شۆك له‌بازاڕى وزه‌.. قەتەر 20 ملیار دۆلار زیان‌و پێنج ساڵ باری نائاسایی ڕادەگەیەنێت

ئابوری

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1298 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری وزەی قەتەر هه‌واڵێكى شۆكهێنه‌رى له‌باره‌ى بازاڕى وزه‌وه‌ ئاشكراكردو ڕایگه‌یاند، "هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی وڵاتەکەم، گورزێکی کوشندەیان لەکەرتی غاز داوە، ئەو هێرشانە 17٪ی توانای هەناردەکردنی غازی سروشتی شلکراوە (LNG)یان پەکخستوە.


سەعد بن شەریدە کەعبی وەزیری وزەی قەتەر ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، "ئه‌وه‌ى ڕویداوه‌ ده‌كرێ به‌بومەلەرزەیەکی ئابوریی ناوببرێت‌و ناچاربوین باری نائاسایى باڵا ڕابگه‌یه‌نین بۆ ماوەی پێنج ساڵ، بەو واتایه‌ى قەتەر بەفەرمی دەستبەرداری بەشێک لەپابەندییە نێودەوڵەتییەکانی دەبێت بەرامبەر بەکڕیارە گەورەکانی وەک چین‌و ئیتاڵیا، چونکە زیانەکان ئەوەندە قووڵن کە چاککردنەوەیان پێویستی به‌ 3 بۆ 5 ساڵ هەیە".

به‌وته‌ى وه‌زیرى وزه‌ى قه‌ته‌ر، "بۆ هه‌ر ساڵێك 20 ملیار دۆلار زیان لەداهاتی نیشتمانی قەتەر ده‌كه‌وێت‌و پرۆسەی بونیادنانەوەش 3 بۆ 5 ساڵی پێویسته‌، سه‌رباریى زیانه‌كانى ئێمه‌، بازاڕەکانی کۆریای باشورو بەلجیکا-ش ڕوبەڕوی کورتهێنانی توندی وزە دەبنەوە".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "ئەم دۆخە نەک هەر ئابوریی قەتەر، بەڵکو ئاسایشی وزەی جیهانیش دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورەو پێشبینیدەکرێت، لەچەند ڕۆژی داهاتودا نرخی غاز لەبازاڕە جیهانییەکاندا بەشێوەیەکی خەیاڵی بەرزببێتەوە".