ئۆجالان پەیامێکی بۆ جەژنی نەورۆز بڵاوکردەوە

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 559 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە لە پەیامێکدا دەڵێت، “داستانی نەورۆز هەزاران ساڵە لە لایەن گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە وەک جەژنی ژیانەوە و بەرخۆدان و بەهار پیرۆز دەکرێت، نەورۆز ڕۆحی بەرخۆدان و ژیانەوەی گەلانمانی بوژاندەوە"ٚ.

لەپەیامەکەدا هاتووە، پێداگری لەسەر درێژەدان بە سیاسەتە دێرینەکان لە ناوچەکەدا ڕۆژانە کارەساتی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەو پارچەبوونەی کە سیاسەتەکانی سەرکوت و ئینکاری و دوژمنایەتی بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستیان کردووە، بەداخەوە ئەمڕۆ وەک بیانوویەک بۆ دەستێوەردانەکانی ئیمپریالیزم بەکارهێنراون.

دەشڵێت، هەرچەندە ئەو شەڕە ئاینی و مەزهەبییانەی کە بۆ ماوەی سێ سەدە لە وڵاتانی ئەورووپادا بەردەوام بوون، بە پەیمانی وێستفالیا لە ساڵی ١٦٤٨ چارەسەر کران، بەڵام بەردەوامبوونی ئەو ململانێیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئەمڕۆ بووەتە هۆکاری تراژیدیای قووڵ بۆ گەلانمان. بەڵام ئەمڕۆ دەرفەتێکمان هەیە کە کولتوور و باوەڕەکان جارێکی تر بتوانن پێکەوەبژێن. ئەوە لە دەست ئێمەدایە کە ژینگەی شەڕ و ئاژاوەگێڕی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەبێت، بگۆڕین بۆ باخچەیەکی ئازادیی بۆ هەموو گەلان. دەتوانین ئەو تراژیدیایانەی بەسەرماندا دەسەپێنرێن پێچەوانە بکەینەوە و ژینگەیەکی ئازادیی بۆ گەلان بونیاد بنێین.

هەروەها ئۆجالان دەڵێت، ئێستا، لاپەڕە شاراوەکانی مێژوو ئاشکرا دەبن، ئەگەری ئاشتی نێوان گەلان و بونیاتنانی نەتەوەی دیموکراتیک لە زیادبووندایە. لەگەڵ تێپەڕاندنی نەریتی دەوڵەتی سوونە و شیعە و نەریتی نەتەوەپەرستی، دەرفەتی پێکەوە ژیانی ئازاد لە نێوان گەلان بەهێزتر دەبێت. ئەمڕۆ لاپەڕەیەکی نوێ کراوەتەوە. ڕێگا بۆ گەلانی ئەم ناوچەیە کراوەتەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئازادانە پێکەوە بژێن.

ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە دەڵێت، ئەو پڕۆسەیەی کە لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ دەستمان پێکرد، ئامانجی زیندووکردنەوەی بناغەکانی یەکڕیزییە بەگوێرەی ڕۆحی نەورۆز. بۆ ئەمەش پێویستە باوەڕمان بەوە هەبێت کە کولتوور و باوەڕەکان دەتوانن پێکەوەبژێن، دەتوانین بەسەر ئایدۆلۆژیا تەنگەکانی نەتەوەپەرستییدا زاڵبین و لەسەر بنەمای ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک ببینە یەک و پێکەوە هەبوونمان بونیاد بنێین. پێویستە ئەو هۆشیارییە بخەینەڕوو کە ئەمڕۆ دەتوانین بەسەر هەموو جۆرە شەڕ و هەژاری و دڕندەیییەکدا بەسەر بکەوین، وەک ئەوەی لە مێژووی ئێمەدا هەبووە.

ڕاشیگەیاندووە، نەورۆزی ٢٠٢٦ بە هەموو شکۆمەندییەکەیەوە نوێبوونەوەی ئەم مێژووەیە. مێژوو ئێستا سەرهەڵدەدات، بۆ هۆشیاری لەسەر بنەمای ناسنامەی کولتووری ڕاستەقینە، دەگاتە دەرفەتێکی مەزن. مانا و هێزی نەورۆز وەک “ئێستا” لەسەر شانۆی مێژوو سەرهەڵدەدات. نەورۆزی ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوو گرنگییەکی مێژوویی وایان هەیە. نەورۆزی ٢٠٢٦ لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیەوە زیندوو دەبێتەوە، لەم ساتەدا بە هەنگاوێکی گەورە بە دیموکراتیکبوون و ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک دەژێتەوە؛ ڕەنگی نەورۆز وەردەگرێت.

هەروەها دەڵێت، با فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە هەموو پەیوەندییەکانماندا بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە و ژیانێکی ئازاد بەدەست بهێنین. با لەوە تێبگەین کە نەورۆز ئیتر هیوا و خەون و تیۆری نییە، بەڵكو ساتێکی جێبەجێکردنی پراکتیکییە. وەرن با بە هۆشمەندییەکی تەواو و و قووڵی ماناوە وەڵامی ئەم ساتەی جێبەجێکردنی پراکتیکی بدەینەوە.بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە لە دەستی ئێمەدایە ئەمساڵ بگۆڕین بۆ ساڵی ئازادیی  ڕاستەقینە بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەریتی دۆستایەتی و یەکگرتنی نێوان گەلان بونیاد بنێین. دەتوانین بە کۆتاییهێنان بە پارچەبوونی ئەتنیکی و ئاینی-مەزهەبی و پێکدادانی براکوژی و بە مسۆگەرکردنی یەکێتیی هەموو کولتوور و باوەڕە ئاینییەکان لەسەر بنەمای ئازادیی و برایەتی ئەمە پێکبهێنین.