ڕێککەوتنێکی چاوەڕواننەکراو لەئیسرائیل ڕویداو بێنێت‌و لاپید یەکیانگرت

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2056 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکی کتوپڕدا کە پێشبینیدەکرێت نەخشەی سیاسیی ئیسرائیل بگۆڕێت، نەفتالی بێنێت سەرۆک وەزیرانی پێشوی ئیسرائیل‌و یائیر لاپید سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنى ئه‌و وڵاته‌، ڕێککەوتنی خۆیان بۆ یەکخستنی پارتەکانیان‌و پێکهێنانی قەوارەیەکی سیاسیی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ڕاگەیاند.


بەگوێرەی ڕێککەوتنە بەراییەکە، پارتە نوێیەکە لەئەنجامی یەکگرتنی پارتی (یش عەتید ـ لاپیدو پارتی بێنێت 2026) پێکدێت، بێنێت لەپەیامێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەم هەنگاوە سەرەتای ڕێگه‌یەکە بۆ چاکسازیی لەئیسرائیل‌و ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بەناکۆکییە ناوخۆییەکان‌و بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەو بەرەیەی کە بەبەرەی گۆڕانکاریی ناوی دەبەن.

لەچوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتییەدا، نەفتالی بێنێت سەرۆکایەتی لیستە یەکگرتوەکە دەکات‌و یائیر لاپید لەپلەی دوەمی لیستەکەدا دەبێت، هاوکات بڕیارە گادی ئایزنکۆت سوپاسالاری پێشوی ئیسرائیلیش بانگهێشتبکرێت بۆ ئەوەی لەقۆناغی داهاتودا پەیوەندیی بەم هاوپەیمانێتییەوە بکات.

ئەم هەواڵە دەنگدانەوەی خێرای لەناوەندە سیاسییەکانی ئیسرائیل لێکەوتەوە، میکی زۆهار وەزیری کلتور (لەپارتی لکود)، ڕەخنەیگرت‌و ڕایگەیاند کە ئەم یەکگرتنە نەبونی ئایدۆلۆژیا دەسەلمێنێت.

هەروەها بتسەلیل سمۆتریچ وەزیری دارایی بەهاوپەیمانێتییەکی بێ ناسنامە ناوی برد، به‌ڵام یائیر گۆلان سەرۆکی پارتی دیموکراتەکان، پێشوازیی لەهەنگاوەکە کردو بەهۆکارێک بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی ئۆپۆزسیۆندایە قەڵەم، ئایزنکۆتیش پشتگیریی خۆی بۆ ئامانجەکانی هاوپەیمانێتییەکە دەربڕیی.

چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە، ئەم یەکگرتنە ڕکابەرییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو توندتر دەکات‌و دەبێتە فشارێکی گەورە بۆسەر پارتە باڵادەستەکانی ئێستای دەسەڵات لەئیسرائیل.