17 سه‌ركرده‌ى دیارو چه‌كدارى حه‌شدى شه‌عبى كوژران

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2400 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەستەی حەشدی شەعبی ڕاگەیه‌نراوێکی لەبارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردوی سەر بارەگاکەیان لەئەنبار بڵاوکردوەتەوەو پشتڕاستیدەکاتەوە، سەعد داوی فەرماندەیان لەئەنبار لەگەڵ 14 چەکداری دیکەیان بەهۆی هێرشەکەوە کوژراون.


ڕاگه‌یه‌نراوێكى فه‌رمى حه‌شدى شه‌عبى ئاشكرایكردوه‌، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بارەگای ئۆپەراسیۆنەکانیان لەحەبانیەى سەر بەپارێزگای ئەنبار، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆردومانکراوه‌و چەندین بەرپرس‌و چەکداریشمان کوژراون.

دەستەی حەشدی شەعبی لەڕاگەیەنراوه‌كه‌یدا دەڵێت، "سەعد داوی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار لەحەشدی شەعبی‌و 14 چەکداری دیکەمان بەبۆردومانی ئەمریکا بۆسەر بارەگاکەمان گیانیان لەدەستدا".

زانیارییەکان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، لەبەغدا-ش فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بارەگایەکیان لەبەرزاییەکانی حەبانیە لەکاتی کۆبونەوەیەکی فەرمیدا بۆردومانکردوە، بەگوێرەی نوێترین زانیارییەکانیش 25 کەس لەو شوێنەدا بونە، هەم سەرکردەو هەم ئەوانەی یاوەری ئەو سەرکردانە بونە.

هەر بەگوێرەی ئەو زانیارییانە، ناسنامەی سەرکردەو چەکدارانی حەشدی شەعبی یەکلابونەتەوە، لەو بەرپرسانەی حەشدی شەعبی كه‌ به‌هۆى هێرشه‌كه‌وه‌ کوژراون ئه‌وانیش محەممەد فازڵ بەرپرسی ئاسایشی فەوجی حەشدی شەعبی‌و یاوەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبیشە، هه‌روه‌ها واسق فەرتوسی بەڕێوەبەری هەواڵگریی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنباری حەشدی شەعبیش بەئامانجگیراوە.