شارپرێس:
لەکاتێکدا ئەمریکاو جیهان چاوەڕێی ململانێی سندوقەکانی دەنگدان دەکەن، دیمەنی سیاسیی ئەمریکا بەرەو ئاراستەیەکی خوێناویو پڕ لەمەترسی وەرچەرخاوە، دۆناڵد ترەمپ کە ئێستا وەک سەرزیندویەکی ڕوداوەکان دەبینرێت، لەماوەی کەمتر لەدوو ساڵدا چەندینجار لەمەرگ گەڕاوەتەوە، لەخوێنی سەر گوێیەکانی لەپەنسلڤانیاوە تادەگاتە هێرشە دراماتیکییەکەی شەوی ڕابردوی ناوجەرگەی واشنتۆن.
هۆتێل هیلتۆن.. مێژوو خۆی دوبارە دەکاتەوە
شەوی ڕابردوو، هۆتێل (هیلتۆن واشنتۆن) تەنها شوێنی نانی ئێوارەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی نەبوو، بەڵکو بوەوە بەگۆڕەپانی ململانێی نێوان "ئاسایشو تیرۆر"، تەنها چەند مەترێک دور لەو شوێنەی کە لەساڵی 1981دا ڕۆناڵد ڕیگان تەقەی لێکرا، چەکدارێک هەوڵیدا مێژوو بەخوێن بنوسێتەوە.
هەرچەندە دەزگای نهێنی (Secret Service) بەخێراییەکی بێوێنە هێرشبەرەکەیان کۆنترۆڵکرد، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدا دەستپێدەکات: ئایا ترەمپ لەناو قەڵایەکی ئەمنیی پۆڵاییندایە یان لەناو بازنەیەکی سوری مەترسیدار؟
لەبەتلەرەوە بۆ مارالاگۆ.. زنجیرەیەک لەتۆقاندن
کاروانی سیاسیی ترەمپ لەساڵی 2024وه بوەتە گەشتێک لەنێوان گولـلەو پلانە داڕێژراوەکاندا، هێرشەکەی تەمموزی 2024 کە وەک موعجیزەیەک وەسفدەکرێت، کاتێک تەنها جوڵەیەکی کەمی سەر، ژیانی ترەمپی لەفیشەکێکی نیشانەشکێن ڕزگارکرد، ههروهها پلانی یانەی گۆڵف کە دەریخست نەیارانی ترەمپ ئامادەن بۆ چەندین مانگ لەناو دارستانەکاندا چاوەڕێی ساتێکی کەمترخەمیی ئەمنی بکەن، هێرشی مارالاگۆى ئهمساڵ، كاتێك نیشانەو پەیامێکی ڕونبوو کە تەنانەت "ماڵو پەناگە تایبەتەکان"یش چیتر پارێزراونین.
ئەمریکا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدا
ئەم هێرشانە تەنها سەرۆکێکی پێشوو یان کاندیدێکی هەڵبژاردن ناکەنە ئامانج، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر سەقامگیریی کۆمەڵایەتیو سیاسیی ویلایەتەیەکگرتوەکان، چاودێران پێیانوایە، توندوتیژیی سیاسی گەیشتوەتە ئاستێک کە سندوقی دەنگدان خەریکە جێگەی خۆی بۆ چەکو تەقەمەنی چۆڵدەکات.
دۆناڵد ترەمپ، کە ئێستا بەیەکێک لەپارێزراوترین کەسایەتییەکانی جیهان دادەنرێت، هێشتا لەژێر سێبەری هەڕەشەدا دەژی، ئایا ئەم ڕوداوانە دەبنە هۆی بەهێزتربونی پێگەی جەماوەریی ئەو وەک قوربانییەک، یان ئەمریکا بەرەو قۆناغێکی نادیارتر لەئاڵۆزیی دەبات؟ ئەوەی ڕونە، مێژوی نوێی ئەمریکا چیتر تەنها بهمهرهكهب نانوسرێتەوە، بەڵکو بەدەنگی تەقەو هەوڵە سەرنەگرتوەکانی تیرۆر تێکەڵ بوە.
