنت بەترەمپی وت، "من جەنگاوەرێکم‌و هاوسەری ژنێکم کە لەجەنگێکی فێڵاویدا کوژرا، ناتوانم ڕێگە بدەم نەوەیەکی نوێی ئەمریکی ببنە قوربانی درۆکانی مێدیاو تەڵەی ئیسرائیل".

لێکەوتەکان.. ئایا ستراتیژیی ئەمریکا لەپێش هەموانەوە کۆتاییهات؟
ئەم ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یه‌ متمانەی بەپاساوەکانی جەنگ لای ڕای گشتیی ئەمریکاو جیهان لاوازکردوە، میدیاکانی ئەمریکا دەڵێن، دەستلەکارکێشانەوەی کێنت نیشانەی ئەوەیە کە تەنانەت لەناوجەرگەی دەزگا هەواڵگرییەکانیشدا، گومانێکی گەورە لەسەر دروستیی ئەم جەنگە هەیە.

کێنت لەکۆتایی پەیامەکەیدا داوای لەترەمپ کردوە کە هەلی مێژویی بەکاربهێنێت بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی جەنگ، پێشئەوەی ئەمریکا بەرەو داڕمانی گشتگیر هەنگاوبنێت.

كاردانه‌وه‌ى كۆشكى سپى چى بوو؟
دۆناڵد ترەمپ لەلێدوانێکی خێرادا بۆ ڕۆژنامەنوسان، کێنتی بەلاواز لەڕوی ئەمنییەوە وەسفکردو ڕایگەیاند، "دەستلەکارکێشانەوەکەی شتێکی باشە، چونکە ئەوکەسانەی پێیانوایە، ئێران هەڕەشە نییە، جێگەیان لەئیدارەکەمدا نابێتەوە".

هاوكات کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی نامەكه‌ى کێنتی بەپڕ لەزانیاریی چەواشەکارانە ناوبردو جەختیکردەوە، ترەمپ بەڵگەی تەواوی لەبەردەست بوە کە ئێران بەنیازی هێرشى هه‌بوه‌ بۆسەر ئەمریکاو بڕیاری جەنگەکە بۆ پاراستنی گیانی ئەمریکییەکان بوە.

كۆنگرێس‌و كۆمارى‌و دیموكراته‌كان
ده‌نگ له‌کۆنگرێسی ئەمریکاش به‌رزبوه‌وه‌، مایک جۆنسن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، پشتگیریی خۆی بۆ جەنگەکە دوپاتکردەوەو ڕایگەیاند، "زانیارییە هەواڵگرییەکان دەریانخستوە کە ئێران هەڕەشەیەکی نزیکبوەو هێرشی پێشوەختە پێویست بوە".

له‌دیموکراتەکانیش سیناتۆر مارک وارنەر کە سەرۆکی لیژنەی هەواڵگرییە وتى، "هەرچەندە لەڕابردودا ڕەخنەی زۆرم لەکێنت هەبوە، بەڵام لەم خاڵەدا لەگەڵیدام کە هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو بۆ هەڕەشەیەکی نزیک لەلایەن ئێرانەوە نەبوە بۆسه‌ر ئێران تاوه‌كو وابكات ڕه‌وایه‌تى به‌و جەنگەى ئێستا بده‌ین".

له‌به‌رامبه‌ریشدا دۆن بەیکۆن ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران له‌کۆمارییەکان، بەتوندی هێرشیکردەسەر کێنت‌و وتی، "بەخێربێتەوە"، هاوكات تۆمەتباریکرد بەوەی، لەنامەکەیدا زمانی "دژە جولەکە"ی بەکارهێناوە.

دامەزراوە هەواڵگرییەکان
نوسینگەی تولسی گابارد سه‌رۆكى بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی (ODNI) کە کێنت یارمەتیدەری بوە تائێستا هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەکە نەداوەو بێدەنگی هەڵبژاردوە.

ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە بوەتە هۆی دروستبونی مشتومڕێکی گەورە لەواشنتۆن، بەجۆرێک کە هەندێک لەبەرپرسان دەڵێن، ڕەنگە ببێتە هۆی زنجیرەیەک دەستلەکارکێشانەوەی تریش لەناو ئیدارەی ترەمپدا.

بەپەلە