کۆتایی قۆناغی دوو ئیدارەیی.. سوپای سوریا بەرەو یەکگرتنی تەواوەتی لەگەڵ هەسەدە هەنگاو دەنێت

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1668 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەوەرچەرخانێکی مێژوییدا بۆ داهاتوی سیاسیی‌و سەربازیی سوریا، تیمی سەرۆکایەتی سوریا بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەم لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، نەخشەڕێگه‌یەکی نوێی بۆ قۆناغی دوای تێکەڵبونەوە ڕاگەیاند، ئەحمەد هیلالی وتەبێژی تیمەکە ده‌ڵێت، "چیتر کات بۆ قەوارەی هاوتەریب نەماوەو دەبێت هەموان لەژێر چەتری دەوڵەتدا کۆببنەوە".


ئەحمەد هیلالی وتى، "دوای تەواوبونی پڕۆسەی تێکەڵبون، هیچ دامەزراوەیەک له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌وڵه‌ت نامێنێت"، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئیدارەی خۆسەرو هێزەکانی ئاسایشى ڕۆژئاواى كوردستان هەڵدەوەشێنەوەو دەخرێنە ناو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی سوریاوە.

هیلالی ڕاستەوخۆ داوای لەئەفسەرو سەربازە کوردەکان کرد بگەڕێنەوە بۆ ناو سوپای سوریاو بەشداریی لەبونیادنانەوەی نیشتماندا بکەن، سەبارەت بەپرسی ژنانی شەڕڤانیش، وتى، "پێکهاتەی ئێستای سوپای سوریا چەکداریی مێینە لەخۆناگرێت، بەڵام دەرگای خۆبەخشی بۆ ژنان لەپۆلیسی ژنان لەژێر چەتری وەزارەتی ناوخۆدا کراوەیە".

وتەبێژی تیمی سەرۆکایەتی سوریا ئاشکرایکرد، ئەحمەد شەرع بەشەخسی چاودێری دۆسێی کورد دەکات‌و هەماهەنگی بەردەوامیش هەیە بۆ ئەوەی دەوڵەت بەندیخانەکان لەناوچەکانی هەسەدە وەربگرێتەوە، ئاوارەکانی سەرێکانیش، پڕۆسەی گەڕانەوەیان دوای تەواوبونی ڕێکارە پێویستەکان دەستپێدەکات،
کاریشدەکرێت بۆ ئاشکراکردنی چارەنوسی هەموو ئەوکەسانەی لەململانێکاندا ونبون‌و تائێستا بێسه‌روشوێنن.

سه‌باره‌ت به‌ڕوداوەکانی عەفرین‌و کۆبانێ، هیلالی هۆشداریدا بەو لایەنانەی کە هەوڵی خۆشکردنی ئاگری فیتنە دەدەن، ئه‌و وتى، "هێزە ئەمنییەکان دەستیانکردوە بەدەستگیرکردنی ئەوکەسانەی سوکایەتییان بەئاڵای دەوڵەت کردوەو ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەریان دەگیرێتەبەر".

ئەم لێدوانانە نیشانەی ئەوەن کە دیمەشق بەنیازە بەشێوەیەکی پلەبەندیی‌و لەڕێگەی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی‌و گەشەپێدانەوە، ناوچەی جزیرەی سوریا بگەڕێنێتەوە ناو بازنەی دەسەڵاتی ناوەندیی، بەمەرجێک مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراوبێت‌و هیچ هێزێکی چەکدار لەدەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت نەمێنێت.