تەپڵى جەنگی ئەتۆمی لێدەدرێت.. هۆشداریی لەکارەساتێکی چەند دەیەیی ده‌درێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2050 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل‌و ئێران، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) هۆشداریده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، خۆیان بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە دەکەن، کە ئەویش ئەگەری ڕودانی هێرش یان تەقینەوەی ئەتۆمییە لەناوچەکەدا.


حەنا بەڵخی بەڕێوەبەری هەرێمیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلێدوانێکدا بۆ گۆڤاری پۆلیتیکۆ، نیگەرانییە قووڵەکانی خۆی دەربڕیوه‌و ڕایگەیاندوه‌، "خراپترین سیناریۆ ڕوداوێکی ئەتۆمییە، ئەمە ئەو بابەتەیە کە زۆرترین ترسی لای ئێمە دروستکردوە".

ئەو بەرپرسەی نەتەوەیەکگرتوەکان هۆشداریداوه‌، هەرچەندە ئەوان ئامادەکاریی بکەن، بەڵام هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگریی لەو زیانە گەورەیە بکات کە بەر ناوچەکەو جیهان دەکەوێت‌و کاریگەرییە تەندروستییەکانی بۆ چەندین دەیە بەردەوامدەبن.

ئەم هۆشدارییانە لەکاتێکدایە، (ئۆپەراسیۆنی توڕەیی داستان) کە لە 28ی شوباتەوە لەلایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە دەستیپێکردوە، بەردەوامی هەیە، پنتاگۆن دەڵێت، "ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە لەناوبردنی توانای ئێرانییە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی".

لەلایەکی دیكه‌شه‌وه‌، تولسی گابارد بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا، لەبەردەم سیناتدا ڕایگەیاند، هێرشەکان توانای پیتاندنی ئێرانیان سڕیوەتەوەو شوێنە ژێرزەمینییەکان بەچیمەنتۆ داخراون.

سەرەڕای جەختکردنەوەکانی تیمی سەربازیی، جەنگەکە ناڕەزایەتی ناوخۆیی لێکەوتوەتەوە، جۆو کێنت بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانی دژەتیرۆر، دەستی لەکارکێشایەوەو ڕایگەیاند، ویژدانی ڕێگەی پێنادات پشتگیریی جەنگێک بکات کە تێیدا ئێران هیچ مەترسییەکی کتوپڕو نزیکی بۆسەر ئەمریکا نەبوە.

هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ ڕەتیکردەوە ئیسرائیل پەنا بۆ چەکی ئەتۆمی ببات، بەڵام لێدوانەکانی دەیڤید ساکس، بەرپرسی باڵای ئیدارەی ترەمپ بۆ ژیری دەستکرد، کە باسی لەئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئیسرائیلەوە کردبوو، شەپۆلێکی گەورەی دڵەڕاوکێی لەسەر ئاستی جیهانی دروستکردوە.

لەئێستادا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی خەریکی ڕاهێنانەوەی کارمەندەکانیەتی لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ تیشکدانەوەو مەترسییە درێژخایەنەکانی ئەتۆم، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە جیهان لەهەموو کاتێک زیاتر لەلێواری کارەساتێکی بێوێنە نزیکبوەتەوە.