وەرگێڕان: د.حلمى ڕەسوڵ ڕەزا
لەگەڵ هەڵکشانی ڕوبەڕوبونەوەی ئەمریکی-ئیسرائیلی لەگەڵ ئێران، تیشک ناخرێتە سەر گەرووی هورمز تەنها وەک ڕێڕەوێکی زیندوو کە نزیکەی پێنجیەکی بازرگانیی وزەی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، بەڵکو دەگاتە پێکهاتە جوگرافییەکانی دەوروبەری، کە دوورگە ئێرانییەکان وەک تۆڕێکی کۆنترۆڵی فرە ئاست دەردەکەون و توانایەکی لێکدراو بە تاران دەبەخشن بۆ چاودێریکردن، ڕێگریکردن و ڕەنگە پەکخستنیش.
لەچەقی ئەم تۆڕەدا دوورگەی قشم وەک گەورەترین و کاریگەرترین دوورگە دەردەکەوێت، ئەمەش بەهۆی شوێنە نزیکەکەی لە بەندەر عەباس، کە وای لێدەکات ببێتە ناوەندێکی لۆجستی و سەربازیی پێشکەوتوو بۆ پاڵپشتیکردنی کردەوەکانی دابینکردنی خۆراک و پێداویستی، بڵاوەپێکردنی توانای موشەکی، بەلەمە خێراکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان. لە تەنیشت ئەویش، دوورگەی لارک خاڵێکی چاودێریی ڕاستەوخۆ بۆ ڕێڕەوە دەریاوانییەکان پێکدەهێنێت، کە کەشتییەکان لە نزیکییەوە تێپەڕ دەبن، لە کاتێکدا دوورگەی هورمز سەرەڕای کەمیی ڕووبەرەکەی، سەرپەرشتییەکی یەکلاکەرەوە بەسەر دەروازەی گەرووەکەدا دەبەخشێت، کە ڕێگە دەدات بە بڵاوەپێکردنی سیستەمەکانی ڕادار و چاودێریی کارا.
ئەم سیستەمە لەلایەن دوورگەکانی ترەوە تەواو دەکرێت کە خاوەنی رۆڵى جیاوازن، وەک دوورگەی کیش کە ئەرکی ئابوری و پاڵپشتیی دەریایی کۆدەکاتەوە، جگە لە دوورگەکانی ئەبو موسا، تەنبی گەورە و تەنبی بچووک کە لە ڕۆژئاوای گەرووەکە هەڵکەوتوون، و مەودای چاودێریی ئێران بەرەو هێڵە دەریاوانییەکان کە لە کەنداوەوە دێن فراوانتر دەکەن، سەرەڕای ئەوەی جێگەی ململانێی ناوچەیین.
گرنگییەکە تەنها لەسەر ئەو دوورگانە نییە کە لە گەرووەکە نزیکن، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ قوڵایی کەنداو، کە تێیدا دوورگەی خارگ ناوەندێکی زیندوو بۆ هەناردەکردنی نەوتی ئێران نوێنەرایەتی دەکات، لە کاتێکدا دوورگەی لاوان و دوورگەی سیری بە ژێرخانی کەرتی وزەوە بەستراونەتەوە، ئەمەش توانای ئێران بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی و چاودێریکردنی چالاکییە دەریاییەکان لە یەک کاتدا بەهێز دەکات.
خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم دوورگانە بە جیا کار ناکەن، بەڵکو لە چوارچێوەی سیستەمێکی دەریایی دووفاقیدان؛ یەکێکیان نەریتییە و سەر بە سوپای ئێرانە و لە ئاوە کراوەکاندا دەجوڵێت، ئەوی تریان نانەریتییە و لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لەناو کەنداودا بەڕێوەدەبرێت، کە پشت بە تاکتیکی خێرا و نەرم دەبەستێت و بەلەمە هێرشبەرەکان، چاندنی مین و بڵاوەپێکردنی موشەکی دەگرێتەوە.
لەو ڕوانگەیەوە، دوورگەی قشم وەک "گرێکوێرەی سەرەکی" لەم تۆڕەدا دەردەکەوێت، بەڵام کاریگەرییەکەی جیا نابێتەوە لە دوورگەکانی تر کە پێکەوە قەڵغانێکی جوگرافی-سەربازی لە دەوروبەری گەرووی هورمز پێکدەهێنن. هەر ئەمەش هۆکاری چڕبوونەوەی مشتومڕەکانە لەناو ناوەندە سەربازییەکانی ئەمریکادا سەبارەت بە سوود و کاریگەریی بە ئامانجگرتنی ئەم دوورگانە یان کۆنترۆڵکردنیان، لە بەرامبەر تێگەیشتنێکی ڕو لە زیادبوون کە هەر جوڵەیەک لەو شێوەیە ڕووبەڕووی سیستەمێکی بەرگریی ئاڵۆز دەبێتەوە، کە جەنگی گەرووەکە زۆر ئاڵۆزتر دەکات لە تەنها کۆنترۆڵکردنی یەک خاڵی جوگرافی.
داتاكان ئەوە نیشان دەدەن کە ئێران کاری کردووە بۆ گۆڕینی دوورگەکە بۆ خاڵێکی جێگیربوونی سەربازیی پێشکەوتوو، لە ڕێگەی بڵاوەپێکردنی سیستەمی موشەکیی دژە کەشتی، بەلەمی خێرا و توانای چاندنی مین، لەگەڵ پەرەپێدانی ژێرخانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و ڕادارەکان. ئەم پێگەیە توانای ئەوە دەداتە تاران کە بەشێکی فراوان لە گەرووەکە بخاتە ژێر ئاگری چەکەکانییەوە، و ڕۆڵی قشم وەک سەکۆیەکی چاودێری و کۆنترۆڵکردن بەسەر جوڵەی دەریاوانیدا بەهێزتر دەکات.
لە بەرامبەردا، ئەم واقیعە چەندین پرسیار لە ناوەندە سەربازییەکاندا دەورووژێنێت سەبارەت بە ئەگەری بە ئامانجگرتنی دوورگەکە یان تەنانەت کۆنترۆڵکردنی لە چوارچێوەی هەر سیناریۆیەکی هەڵکشانی فراوانتردا. سەرەڕای باسەکان لەبارەی بەهێزکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، لەنێویاندا هێزە وشکاوەکییەکان (ئەمفیبی)، بەڵام هەر ئۆپەراسیۆنێکی ئەگەری دژی قشم ڕووبەڕووی ئاڵینگارى ئاڵۆز دەبێتەوە، کە پەیوەندییان بە سروشتی جوگرافیی دوورگەکە، چڕی دانیشتووانەکەی، و بارودۆخی سەختی کەشوهەواوە هەیە، جگە لە جێگیربوونی لەناو ژینگەیەکی ئاگریندا کە لەلایەن ئێرانەوە پارێزراوە.
بەڵام چاودێران پێیان وایە کۆنترۆڵکردنی دوورگەکە مەرج نییە بە واتای یەکلاکردنەوەی جەنگ بێت لە گەرووی هورمزدا، بەڵکو ڕەنگە وەرچەرخانێکی جۆریی بێت لە هاوسەنگیی کۆنترۆڵی مەیدانی (ئۆپەراسیۆنی)، بەتایبەت لەبەر تیشکی پشت بەستنی تاران پێی وەک یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی جێگیربوون لەستراتیژیی بەرگرییو هێرشبەرییدا. لە کاتێکدا کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی بەسەریدا کارێکی ئاڵۆز و تێچووی زۆرە، بەڵام ڕۆڵە ڕوو لەگەشەکەی ڕەنگدانەوەی گۆڕانی دوورگەکانی دەوروبەری گەرووەکەیە لە خاڵە جوگرافییە لاوەکییەکانەوە بۆ کلیلە یەکلاکەرەوەکان لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەگەریدا.
