شارپرێس:
لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا كه لە20مین ڕۆژی گرژییە سەربازییە چڕەکان بڵاوکرایەوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، وەرچەرخانێکی گەورەی لەهاوکێشەی جەنگدا ڕاگەیاند، ناتانیاهۆ بەدەرکەوتنی لەبەردەم کامێراکان، نەک هەر دەنگۆی کوژرانی ڕەتکردەوە، بەڵکو ههواڵى تێکشکانی ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئێرانی بەگەلی ئیسرائیل ڕاگهیاند.
ناتانیاهۆ بەزمانێکی بڕیاردەرانە ڕایگەیاند، دوای سێ هەفتە لەهێرشی بەردەوام، تاران چیتر توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیو موشەکی بالیستی نەماوەو ئامانجە سەرەکییەکانی ئۆپەراسیۆنەکەش کە لەناوبردنی هەڕەشە ستراتیژییەکان بوو، بەدیهاتون.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەردەی لەسەر ستراتیژیی وڵاتەکەی لاداو ڕایگەیاند، "هێرشەکان تەنها بۆ پەکخستنی سوپا نەبوە، بەڵکو سێ ئامانجی ڕونیان هەبوو، ئهوانیش، بێ چەککردنی ئێران لەموشەکو بەرنامەی ئەتۆمیی، تەقاندنەوەی ناڕەزایەتییەکانو ڕەخساندنی زەمینە بۆ ڕوخانی ڕژێمو لێدانی سەرکردەکان".
ناتانیاهۆ ئاشکرایکرد، فەرمانی ڕاستەوخۆ دراوە بەمۆساد بۆ بەئامانجگرتنی فەرماندە باڵاکانی ئێران لەهەر شوێنێک بن.
لەبەشێکی دیكهى پەیامەکەیدا، ناتانیاهۆ هۆشداریدا لەهەوڵەکانی ئێران بۆ داخستنی گەروی هورمزو وتی، "ئەمە شەڕفرۆشتنە بەهەموو جیهان، ئیسرائیلو ئەمریکا بەیەکەوە کاردەکەن بۆ گەرەنتیکردنی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانو ڕێگریی لەهەر پەکخستنێکی بازرگانیی جیهانیی".
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای لەهاوڵاتیانی کرد لەپەناگەکاندا بمێننەوەو دانبەخۆدا بگرن، دڵنیاییشى پێدان کە ئەم دۆخە زۆر ناخایەنێت، ئهو وتى، "شەڕ زۆر لەوە خێراتر کۆتایی دێت کە خەڵک بیری لێدەکاتەوە".
