شارپرێس:
لەگەڵ نزیکبونەوەی کاتژمێری سفر، واشنتۆن خۆی لەبەردەم
گەورەترین تاقیکردنەوەی دەستوریدا دەبینێتەوە، تەنها چەند ڕۆژێکی کەم ماوە بۆ کۆتاییهاتنی
مۆڵەتی 60 ڕۆژەی یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگ کە تێیدا سەرۆک دۆناڵد ترەمپ ڕوبەڕوی
گوشارێکی توندی کۆنگرێس دەبێتەوە سەبارەت بەبەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان
دژی ئێران بەبێ مۆڵەتی یاسایی ڕاشکاو.
کێشە دەستورییەکە.. مۆڵەتێک بەرەو کۆتایی دەچێت
بهگوێرهى یاسای ساڵی 1973 کە لەدوای جەنگی ڤێتنامەوە
دەرچوە، هەر بەکارهێنانێکی هێز لەلایەن سەرۆکەوە دەبێت دوای 60 ڕۆژ بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی
ڕابگیرێت ئەگەر کۆنگرێس ڕەزامەندی لەسەرنەدات، ترەمپ کە ڕاپۆرتی سەرەتایی لە 2ی
ئاداری 2026 پێشکەشکردوە، ئێستا لەبەردەم دوو ڕێکەوتی یەکلاکەرەوەدایە، یهكهمیان
29ی نیسانو 1ى ئایارى ئهمساڵه کە تێیدا شەرعییەتی یاسایی جەنگەکە دەکەوێتە ژێر
پرسیارەوە.
کارەساتی مرۆییو جوڵەی دیموکراتەکان
ئەوەی دۆخەکەی ئاڵۆزترکردوە، ڕاپۆرتەکانی نیویۆرک
تایمز-ە سەبارەت بەهەڵەیەکی کوشندەی سەربازیی لە28ی شوباتی ڕابردوو، کاتێک موشەکێکی
تۆماهۆک قوتابخانەیەکی لەئێران پێکاو بوە هۆی کوژرانی 170 کەس.
ئەم ڕوداوە بوە چەکێکی بەهێز لەدەستی نەیارانی
جەنگ، یاسمین ئەنساری ئەندامی دیموکراتی کۆنگرێس کە بەڕەچەڵەک ئێرانییە، پێشەنگی
جوڵەیەکی توند دەکات بۆ لادانی بیت هیگسێس وەزیری بەرگریی، ئەنساری دەڵێت، "تەنها
کۆنگرێس دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی جەنگی هەیە، ئەم ڕەفتارانە پێویستی بەلادانی دەستبەجێی
وەزیر هەیە".
ستراتیژیی ترەمپ.. دەربازبون لەیاسا
شارەزایان پێیانوایە، ئیدارەی ترەمپ چەند ڕێگەیەک
دەگرێتەبەر بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، یهكێكیان تێپەڕاندنی چەمکی کردەوەی
دوژمنکارانەیه، وەک چۆن ئۆباما لەلیبیا لهساڵى 2011 ئەنجامیدا، ترەمپ دەتوانێت
بانگەشەی ئەوەبکات کە ئۆپەراسیۆنەکان نەگەیشتونەتە ئاستی جەنگی گشتگیر، دوهمیش تەحەدای
دەستوریه، لهو ڕوهشهوه جی دی فانس جێگری سەرۆک، پێشتر ئاماژەی بەوەکردوە، یاسای
دەسەڵاتەکانی جەنگ یاسایەکی شکڵیو نادەستورییە، سێیهم ئاگربەستی کاتیه، بەکارهێنانی
ئاگربەستە کاتییەکان بۆ سفرکردنەوەی کاتی مۆڵەتە یاساییەکە.
کۆنگرێس لەنێوان حزبایەتیو هەڵبژاردندا
هەرچەندە دیموکراتەکان هەوڵی سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی
سەرۆک دەدەن، بەڵام زۆرینەی کۆماری لەئەنجومەنی نوێنەران (وەک لەدەنگدانی 16ی نیسان
دەرکەوت) هێشتا وەک قەڵغانێک بۆ ترەمپ ماونەتەوە، بەڵام ئەم پشتگیرییە بێ سنور نییە؛
نزیکبونەوەی هەڵبژاردنەکانی تشرینی دوەمی 2026و ترسی نوێنەران لەتێچوی زۆری جەنگو
ناڕەزایەتی دەنگدەران، لەوانەیە هاوسەنگییەکە لەساتە کۆتاییەکاندا بگۆڕێت.
چاودێران پرسیار دهكهنو دهڵێن، ئایا واشنتۆن
بەرەو قەیرانێکی دەستوریی دەچێت کە تێیدا سوپا لەنێوان فەرمانی سەرۆکو یاسای کۆنگرێسدا
بێت؟ ڕۆژانی داهاتوو دەیسەلمێننو وهڵامدهدهنهوه کە ئایا سیستەمی هاوسەنگیی ئەمریکی،
دەتوانێت ڕێگریی لەجەنگێکی بێ کۆتایی بگرێت، یان كۆشكى سپی دەتوانێت جارێکی دیكه
بەسەر یاساکاندا بازبدات.
