شارپرێس:
سیناتۆری کۆماری لیندسی گراهام پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ بڕیارەکەی سهرۆكى وڵاتهكهى دەربڕی سەبارەت بەهەڵوەشاندنەوەی گەشتی ستیڤ ویتکۆفو جارید کۆشنەر بۆ پاكستان کە مەبەست لێی کۆبونەوە بوو لەگەڵ نوێنەرانی ئێران، وەسفی بڕیارەکەی بەزۆر ژیرانە کرد، زانیارییهكى گرنگو ههستیاریشى لهبارهى بڕیارێكى ئهمریكا سهبارهت بهگهروى هورمز ئاشكراكرد.
گراهام لەڕێگەی هەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێكس ڕایگەیاند، ترەمپ هەموو هەوڵێکی خۆیداوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی، تەنانەت لەڕێگەی درێژکردنەوەی ئاگربەستیشەوە، بەڵام وەڵامی تاران تەنها "زیادکردنی هێرشەکان بوو بۆ سەر کەشتیوانی نێودەوڵەتیو تێکدانی سەقامگیریی".
ئەو سیناتۆرەى کۆمارییەکان جەختیکردەوە، پێویستە ستراتیژیی وڵاتەکەی بەرەو فشارێکی توندتر بڕوات، ئهو وتی:"با بەردەوامبین لەگەمارۆدان، کردنەوەی گەروی هورمزو دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ئەگەر پێویست بکات".
گراهام ئاماژەی بەوەشکرد، "ئامانجی سەرەکی دەبێت ئەوەبێت کە دڵنیابینەوە لەوەی ئێران هەرگیز نەگەڕێتەوە سەر ڕەفتارە کۆنەکانی خۆی، پێموایە کۆنترۆڵکردنی گەروی هورمز لەلایەن ئەمریکاوە لەئێستادا لەپێشینەی کارەکانە".
ئەم لێدوانانەی گراهام دوای ئەوەدێت کە دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، گەشتی نوێنەرە تایبەتەکانی ئهمریكاى بۆ پاکستان هەڵوەشاندوەتەوە، چونکە نەیویستوە وەفدەکەی 18 کاتژمێر بەفڕۆکە ببڕن تەنها بۆ دانیشتنو قسەکردن لەسەر هیچ.
