شارپرێس:
کەناڵی سی بی ئێس نیوز ڕۆژی دووشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە پەیوەندی نێوان واشنتۆن و تاران بەردەوامە و ئیسلام ئاباد چاوەڕوانی وەڵامی هەردوولایە.
تۆڕەکە لە زاری بەرپرسانەوە بڵاویکردەوە، پێشکەوتن بەرەو گەیشتن بە ڕێککەوتن بەدی دەکرێت.
هەروەها تۆڕەکە لە زاری بەرپرسێکی حکومەتی پاکستانەوە ڕایگەیاندووە، "ئێمە چالاکانە لەگەڵ واشنتۆن و تاران پەیوەندی دەکەین بۆ ئەوەی داوایان لێبکەین بەزووترین کات گفتوگۆ دەستپێبکەنەوە".
ئەو بەرپرسە پاکستانییە دەڵێت: وڵاتەکەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕکردووەتەوە بۆ گەڕانەوەی تاران و واشنتۆن بۆ سەر مێزی دانوستان.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس وردەکاریی دانوستانەکانی پاکستانی ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە تیمی دانوستانکاری ئێران پێشنیاری چاودێریکردنی پیتاندنی یۆرانیۆمی کردووە لەبری ئەوەی بە تەواوی ڕابگیرێت.
ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ڕایگەیاندووە، ئەمریکا پێشنیاری کردووە کە ئێران ڕازی بێت بە ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ لە میانی دانوستانەکانی کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە ئیسلام ئاباد.