شارپرێس:
بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاندوە، كە موچەی مانگی 4 ی فەرمانبەران لەعێراق و هەرێم لەوادەی خۆیدا دابەشدەکرێت و هیچ گرفتێكی لەبەردەمدا نییە.
ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەڕونكردنەوەیەكی هاوبەشدا لەگەڵ د. غالب محەمەد ڕایگەیاندوە، لەمیانەی سەردانەکانمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێم، لەوەزارەتی دارایی عێراق سەردانی سەوسەن خزەیر خەڵەف، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراقمان کرد.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارانە، بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری دڵنیایی داوەو ڕایگەیاندوە، كەموچەی مانگی 4ی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێم لەوادەی خۆیدا دابەشدەکرێت و هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نابێت.
ئەوەشیان خستوەتەڕوو، سەبارەت بەوەی هەندێک فەرمانبەر لەهەرێم کە (هەژماری من) یان پڕ نەکردوەتەوەو موچەکانیان وەستێندراوە بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری وتویەتی، بەهۆی پرنەکردنەوەی ئەو هەژمارەوە کەس ناتوانێت موچەی فەرمانبەر ببڕێت و جەختیشی كردۆتەوە، "چارەسەری کێشەی فەرمانبەرانی هەرێم تەوتین کردنیانە".
هاوکات لەسەر مووچەی 12 مانگی خانەنشینان ئەو بەڕێوەبەرەی وەزارەتی دارایی عێراق باسیلەوەكردوە، كە تائێستا ئەو پارەیە تەمویل نەکراوە.
لەسەر ناردنی داهاتی ناوخۆی هەرێمیش ئاشکرایکردوە، بڕیاری حکومەتی عێراقی دەبێت مانگانە هەرێم 120 ملیار دینار بنێرن وەک داهاتی ناوخۆ و ئەوەی ئەم مانگە ڕویداوە چەند بەهانەیەک بوە کە هەرێم هێناویەتیەوە، دەبێت لەمانگەکانی داهاتوو 120 ملیار بنێرن.
