شارپرێس:
لەناو هۆڵی پهرلهمانى عێراقدا، جارێکی دیکە ململانێیەکی توند لەنێوان دیدگای ناوەندگەرێتیو فیدراڵیزم سەریهەڵدایەوە، لێدوانەکانی پەرلەمانتار بهها ئهعرهجى سەبارەت بەپێگەی هەرێمی کوردستان، وەک پڕژاندنی ژەهرو تێپەڕاندنی هێڵە سورەکان لەلایەن فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە وەسفکرا.
فراکسیۆنی پارتی لەبەیاننامەیەکی تونددا ڕایگەیاند، "چیتر قبوڵناکەین هەرێمی کوردستانو دامەزراوە سەروەرییەکانی وەک پاشکۆ تەماشابکرێن، سەرۆک وەزیرانو وەزیرەکانی هەرێم، فەرمانبەری دەستی هەوهسی سیاسییە گۆڕاوەکان نین، بەڵکو نوێنەری شەرعیو دەستوریی گەلەکەیانن".
لهبهشێكى دیكهى پەیامەكهى فراكسیۆنى پارتیدا لهبهغدا ڕوو لەو لایەنانەیه کە وهكو خۆیان وتویانه، "هێشتا بەعەقڵییەتی پێش 2003 بیردەکەنەوە، دەبێت تێبگەن کە سەردەمی ناوەندگەرێتی چەوسێنەر بەبێ گەڕانەوە، کۆتاییهاتوە".
وهكو چاودێرانیش دهڵێن، ئەم دەستەواژەیەى فراكسیۆنى پارتى، ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە کورد بەهیچ جۆرێک ناگەڕێتەوە بۆ ژێر چەتری فەرمانو ئینزاری ناوەند کە پێشێلی مافە فیدراڵییەکانی بکات.
بەشێکی دیكهى ئەو گرژییە ڕوی دەمی لەسەرۆکایەتی پهرلهمانى عێراقه، پارتی بەڕاشکاوی، بێدەنگی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەکەمتەرخەمییەکی گەورە لەئاست پاراستنی دەستور دەبینێت، ئەمەش وهك ئاماژەیە بۆ درزێکی قووڵ لەناوخۆی دامەزراوەی یاسادانانی عێراق کە ڕەنگە کاربکاتەسەر هەماهەنگییەکانی داهاتوو.
بهبۆچونى شرۆڤهكاران، پهیامهكهى فراكسیۆنى پارتى تەنها وەڵامێکی سیاسیی نییە، بەڵکو نەخشەڕێگهیەکی نوێی مامەڵەکردنە لەگەڵ بەغدا، پەیامەکە کورتو پوختەو دهڵێت، "دەستور دادوەرە، هەرکەسێکیش نەتوانێت دەستور بخوێنێتەوە، باشترە واز لەسیاسەت بهێنێت پێشئەوەی وڵات توشی قەیرانێکی بێ گەڕانەوە بکات".
