شارپرێس:
لەکاتێکدا بیابانەکانی ئەنبار هێشتا شوێنپێی پاشماوەکانی داعشیان تێدا ماوە، هەواڵی بڕینی پەیوەندییە سەربازییو ههواڵگرییهكانى ئەمریکا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق، وەک بروسکەیەک ناوچەکەی هەژاند، چاودێرانیش دهڵێن، ئەم بڕیارە تەنها ڕێکارێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ستراتیژیی قووڵە کە هەڕەشە لەسەقامگیرییەکی ماوهیهكى زۆر بەدەستهاتوو دەکات.
ساردبونەوەی ژورە تاریکەکانی هەواڵگریی
بهگوێرهى سەرچاوە ئەمنییە باڵاکان، هاوپەیمانان بەفەرمی وەزارەتی بەرگرییو هەواڵگریی عێراقیان ئاگادارکردوەتەوە لەهەڵپەساردنی هەماهەنگیو پشتگیرییەکانیان، ئەمە بەو مانایەیە کە ئەو چاوە ئاسمانییانەی کە جموجۆڵی تیرۆریستانیان لەبیابانەکاندا دەگواستەوە، ئێستا کوێر بون، پسپۆڕانی سەربازیی هۆشداریدەدەن کە دابڕانی ههواڵگریى دەبێتە هۆی دروستبونی کەلێنێکی گەورە کە ڕەنگە داعش بۆ خۆڕێکخستنەوە بەکاریبهێنێت.
شەلەل لەئاسمانو زەویدا
تەنها هەواڵگری نییە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی شەلەلبونی پشتگیریی لۆجیستی بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی عێراقو ڕاگرتنی خولە مەشقو ڕاهێنانەکان، فڕۆکە جەنگییەکان کە ڕۆحی بەرگریی ئاسمانی عێراقن، بەبێ پار پارچەی یەدەگو چاککردنەوەی ئەمریکی، لەمەترسی لەکارکەوتندان.
گوشاری سیاسیی یان پاراستنی بەرژەوەندیی؟
ئەم هەنگاوە کتوپڕەی واشنتۆن وەک ئامرازێکی گوشار دەبینرێت، بهگوێرهى سەرچاوەکان، ئەمریکا دەیەوێت بەمکارە بەغدا ناچاربکات هەنگاوی جددی بنێت بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ کە بتوانێت مامەڵە لەگەڵ دۆخە نێودەوڵەتییەکاندا بکاتو کۆنترۆڵکردنی ئەو گروپە چەکدارانەی کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناوچەکە دەکەنە ئامانج، ههروهها دیاریکردنی ناسنامەی ستراتیژیی عێراق لەنێوان ململانێکانی تارانو واشنتۆندا.
ئەنبار لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدا
خەڵکی ئەنبارو فەرماندە ئەمنییە ناوخۆییەکان بەنیگەرانییەوە سەیری ئاسۆی داهاتوو دەکەن، نەبونی پاڵپشتی ئەمریکی تەنها کێشەیەکی سەربازیی نییە، بەڵکو سەقامگیریی داراییو ئابوریشی گرتوەتەوە، بەتایبەت دوای ڕاگرتنی گەیشتنی بارە دۆلارەکان بۆ بانکەکانی عێراق.
ئێستا عێراق لەبەردەم دوڕیانێکی مێژوییدایە؛ یان دەبێت بەتەواوی پشت بەتواناکانی خۆی ببەستێت بۆ پاراستنی سنورەکانی ئەنبار، یان دەبێت ڕێگەیەک بۆ ئاشتکردنەوەی واشنتۆن بدۆزێتەوە پێشئەوەی درزی نێوانیان ببێتە دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی تیرۆر.
