به‌هۆى 112 هێرشى موشه‌كى‌و درۆنیه‌وه‌ پێنج پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدبون‌و 20ى دیكه‌ش بریندارن

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1484 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو ئاشكرایده‌كات، تائێستا 112 هێرشی موشەکی‌و درۆنی لەلایەن سوپای پاسداران‌و هێزە میلیشیاکانی سەر بەئێران لەعێراق، كراونه‌ته‌سه‌ر پێگەی حزبەکانی ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان لەشارو شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.


ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو له‌ڕاپۆرتێكدا، ئاماری هێرشه‌كانی سوپای پاسدارانی ئێران‌و میلیشیاكانی سه‌ر به‌و وڵاته‌ی له‌عێراق بۆ سه‌ر پێگه‌ی حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌هه‌رێم ئاشكراكرد.

ڕێكخراوه‌كه‌ وتویه‌تی، "به‌گوێره‌ى ئامارەكان تائێستا 112 هێرشی موشەکی‌و درۆنی لەلایەن سوپای پاسداران‌و هێزە میلیشیاکانی سەر بەکۆماری ئیسلامیی ئێران لەعێراق بۆ سەر پێگەکانی حزبەکانی ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان لەشارەکانی سلێمانی، دوکان، کۆیە، دێگەڵە، بەحرکە، سۆران‌و خەبات تۆمارکراون".

هه‌نگاو وتوشیه‌تی، "لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا، باڵەخانەکانی شوێنی نیشتەجێبونی بنەماڵەکان، قوتابخانەکان، ناوەندە تەندروستییەکان‌و کتێبخانە کراونەتە ئامانج".

هه‌ر به‌گوێره‌ى ئامارەکانی هەنگاو، لەکۆی 112 هێرشی تۆمارکراو، زۆرترین ژمارەی هێرشەکان ڕویان لەکەمپەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوە، پارتی ئازادیی کوردستان (PAK)، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان‌و ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێرانیش به‌گوێره‌ى ڕیزبەندیی کراونەتە ئامانجی زۆرترین هێرشەکان.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا تا كۆتایی ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌، پێنج پێشمەرگە شه‌هیدبون‌و زیاتر لە 20 پێشمەرگەی دیکەش برینداربون کە باری تەندروستییان بەجێگیر ڕاگەیەندراوە".

به‌گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كه‌، ناسنامەی ئه‌و پێنج پێشمه‌رگه‌یه‌ی كه‌ شه‌هیدبون به‌مجۆره‌یه‌، (جەلال ڕەشیدی خەڵکی سەقز، خێزانداره‌و پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)ه‌و شوێنی شه‌هیدبونى هەولێر، ئیسماعیل ڕەحیمی خەڵکی سەقزه‌و سەڵته‌، پێشمەرگەی کۆمەڵەی کوردستانی ئێرانه‌، شوێنی شه‌هیدبونى سلێمانیه‌، ئومێد وەیسی خەڵکی ڕوانسەره‌ سەڵته‌و پێشمەرگەی کۆمەڵەی کوردستانی ئێرانه‌ له‌سلێمانی شه‌هید بوه‌، ئیقباڵ ساڵحی خەڵکی سەقزه‌و خێزانداره‌و پێشمەرگەی ڕێکخراوی خەباتی کوردستانه‌و له‌هەولێر شه‌هید بوه‌، فەخرەدین مورادی خەڵکی سنەیه‌و خێزانداره‌و پێشمەرگەی ڕێکخراوی خەباتی کوردستانه‌و له‌هەولێر شه‌هید بوه‌".