عێراق لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەختدایه‌.. ئەگەر 15 ڕۆژەکە تێپەڕیی‌و سەرۆک وەزیران دیارینەکرا چی ڕوودەدات؟

عیراق

15 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3019 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا چرکەژمێرەکانی تەمەنی دەستوری بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەرەو کۆتایی هەنگاو دەنێن، کایەی سیاسی عێراق ڕوبەڕوی بنبەستێکی یاسایی مەترسیدار دەبێتەوە، مادەی 76ی دەستور کە وەک نەخشەڕێگه‌ی پێکهێنانی حکومەت دادەنرێت، لەخاڵێکی هەستیاردا بێدەنگی هەڵبژاردوە، ئەمەش دەرگای بۆ کۆمەڵێک سیناریۆی کراوەو مشتومڕی یاسایی قوڵ واڵاکردوە، شاره‌زایه‌كى یاسایی‌و هاوكات ڕاوێژكارى پێشوى سه‌رۆك كۆمار زانیاریى گرنگ له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات.


هاوڕێ تۆفیق، شارەزای یاسایی‌و هاوكات ڕاوێژكارى پێشوى سه‌رۆك كۆمار تیشكدەخاتەسەر ئەو بۆشاییە گەورەیەی کە لەدەستوردا هەیە، به‌گوێره‌ى بڕگەی یەکەمی مادەی 76، سەرۆک کۆمار دەبێت لەماوەی 15 ڕۆژدا لەدوای هەڵبژاردنی، کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن ڕابسپێرێت، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدایە، ئەگەر کوتلەی گەورە لەو ماوەیەدا نەگەیشتنە ڕێککەوتن‌و ناویان پێشکەشنەکرد، چی دەبێت؟.

ئەو شارەزا یاساییە وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ش ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت، "دەستور لەم خاڵەدا هیچ سیناریۆیەکی جێگرەوەی دیارینەکردوە، ئەمەش وایکردوە لایەنەکان لەبەردەم لێڵییەکی یاساییدابن کە ڕەنگە وڵات بەرەو ئیفلیجی سیاسیی بەرێت".

یەکێک لەخاڵە هەرە مشتومڕاوییەکان، دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمارە لەحاڵەتی شکستی کوتلەی گەورەدا، بۆ ئه‌وه‌ش هاوڕێ تۆفیق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "دەستور لەبڕگەکانی دیكه‌ى هەمان مادەدا، باسی لەوەکردوە کە ئەگەر کاندیدەکە شکستیهێنا، سەرۆک کۆمار کاندیدێکی دیكه‌ ڕادەسپێرێت، بەڵام ڕونی نەکردوه‌تەوە کە ئایا ئەو کاندیدە نوێیەش دەبێت هەر لەناو کوتلەی گەورەبێت، یان سەرۆک کۆمار ئازادە لەدەرەوەی هاوکێشە باوەکان کەسێک دیاریبکات؟".

بۆچونیشى وایه‌، ئەم ناڕونییە وادەکات پارسەنگی هێز لەنێوان پەرلەمان‌و سەرۆکایەتی کۆماردا بکەوێتە ناو ململانێیەکی یاسایی توندەوە.

بەوپێیەی دەستور بێدەنگە، چاوەکان چونەتەسەر دادگای فیدراڵیی، هاوڕێ تۆفیق جەختدەکاتەوە، تاکە دەرچە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، پەنابردنی سەرۆک کۆمارە بۆ دادگا تاوەکو تەفسیری دەستوریی بۆ مادەی 76 بکات.

وه‌كو ئه‌و ده‌ڵێت، "بەکورتی‌و كوردى، عێراق تەنها لەبەردەم کێشەیەکی سیاسییدا نییە، بەڵکو لەبەردەم تاقیکردنەوەی بنەماکانی دەوڵەتداریی‌و سەروەریی یاسادایە، ئایا دادگای فیدراڵی دەتوانێت بەلێکدانەوەیەکی نوێ، گرێکوێرەی 15 ڕۆژەکە بکاتەوە، یان وڵات بەرەو قۆناغێکی نادیار لەبۆشایی دەسەڵات هەنگاو دەنێت؟".